سەربەخۆیی و هەڵوێستێک

25/09/2018

پشکۆ نەجمەدین


من وەکوو هەر تاکێکی دیکەی کورد، سەربەخۆییی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ، ویست و ئامانجێکی لەمێژینەم بوونە. ساڵێک پێش ئێستا، مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی پارتیی دیموکراتی کوردستان، لە ڕووی فشاری هەموو دونیادا وەستایەوە و لەسەر ئەنجامدانی پرۆسەی ڕاپرسی مکوڕ بوو! من ئەو هەڵویستەی بارزانیم پێ گرنگ و جوامێرانە بوو! ئێستا، پاش ساڵێک و لە هەمان ڕۆژدا، چاوەڕێی هەڵویستێکی دیکەم لە بارزانی دەکرد، وەک ئەوەی لە ئاخاوتە و بانگەشەکانیدا، بڵێت:
ئێراقێک کە هەرگیز تروسکەیەکی بۆ میللەتی کورد تێدا نەبووە، ئێمە هیچ بەربژێرێکمان بۆ پۆستی سەرککۆمارەکەی نابێت! هیچ سەرکردە و کادرێکی حیزبی من، ناکرێت سەرۆکی وەڵاتێک بێت، کە سەرچاوەی ئەنفال و کۆمەڵکوژیی خەڵکی کوردستانە! لەبەر ڕۆشناییی ئەوەی کە هیچ سەرۆکێکی ئێراق، بە جەنابی مامجەلالیشەوە، نەیتوانی گرێیەکی کێشەی کورد، لە ئێراقی "فیدراڵ"دا، بکاتەوە! ئێمە سەرۆکی ئێراقمان نەگەرەکە! ئەگەر وەهای کردبا، خزمەتێکی گەورەی بە بیری سەربەخۆییخوازیی کورد دەکرد! قسە و دروشم و کردار یەکیان دەگرت. ئەو وەهای نەکرد!

پشکۆ نەجمەدین

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی