کۆیلەکانی حیزب

26/09/2018

گۆران هەڵەبجەیی

ئەو گەلەی گەندەڵ و هەڵپەرست وفێڵبازو  ناپاک هەڵدەبژێرێت، قوربانی نیە بەڵکو شەریکە تاوانە.
  [جۆرج ئۆرویل]

ئەوەی کوردستان لە کایەی حیزبی و سیاسەتدا لە دەڤەرەکانی دیکەی جیهان جیادەکاتەوە ،شێوازی ممارەسەکردنیەتی .

لە جیهانی مۆدێرندا حیزبایەتی ئامرازێکە بۆ دەستەبەرکردنی  خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیان،بۆ بەدیهینانی خواست و ئامانجەکانیان ،بۆ چارەسەرکردنی کێشەو گرفتەکانیان . دیارە جێبەجیکردنی ئەم ئەرکانە لە ڕێگەی گەشتن بەدەسەڵاتەوە یا بەشداری تێدا دێنە دی. واتە هەرحیزبێک لە میانەی وجودییدا لە دەسەڵاتدا تاقیدەکرێتەوە کە تا چ ڕادەیەک ڕاستگۆ بووە بەرامبەر بەو بەڵێنانەی کە لە بەر لە هەڵبژاردن بە خەڵکی داوە.

خۆ گەر ئەو حیزبە ڕاستگۆ دەرچوو وە  توانای بەسەر جێبەجێکردنی زۆرێک یا هەندێک  لەو بەڵێنانە شکا ،ئیدی ئومێد زۆرە کە لە خولی داهاتوودا دەنگی پێبدرێتەوە ،خۆ گەر بە پێچەوانەوە بوو ،ئەوە دەکەوێتە بەر نەفرەتی دەنگدەران و لە بازنەی دەسەڵات دوور دەخرێتەوە  وسزادەدرێت.

لەکورستان هاوکێشەکە تەواو  پێچەوانەیە ،وەزیفەی حیزب ئەوە نیە کە لە پێناویدا دامەزراوە،حیزب  ئامرازێکە بۆ خۆدەوڵەمەندکردن ،بۆ بە ویراسەکردن  یا بە بنەماڵەکردن، بۆ دەستبەسەراگرتنی سامانی وڵات کە لە کۆتایدا حیزب لە پەیامەکەی خۆی تەواو  دووردەکەوێتەوەو ڕۆڵی  کۆمپانیایەکی بازرگانی دەبینێت. 

[27] ساڵە یەکێتی و پارتی زۆرینەی ڕەهای دەسەڵاتیان بەدەستە،کۆنترۆڵی سەرجەم کایە ئابوریەکانیان کردوە ، داهاتێکی بێشوومار لەبەردەستیاندا بووە ، لەم ماوەیەدا هەموو توانایەک دەستەبەر بووە بۆ گەشەکردنی وڵات و باشکردنی گوزەرانی خەڵک، بەڵام ئەوەی کردنیان و دەیکەن پێچەوانەکەیەتی. دەبینین ژیانی خەڵک ڕۆژبەڕۆژ بەرەو خراپی هەنگاو دەنێت ،سادەترین پێداوستیەکانی ژیان بووەتە سەرب و کەس پێی ناگات. بۆ چارەکە مووچەو چەندکاتژمێرێک کارەبا و بەرمیلێک نەوت  پیوستی بە قوربانی  هەیە.

وڵات و ژیانی  خەڵک  هەمووی کراوەتە دۆزەخ و بەخەیاڵیاندا نایەت هاوڵاتیان  چۆن ژیان بەڕێدەکەن . ئەوەتا مەسعود بارازی دەڵێت [باهەڵپەڕن داپەڕن چیدەکەن بیکەن ،ئیمە حسابیان بۆ ناکەین]. لەولاشەوە قوباد تالەبانی باسی ژیانی [خۆشترو باشتر ] دەکات و نێچیریش تازە بەتازە باسی [چاکسازی ]دەکات.

مانەوەی ئەم دوو حیزبە لەدەسەڵات بەم شێوەی ئێستا  هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ  هەڵوێستی خەڵکی کوردستان  کە دەکرێ بۆ سێ بەرە پۆلێنیان بکەین. بەرەی یەکەم کە زۆرینەن ،ئەمانە تەنها  لەدوورەوە تەماشادەکەن و هەڵوێستێکی ئەوتۆیان نیە . بەرەی  دووەم  کەمینەیەکن کە لەبەرەی ناڕەزایین و بەردەوام لەسەر شەقامەکانن .بەشی سێیەم  ئەوانەن کە درووستکراوی دەسەڵاتن .

ئەمانەی کۆتایی  واتە بەشی سێیەم  ئەو سوپا  ژمارە زۆرەن کە لەلایەن  یەکێتی و پارتیەوە بۆ پشتگیری و چەپڵە لێدان درووستکراون.  ئەو مشەخۆرانەن کە  لەسەر حسابی داهات و دزینی قووتی خەڵک مووچەی بەلاش  وەردەگرن ،ئایندە و بەرژەوەندیان بەستراوە بە ئاغاکانیانەوە ،ئەرکیان داکۆکی کوێرانەیە  لە جووت حیزب و پۆشینی عەیب وعارەکانیان و جوانکردنی سیمای پۆخڵیانە  .ئەم جۆرە ویژدانفرۆشانە  زۆر زۆر مەترسیدارن ، چونکە  لە نێو خەڵکدا  دەژین و بەناوی هاوڵاتیەوە داکۆکی لە دەسەڵات دەکەن و خۆیان بە دڵسۆز هەژمار دەکەن. ئەمانە دارکوونکەرەی کۆمەڵگان ،ئامادەن لە پێناو بڕێک دەسکەوت و پارەدا هەموو کارێکی ناویژدانی  و نایاسایی و نائینسانی ئەنجام بدەن.

ڕاستە هێزی چەکدار، پارە،میدیا ئامرازن بۆ مانەوەی حیزب لە دەسەڵاتدا ،بەڵام ئەوەی زیاتر  ئەم جووت حیزبەی هێشتووەتەوە و بووەتە کۆڵەکەی ڕاگر،ئەم  کۆمەڵە خەڵکەیە  کە  دەکرێ بە [کۆیلە] پێناسەیان  بکەین .

زۆربەی هەرە زۆری ئەم کۆیلانە ،بێ ئەوەی هیچ کارێک بکەن زیاتر لە مووچەیەک وەردەگرن، لەسەرحسابی زۆرینەی هەژار ،ژیانیکی خۆش دەژین.

ئەم جۆرە مرۆڤانە کە پێبزانن یا نا  [کۆیلەن]  کۆیلەی حیزب و پارەو بەرژەوەندین ، ئەمانە سوپایەکی داکۆکیکاری سەرسەختن بۆ چووت حیزب.

هەر ئەم کۆیلانەن  لە دەمی بانگەشەی هەڵبژاردندا  هاوار دەکەن، چەپڵە لێدەدەن ، ماچی کاندیدەکان دەکەن ،سێلڤیان لە گەڵدا دەگرن،  وێنەی گەندەڵکاران دەدەن لە جامی سەیارەکانیان ،باسی جوانی و درووستی درووشمە بێ ماناو بێ ئەرزشەکانیان دەکەن ، بەباڵای دز وگەندەڵەکاندا هەڵدەدەن  و دیانکەنە مرۆڤی پاک و دڵسۆز و تێکۆشەر، بە حەماسەوە قسە بۆ میدیاکانی خۆیان دەکەن ،وا نیشان دەدەن کە هەموو کورد وەک ئەمان بیردەکاتەوە و ئەمان مشتێکن لە خەروارێک. بەکوورتی و بەکوردی  ئەم کۆیلانە  ئەرکی چەواشەکاری مەزن دەبینن. 

جووت حیزبیش هەرگیز دەستبەرداریان نابن، چونکە لەدەستدانیان واتایە بە لەقبوونی پێگەو دەسەڵاتیان. 

 تا ئەو هاوکێشەیە  گۆڕانکاری بەسەردا نەیەت، تا ئەو کۆیلانە نەبنەوە بە مرۆڤی خاوەن خود و  ویژدان ،تا بەرەی گەندەڵکاران چۆڵ نەکەن ئەستەمە گۆڕانکاری بنەڕەتی ڕووبدات.

 

گۆران هەڵەبجەیی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی