کاندید و پەرلەمان

26/09/2018

سەردار عەزیز


چەمکی کاندید کوردی نیە، بەڵام کوردێنراوە. ئەم پرۆسەی کورداندنە، تەنها لە ئاستی فیلۆلۆجیدا نیە، بەڵکو ئاستی سیاسی و دەزگایی و کۆمەڵایەتیشی هەیە. دیارە ئاساییە کاتێک وشەیەک یان چەمکێک لە زمانێکەوە دەگوێزرێتەوە بۆ زمانێکی تر لە رووی ووتن و تەنانەت ڕێنوسەوە دەستکاری بکرێت. وشەی کاندیدات کە وشە ڕەسەنەکەی کاندیدە، بۆ ووتن قورسە. بەڵام کاندید ووتنی ئاسانتر و سوککترە. 
کاندید خۆپاڵاوتنی کەسێکە لە میانەی هێزێکی سیاسی، لە ناو سیستەمێکی سیاسی، بە ڕێگای سیستەمێکی هەڵبژاردن، بەڵام لە سەروی هەمویەوە لە هەناو کەلتورێکی تایبەتدا. کاندیدبوون لە دیدی کەسەکەوە، لە دیدی خەڵکەوە، لە دیدی چۆنێتی بەڕێوەچوونی کاروباری پەرلەمانەوە جیاوازە. 
ئەم بونەوەرە لە دونیای ئێمەدا نوێیە، نەک تەنها وەک ناو بەڵکو وەک کاراکتەر، ئاکت، وێنا و جۆری پەیوەندی. سیاسەت لە دونیای ئێمەدا لە دۆخێکی ئاساییدا نیە. سیاسی بوون هەتا ئێستا پەیوەستە بە قارەمان بوون ئەمە وەک واقیعێک نا بەڵکو وەک ئاگاییەک و پرۆسەیەکی مەعریفی.
کاندید دەرکەوتەی سەردەمێکە کە هێشتا نەگەیشتوە. سەردەمی سیاسەت لە ڕێگای یاسا و دەزگا و دیبەت و عەقڵانیەت و سازشکردنەوە. بە گشتی دوو جۆر کاندید هەیە لە کوردستان، جۆرێک کە نوێنەری حیزبەکەیەتی و ئەرکی سوککە. جۆرێکی تر کە دەیەوێت نوێنەری خەڵك بێت و ئەرکی قورسە. 
لە پرۆسەی کاندیدبوون لە دونیای ئێمەدا کۆمەڵێک کێشەی زۆر هەیە:
یەکەم، لە ڕووی کەلتورییەوە دونیای ئێمە ئامادەنیە بۆ پرۆسەی نوێنەرایەتی. نوێنەرایەتیکردن خۆی پرۆسەیەکی ئاڵۆز و پڕ لە دوفاقیە، چونکە نوێنەر ئایا نوێنەری پانتاییەکی جوگرافیە، یان نوێنەری هێزێک دیاریکراو، یان نوێنەری کێشەیەک، یان نوێنەری خواستێک. ڕوون نەبونی ئەمە لە هەناو سیستەمی هەڵبژاردن و سیاسی ئێمەدا کێشەیەکی گەورەی کەلتوری دەزگایی دروستکردوە. سیستەمی هەڵبژاردنی کوردستان دەبێت وورد بکرێتەوە بۆ بازنەی بچوک، هەتا خەڵك ڕاستەوخۆ بزانن کێ نوێنەریانە، ئەم تاک بازنەییە جۆرێک لە بێ شوێنی بۆ کاندید دروست کردوە، کە لە ئەنجامدا شوێنی خۆی بە نافەرمی دەبێتە بازنەی هەڵبژاردنی، ئەمەش لە ڕێگای کەلتوری ناسراوی و خزمایەتی و ئاشناییەوە بەرهەم دێتەوە.
دووەم، دەبێت سیستەمی دەنگدانی کوردستان بگۆردرێت، بە جۆرێک هەر دەنگدەرێک بتوانێت زیاتر لە یەک کاندید هەڵبژێرێت بە پلەبەندی یەکەم و دووەم هەتا لە ئەنجامدا دەنگ نەفەوتێ و هەروەها خەڵک بتوانن سۆز و عەقڵ و نادڵنیاییان هەموو بەیەکەوە دەربڕن.
سێیەم، دەکرێت سیستەمی هەڵبژاردنی کوردستان تێکەڵ بێت لە نێوان بژاردەی حیزبی و بژاردەی خەڵک، بژاردەی دەزگایی و بژاردەی جەماوەری. پەرلەمان هەتابێت ئاڵۆز دەبێت چونکە داڕشتنی بودجە، ووزە، دیپلۆماسی، ئابوری، بەڕێوەچونی حکومەت، چاودێری، ئاسایش و زۆر بواری تر بە خێرایی بەرفراون دەبن و دەبێت ڕەهەندی بەرفراوانتری هەبێت لە ڕەهەندی ناوخۆیی. بۆ ئەوەی هاوسەنگی هەبێت دەبێت هەموو جۆرە کەسێک لە پەرلەمان بێت.
چوارهەم، خەڵکی هەتابێت زیاتر لە ڕێگای ئەزمونکردنەوە لەوە بە ئاگا ئەبنەوە کە پەرلەمانتار ئەو دەسەڵاتەی نیە کە بانگەشەی بۆ ئەکات. ئەم بە ئاگا بونەوەیە جۆرێکە لە بە عەقلانی بوونی دیموکراسی ئێمەیە. بەڵام مەترسیەکی ئەوەیە کە لە هەناو دوالیزمی ئومێد و نائومێدیدا فەراهەم دەبێت. کاتێک خەڵك بۆی ڕوون دەبێتەوە کە پەرلەمان ئەوە نەبوە کە وێنای کردوە یان چاوەڕێی کردوە، ئەوا توشی نائومێدی دەبێت. ئەم دۆخە دەبێت سەرلەنوێ بونیادبنرێتەوە. دەبێت کاری وەک یاسا داڕشتن، چاودێری، نوێنەرایەتیکردن، فشارکردن، دیبەیت، جارێکی تر پێناسە بکرێنەوە. دەبێت ئەوە ڕوون بێت کە بەدیلی پەرلەمان چەکە. لە هەمانکاتدا پەرلەمان لە سایەی چەکدایە. ئایا تۆ دەتەوێت ڕۆڵی چەک بەهێز بکەیت یان پەرلەمان. ئەم ململانێیە هاوسەنگ نیە، هەروەها ئاسانیش نیە، بەڵام چارەنوسسازە. 
پێنجەم، ئەستەمە پەرلەمان بە باشی بەڕێوەبچێت کاتێک کەمترین هاوبەشی و بڕوا هەیە لە نێوان هێزەکان و پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکان و ئەندامانی کۆمەڵگادا. بەڵام پەرلەمان تەنها ڕێگایە کە بتوانێت ئەو هاوبەشییە بەرهەم بهێنێت کە بەبێ هەبوونی هاوبەشی ئەستەمە بتوانرێت حوکمداری سەردەمیانە بەرهەم بێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی