هەڵبژاردن دژ بە دیموكراسی

26/09/2018

عومەر عەلی محەمەد

ئەگەر بەشێوەیەكی ورد‌و لە روانگەیەكی كۆمەڵناسی سیاسیەوە سەرنج لە هەڵبژاردنەكانی كوردستان و عێراق بدەین دەبینین رۆژ بەڕۆژ ئاستی بەشداری هاوڵاتیان كەمتر دەبێتەوەو هاوڵاتیان هیوایان بە هەڵبژاردن لاواز دەبێت و بە ئەم هۆیەشەوە هەست ناكەیت گەرم و گوڕیەكی ئەوتۆیان هەبێت بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكاندا، ئەگەر بە دیدێكی دیموكراسیانە سەرنجی ئەم دیاردەیە بدەین و لەم روانگەیەوە ئاستی گەشەی دیموكراسی بپێوین لە كۆمەڵگای كوردیدا، ئەوا دەگەینە ئەنجامێكی مەترسیدار، چونكە هەڵبژاردن وەك بنەمایەكی گرنگی دیموكراسی پشت بە بەشداری هاوڵاتیان دەبەستێت و ئەویش بۆ ئەوەیە كە بیچەسپێنێت كە گەل سەرچاوەی دەسەڵاتە. پاشەكشەی خەڵك لە بەشداری لە هەڵبژاردن و بێ‌ هیوابوون لە دروستكردنی گۆڕانكاری سەرچاوەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەم هەڵبژاردنانە نەیانتوانیوە لە چوارچێوەی فەلسەفەی دیموكراسیدا ئەنجام بدرێن بەڵكو پرۆسەیەكە لەپێناو كۆمەڵێك ئامانجی تردا.
ئەگەر لەسەر ئاستی جیهانیش سەیر بكەین هەموو هەڵبژاردنەكان دیموكراسی نین ،بەڵكو دەسەڵاتدارەكان شێوازی جۆراوجۆریان داهێناوە كە لە رێگەیەوە دەتوانن یاری بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بكەن و بەمەش هەڵبژاردن لە رێڕەوە دیموكراسیەكەی لادەدەن بۆ هێنانەدی چەند ئامانجێكی تر، بەپێی كۆمەڵێك لەو زانیاریانەی كە هەندێك رێكخراوی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان بڵاویان كردۆتەوە، زیاتر لەیەك ملیار كەس لەسەر ئاستی جیهان بەشداری دەكەن لە هەڵبژاردنە دیموكراسیەكاندا بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرەكانیان لە دامەزراوەكانی دروستكردنی بڕیاردا.
لەپاش ئەو شەپۆلە دیموكراسیەی كە زۆربەی وڵاتانی جیهانی گرتەوە لە كۆتاییەكانی سەدەی بیستدا، بەجۆرێك لە جۆرەكان زۆرینەی وڵاتانی جیهان ،دەسەڵاتەكانیان لە رێگەی هەڵبژاردنەوە دیاریدەكەن، بەڵام لەو رێژەیە نیوەی ئەو وڵاتانە دەتوانین بڵێین هەڵبژاردنەكانیان دیموكراسیە، چونكە بەشێك لەو وڵاتانە ئامانجیان لە هەڵبژاردن ئەو ئامانجە دیموكراسیانە نیە كە بەهۆی هەڵبژاردنەوە گەشەپێدان و گۆڕانكاری لە وڵاتەكانیاندا روبدات، بەڵكو بۆ ئامانجی ترە لەسەر و هەموویانەوە پێدانەوەی شەرعیەتە بەو دەسەڵاتەی كە هەیە و كەم كردنەوەی ئەو فشارانەیە كە داوای چاكسازی و نەهێشتنی گەندەڵی و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و چەسپاندنی مافەكانی هاوڵاتی دەكەن. لەلایەكی ترەوە لە ئەم رێگەیەوە دەیەوێت رۆڵی ئۆپۆزسیۆن و كۆمەڵگەی مەدەنی و میدیای ئازاد لاواز بكات كە دەیەوێت روبەڕوی ببێتەوەو باس لە گەندەڵیەكان بكات و لە بەرچاوی جەماوەر ماهیەتی راستەقینەی ئەو دەسەڵاتە بخاتەڕوو.
 بەڵام ئەگەر سەیر بكەین لە كوردستاندا سەرەڕای ئەوەی كە هەر لە یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە لە ساڵی 1992 ‌وەنجام دراوەو حكومەت لە پەرلەمانەوە دەنگی بۆ دراوە، بەڵام پاش تێپەڕبوونی نزیكەی (27) ساڵا بەسەر ئەو هەڵبژاردنانەدا لە ئێستادا ئاستی بەشداری خەڵك گەیشتۆتە نزمترین ئاست و وا چاوەڕوانیش دەكرێت كە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بەشداریەكە بە ئاستی پێویست نەبێت، كەواتە هاوڵاتی كورد لە ئێستادا جۆرێك لە بێ‌ هێوایی بۆ دروست بووە چونكە هەڵبژاردنەكان:
1-نەیانتوانیوە گۆڕانكاری لە دەسەڵاتی سیاسی دا روبدات و هەرهەمان دەم و چاو حوكمی هەرێم دەكەن.
2-ئەم هەڵبژاردنانە نەیانتوانیوە سزای گەندەڵكاران بدات و رۆژ بەڕۆژ پێگەی گەندەڵكاران بەهێز دەبێت.
3-ئاستی گەشەی ئابوری و بودجەی تاك رۆژ بەڕۆژ لاواز دەبێت و لەپاش بڕیاری پاشەكەوتی مووچەش بژێوی هاوڵاتی چووەتە نزمترین ئاست.
4-هەڵبژاردنەكان نەیانتوانیوە ببنە هۆكاری رێكخستنەوەی ناوماڵی كوردی و بە یەكجاری كۆتایی بە دوو ئیدارەیی بهێنێت.
5-پارتە دەسەڵاتدارەكان لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون مامەڵەیان لەگەڵا هاوڵاتیاندا نەكردووە و لە جیهاتی ئەمە پێوەری حیزبی بوون بەكارهاتووە.
6-هەڵس و كەوت و مامەڵەی پارتە دەسەڵاتدارەكان لەژێر سایەی دەستورێكدا نەبوەو ئەم فەراغەش زیاتر دۆخەكەی شێواندووە.
7-هەڵبژاردنەكان نەبووەنە مایەی گەشەپێدانی دیموكراسی و میدیای ئازاد و سەروەری یاسا و سەربەخۆیی دادگاكان.
8-لەپێش هەڵبژاردنەكان هاوڵاتیان دەزانن ئەنجامەكەی چۆنە، لەبەرئەوە هیچ هیوایەكیان بەو دەنگەیان نیە كە گۆڕانكاری دروست بكات.
لەبەرئەوە ئەگەر دەسەڵات و پارتە سیاسیەكان دەیانەوێت كە هیوا بۆ هاوڵاتیان بگێڕنەوەو هەڵبژاردنیش ببێتە بەشێك لە پرۆسەی دیموكراسی پێویستە ئەم هەنگاوانە بنێن:
1-رێكخستنەوەی كاری دامەزراوەكان لە رێگەی پشت بەستن بە دەسەڵاتی یاسا و دەستور و بۆ ئەم مەبەستەش بگەڕێنەوە بۆ كاراكردنی دەستوری هەرێمی كوردستان و چەسپاندنی.
2-زیاتر هاوڵاتیان بەشداری پێ‌ بكەن لە بڕیاری سیاسیدا و دەسەڵات بۆ هەر هەڵوێست و بڕیار و یاسایەك كە دەیەوێت دەری بكات رەچاوی بەرژەوەندی هاوڵاتیان بكات.
3-جارێكی تر پەیوەندیەكانی خەڵك بە دامەزراوەكانی فەرمانڕەوایەوە رێك بخاتەوە لەسەر بنەمای هاوڵاتی بوون و كۆتایی هێنان بە پێوەرەكانی حیزب و خزم و خێڵا.
4-گۆڕانكاری بكرێت لە شێوازی فەرمانڕەوایی و ئەو دەم و چاوانەی كە زیاتر لە بیست ساڵە لە حوكمدان و ئەو حكومەتەش كە دروست دەكرێت لەسەر بنەماكانی حكومەتی چاك بێت كە حكومەتی هاوڵاتیە.
5-لەسەر بنەمای هاوڵاتی بوون مامەڵە بكرێت و هیچ كەسێك لە هیچ پۆست و ئیمتیازێك بێبەش نەكرێت بەهۆی ئاین یان نەتەوە یان حیزب یان خێڵا.
6-پرۆژەیەكی چاكسازی ئامادە بكرێت بۆئەوەی گەندەڵكاران روبەڕووی لێپرسینەوە بكات و لێرەوە كۆتایی بە ئەو دەردە كوشندەیە بهێنرێت و هەموان ملكەچی یاسابن لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی گشتیدا.
7-دامەزراوەكانی وەك پەرلەمان و دادگاكان خاوەنی جۆرێك لەسەربەخۆیی بن و هەر بڕیارێكیان دا بتوانرێن جێبەجێ‌ بكرێت و هیچ لایەنێك نەبێت لەمپەر لەبەردەمیاندا دروست بكات.
عومەر عەلی محمد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی