فاروقی مەلا مستەفا لە نێوان سیاسەت و بازرگانیدا

26/09/2018

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی «بیرەوەرییەکانی فاروقی مەلا مستەفا»

لەناو کوردا زیاتر سیاسیی و ئەدیبەکان بیرەوەرییەکانی خۆیان نووسیوەتەوە، زۆرکەم بازرگانێک یان سەرمایەدارێکی کورد بیرەوەریی خۆی نوسیوەتەوە، ئەمە لەکاتێکدا لە جیهاندا بیرەوەریی سەرمایەدارەکانو بزنسمانەکان، هەمیشە مایەی گرنگی پێدانە، بگرە هێندەی خەڵکی بەتەنگ کتێبی بیرەوەریی یان ژیاننامەی ژن و پیاوە دەوڵەمەندەکانەوەن، هێندە بە تەنگ بیرەوەریی سیاسییەکانەوە نین.

خۆشبەختانە لە ماوەی پێشوودا کتێبێکی نایابم لە مبارەیەوە دەستکەوت، ئەویش کتێبی « بیروەرییەکانم» لە نووسینی کاک فاروقی مەلا مستەفایە. دیارە هەموومان کاک فاروق دەناسین، کە بازرگانێکی سەرکەوتووەو خاوەنی کۆمەڵێک کۆمپانیای وەبەرهێنانە. واتە ئێمە زیاتر ئەو وەکو بازرگانێکی دەوڵەمەندە دەناسین، هەرچەندە کاتێک من بیرەوەرییەکانیم خوێندەوە، سەیرمکرد، بەشێکی زۆری ژیانی، لە خەباتی سیاسیدا تەرخانکردووە بەتایبەتی لە ریزەکانی حزبی شیوعی و قیادە مەرکەزی. ئەمەش لایەنێکی شاراوەی ژیانی ئەم بازرگانە کوردەیە، یان بەلایەنی کەمەوە کە من ئاگاداری نیم.

لەپاش خوێندنەوەی ئەم کتێبە، چەند سەرنجێکم لا دروستبوو، پێمخۆشە لێرەدا بەکورتی بیانووسم، دیارە مەبەستیش لەم سەرنجانە، زیاتر ناساندنی کتێبەکەیە .

مێژوویی سلێمانی و عیراق

هەمیشە ئەو شوێنەی کە مرۆڤ تێیدا لەدایک دەبێت و قۆناغەکانی ژیانی بەتایبەتی منداڵیی و مێردمندناڵی، کاریگەری گەورەیان بەسەر کەسایەتییو تێڕوانینو فکری ئەوکەسە دادەبێت. سلێمانیش کاریگەری گەورەی بەسەر فاروقی مەلامستەفا و بیرەوەرییەکانیهەیە. ئەوەی جێگەی سەرنجە نووسەر زۆر بەووردی وەسفی قۆناغی منداڵی کردووە بە تایبەتی لەگەڕەکی دەرگەزێن.
یەکێک لەو شاتەنی کە مایەی سەرنجە، نووسەر باسی چۆنێتی و شێوازی یاریکردن و کات بەسەربردنی منداڵانی شار دەکات و دەڵێت:

-یەکێک لەو شتانەی مناڵی گەڕەک چێژمان لێ ئەبینی، ئەوەبوو کاتێک لە هەورامانەوە پیکاب ئەهات و پڕبوو لە گوێز بەرەو بازاڕی سلێمانی ئەرۆیشت، ئێمەش دوای ئەکەوتین و خۆمان پیادا هەڵئەواسی و چەند گوێزێکمان لێ ئەخستە خوارەوە.ل50

گرنگی بیرەوەری تەنها نووسینەوەی ئەزموونی کەسیک نییە، بگرە نووسینەوەی مێژووی شار و وڵاتێکیشە،بۆ نموونە سەیر دەکەیت منداڵی ئەوسا چ یارییەکیان کردووە چێژیان لە چی بینویوە، منداڵی ئێستاش ئەو هەموو یارییانەی لەبەردەستدایە، کەچی هێندەی ئەو یاریانەی ئەوسا جێژییان پێ نابەخشێت، ناشزانم تۆبڵێیت هی ئەوە نەبێت، کەلەئێستادا منداڵ لەرووی جەستەییەوە کەمتر دەجووڵێن؟ یان پەیوەندی بەفرەیییەوە هەبێت؟ ئەمەش مایەی پرسیارە.
گەرچی کاک فاروق بۆچوونێکی جیاوازی هەیە و دەڵێت:

-بێگومان ئێستا لەرووی ژیان و پەروەردەییەوە خۆشترە،چونکە ئەوسا زۆربەی خەڵک ژیانێکی کەمدرامەتییان هەبوو ل 59

لە رێگەی ئەم کتێبەشەوە ناوی قووتابخانە و چەند مامۆستایەکی سلێمانیمان بەر گوێ دەکەوێت،کە خزمەتێکی زۆری بواری پەرەوەردەیان لە سلێمانی کردووە. نووسەر هەوڵیداوە قۆناغ بە قۆناغ لاپەڕەکانی ژیانی بۆ خوێنەر بکاتەوە، ئەو زانیاریانەشی لایەتی لەسەر مێژووی شارەکەی بیداتە خوێنەر.
شێخ مەحمود

نووسەر لەگەڵ گەورەبوونیدا تێکەڵ بە ژیانی سیاسیی دەبێت و تێڕوانینەکانی بۆ کەسایەتیی و پارتەکانیش دەگۆڕێت. یەکێک لە کەسایەتییە دیاریەکانی شاری سلێمانی و کوردستانیش، شێخ مەحمودی حەفیدە، کەیەکێکە لە رابەرە مەزنەکانی کورد لەسەدەی بیستەمدا. نووسەر لە رێگەی باوکییەوە ئەم کەسایەتییەی ناسیوە، لەمبارەیەوە دەڵێت:

-شێخ پیاوێکی خۆبەزلزان نەبوو، زۆر سادە بوو، هەروەها وەک هەموو کەس ئەیزانی شێخ شاعیریش بوو، قسەخۆش و رووخۆش بوو. ل78

ئەمەش لایەنێکی شاراوەی شێخ مەحمودە،چونکە پێشتر من ئاگاداری ئەم لایەنە کۆمەڵایەتییەی شێخ نەبووم.
مزگەوت وەکو شوێنێکی کولتووری

نووسەر کوڕی یەکێک لە مەلا ناسراوەکانی سلێمانی بووەو لە بنەماڵەیەکی ئاینپەروەردا لەدایک بووە، هەرئەمەش وایکردووە کە بتوانێت لەبارەی ژیانی ئایینی لەو کاتەدا باس بکات، بەتایبەتی کاریگەری مزگەوت و شوێن و ئەرکی.
مزگەوتیش بۆ نووسەر قووتابخانەیەکی بەنرخ بوو. لەمبارەیەوە دەڵێت:

-هەموو رۆژێک دوای نوێژی عەسر، ژمارەیەک رۆشنبیر و شاعیر ، بەتایبەت ژمارەیەک لە مەلاکان و دۆستی دیکەی باوکم ئەهاتنە مزگەوت و لە میوانخانەیەکی خۆیدا دائەنیشتن،،، باسی شیعر و ئەدەب و ئایین و رۆشنبیری بوو، زۆربەی بابەتەکان لای هەموان نوێ بوون. ل 89

واتە لەو کاتەدا مزگەوت جگە لەئەرکێکی ئایینی، ئەرکێکی رۆشنبیریی و فەرهەنگیی وئەدەبیشی هەبووە، بەداخەوە بە پێچەوانەی مزگەوتی ئێستاوە، کە هەندێکیان بونەتە شوێنی بڵاوکردنەوەی فکری توندڕەوەیی، من دەڵێم هەندێکیان، دەنا بەشێکی زۆریان هێشتا ئەرکی ئاینپەروەری خۆیان بەشێوەیەکی جوان دەبەن بەرێوە.

قۆناغی خوێندن وکارکردن

پاشان نووسەر ووردە ووردە قۆناغەکانی ژیانی باس دەکات، لەگەڵ گەورەبوونی ئەزموونی ژیانی زۆرتردەبێت. نووسەر نایشارێتەوە کەلە خێزانێکی هەژاربوون و باوکی مووچەخۆرێکی ئاسایی بووە، کە بەشی خوێندنی ئەمی نەکردووە، بەڵام ئەمە وای نەکردووە کە واز لە خوێندن بهێنێت،بەڵکە بەیانیان کاریکردووەو ئێوارانیش خوێندنی تەواوکردووە.


لەمبارەیەوە نووسەر دەڵێت:

-بەیانیان لە وەزارەتی ئیرشاد کە دواتر بوو بە وەزارەتی راگەیاندن دەوامم دەکرد، عەسرانیشئەچوومە کۆلیژی بازرگانی بۆ خوێندنن . بەیانیان سەعات شەش لە خەو هەڵئەسام بە پاسێک و هەندێ جار بە دوو ئیستگەی پاس ئەچوومە سەر کارو ئەبوو پێش سەعات هەشتی بەیانی بگەمە دەوام، هەتا سەعات دووی پاشنیوەڕۆ دەواممم ئەکرد. پاشان ئەبوو پێش سەعات چواری ئێوارە بگەمە کۆلیژ و لەفەیەکی خێراشم لەیانەی کۆلیژ خواردبێت. سەعات 7 ی ئێوارە دەوامی کۆلیژ تەواو دەبوو ، ئینجا بەرەو بینین و کۆبوونەوەی حیزبی ئەچووم . ل 108

کاتێک ئەم دێرانەم خوێندەوەو دەپرسم هۆی چییە گەنجی ئێستا وا دەژیی و گەنجی ئەوساش ، ئەو هەموو ئینەرجیی و توانایەی تێدابووە؟!. بە راستی ئەمە پەیامێکی جوانە کە کاک فاروق بەگەنجی ئەمڕۆی دەدات، هەربۆیە هیوادارم گەنجان و نەوەی نوی ئەم کتێبەی کاک فاروق بخوێننەوە.

زیندان
هەمیشە لەسەردەمی پێشوودا هەرکەسێک سیاسەتی بکردایە، دەبواییە ئەوەی لەپێش چاوبوایە کە رووبەروی نارەحەتیی و راکردنو زیندان دەبێتەوە. بەپێچەوانەی ئێستاوە، کە کەشوو هەوای ئازادی هەیە و کەسیش لەسەر بۆچوونی سیاسی ناگیرێت یان زیندانی ناکرێت، بەتایبەتی لەدەڤەری سلێمانی. کاک فاروقیش بە هۆی ئەوەی کە زۆر زوو تێکەڵی ژیانی سیاسیی بووە بە تایبەتی لەگەڵ حزبی شیوعی،چەندین جار رووبەروی زیندان بۆتەوە، بەشێکی کتێبەکەشی بۆ ژیانی ناو زیندان تەرخانکردوووەو ئەزموونی خۆی باسکردووە.

مێژووی عیراق

مێژووی عیراق بە تایبەتی لە ساڵانی پەنجاوە هەتاوەکو پاش پرۆسەی رزگارکردنی عیراق ساڵی 2003، بە رووداوە خۆش و ناخۆشەکانییەوە، پانتایی زۆری لەم کتێبەدا بەرکەووتوە، نووسەر بە ووردی ئەزموونی خۆی لەگەڵ رووداوە گرنگەکان بەتایبەتی شۆڕشی 14 تەموزی 1958 کودەتاکەی 8 شوباتی بەعسییەکان، بزووتنەوەی چەکداری بەرابەرێتی مەلا مستەفای بازران، رێککەوتنامەی 11 ئازار، هەرەسی شۆڕشی کورد، خەباتی پێشمەرگایەتی، لەهەموشی گرنگتر مێژوویی حزبی شیوعی و بزووتنەوە چەپەکانی کوردستان و عیراق، پانتایی باشیان داگیرکردووە.

تارماییی حزبی شیوعی و بزووتنەوە چەپەکانی عیراق

من هەتاوەکو ئەم کتێبەم نەخوێندەوە نەمزانیبوو کە کاک فاروق ئەندامێکی چالاکی حزبی شیوعیی بووە، بگرە بەشێکی زۆری ژیانی لەپێناو ئەم حزبەدا تەرخانکردووە. هەر لەسەرەتای ئەم کتێبەوە، تارمایی حزبی شیوعی بەسەر کتێبەکەوە دیارە، ساڵ بە ساڵ و بەشێکی زۆری رووداوە گرنگەکانی ناو ئەم حزبە، ئینشقاقە سیاسیی و فکریەکانی، کێشە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی، رابەرو ئەندامانی ئەم حزبە، هەمووی بوونیان لەم کتێبەدا هەیە. هەروەها جیابوونەوەی قیادە مەرکەزیی لێی، بزووتنەوەی چەکداری لە ئەهوارەکان، ئەمەش پانتایی باشیبەرکەووتوە. هەربۆیە کاتێک بتەوێت باسی حزبی شیوعیی و بزووتنەوەی چەپ بکەیت، ئەم کتێبە یارمەتی باشت دەدات، تاوەکو لە مێژووی ئەم بزووتنەوە سیاسییانەی عیراق و کوردستان بگەیت.

راستگۆیی
ئەوەی مایەی جوانیی و دەستخۆشییە، راستگۆیی نووسەرە لە گێڕانەوەی رووداوەکانی ژیانی، بۆ نموونە نووسەر راستە ئێستا یەکێکە لە سەرمایەدارە گەورەکانی کوردستانو عیراقیش، بەڵام نایشارێتەوە کەلە بنەماڵەیەکی هەژاربووە.
نووسەر دەڵێت:

-من لە خانوویەکی بچووکی سێ ژووریدا هاتمە دونیاوە…ل50[

پاشان کاتێک باسی چوونی بۆ زانکۆ دەکات لەساڵی 1959دا، لەوکاتەدا وەزعیان باش نەبووەو دەڵێت:

-ژیانی قوتابی لەبەغدا مانگانە 15 بۆ 20 دیناری دەویست، باوکم مووچەکەی 40 دینار بوو، باوکم گوتی : هەرچۆنێک بێت ئەبێت بخوێنێت، من لەدەمی خۆمی ئەگێڕمەوە بۆ تۆ» ل 99

بەڵام نووسەر رازی نەبووە بگرە رێگایەکی تری گرتۆتەبەر ئەویش کارکردن بووە. ئەمجۆرە راستگۆیانە لەنووسین زۆر گرنگە و قوورسایی زیاتر بە نووسەر و کتیێبەکەشی دەدات. پێویستە تۆ چۆن بوویت وابنووسیت، چونکە راستە لەوانەبێت خەڵکانێکی زۆر ئاگایان لەمێژوویی تۆ نەبێت، بەڵام بەشی ئەوەندە خەڵك هەیە، کە بە تیشكی رووناکی راستی، درۆکانت بمرێنێت و ئابڕووت بەرێت، هەربۆیە زۆرگرنگە نووسەر، قەڵەمی راستگۆیانە هەڵبژێرێت و دووربێت لە درۆ.

چەند سەرنجێک

لەگەڵ ئەوەی ئەم کتێبە چەندین خاڵی بەهێز و جوانی تیدایە، بەڵام وەکو هەموو دەقێکی تر، لە کەموکورتی بێبەر نییە. لێرەدا هەوڵ دەدەم چەند سەرنجنێکم باسبکەم.
پێش هەموو شتێک زۆربەی خەڵكی کاک فاروق وەکو کەسێکی بازرگان دەناسن، دەتوانین بڵێین بازرگانو سەرمایەدارێکی سەرکەوتووشە، هەربۆیە خەڵكی و منیش زیاتر دەمانویست لە ئەزموونی سەرکەوتووی ئەم سەرمایەدارە ئاگاداربین وسوود لە ئەزمونی ئەو وەربگرین، لێ بەداخەوە لەم کتێبەدا زۆر بە کەمی باسی ئەزموونی کارو بازرگانی خۆی دەکات. دەتوانم بڵێم تەنها بە 15 لاپەڕە لە 374 تا 390 باسی ئەزموونی بازرگانی خۆی دەکات، کە چۆن سەرەتا دەستی بە کاری بارزگانی کردووە. ئەمەش زۆر کەمە، دەبوایە نووسەر زیاتر باسی کارە سەرکەوتووەکانی بکردایە بۆ نموونە پرۆژەی کۆمپانیای ئاسیا سێل چۆن دروستبووە، کەئەمە باشترین کاری ئەو سەرمایەدارەیە، بەڵام نووسەر بە وشەیەکیش باسی ئەمە ناکات.

لەرووی فکریشەوە هەندێک بۆچوونی شەخسی هەیە بەتایبەتی لەبارەی رووداوە سیاسیەکان، مایەی سەرنجە. بۆ نموونە لە لاپەرە 188 دا نووسەر دەڵێت:
-هەڵوێستی خۆم بەکردار لەگەڵ بیرو پلانی کودەتای سەربازییدا بوو وەکو بەشێکی سەرەکیی و دەسپێکردنی شۆڕش.

هەرچەندە فکری شۆڕشگێڕیی تەواو جیاوازە لەگەڵ فکری کودەتاچێتی و پەلاماری سەربازیی، بگرە زۆر دژی یەکتریشن.

لەلایەکی ترەوە نووسەر زۆر هۆگری عەسکەرییە و لە لاپەڕە 221 دا دەڵێت:

-لێرەدا گرنگی سەربازیێتی ئیلزامی دەرئەکەوت کە زۆر پێویستە بۆ هەموو گەنجێک لەهەموو جیهاندا، ئێمە لەکوردستاندا راستر وایە حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیڕەوی ئەم پێویستیی و ئەرکە گەورەیە بکات ، کەلە رووی نیشتمانی و بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگادا رۆڵێکی گەورەی هەیە.

پێش هەموو شتێک من نازانم خزمەتی سەربازیچ پەیوەندیییەکی بە پێشكەوتنی کۆمەڵگاوە هەیە؟ زۆربەی دەوڵەتە رۆژئاواییەکان لەپێش هەموویانەوە ئەمریکا، خزمەتی سەربازییان نییە، دەوڵەتیکی وەکو ژاپۆن، هەتا چەند ساڵێک پێش ئێستا، سووپایەکی بەهێزی نەبوو، ئەمەش لەکاتێکدا کە ژاپۆن یەکێکە لە زلهێزە ئابوورییەکانی جیهان .

پێم وایە ئەم قسەیەی کاک فاروق زیاتر کاریگەی نەوەی پێش خۆی بەسەرەوەیە، چونکە جاران دەیانگووت : «گەر پیاو نەچێت عەسکەری بکات، نابێتە پیاو»
پاشان پێم سەیرە کاک فاروق خۆدی خۆی قووربانی دەستی حکومەتە عەسکەرییەکانی عیراق بووە، ئیتر چ پێویست دەکات شانازی بە فکری عەسکەرتارییەوە بکات؟!.

دواقسە
بە دڵنیاییەوە ئەم کتێبەی کاک فاروق ، ئەزمون و شێوازێکی نوێیە لەکتێبخانەی کوردیدا، چونکە پێشتر بازرگانەکان باسیان لە ئەزمونی بازرگانی خۆیان نەکردووە. هەربۆیە مایەی دەستخۆشیی لێکردنە و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین.

سەرچاوە:
فاروق مەلا مستەفا. بیرەوەرییەکانم. لە بڵاوکراوەکانی دەزگای دوارۆژ بۆ رووناکبیریو راگەیاند. چاپی یەکەم. لوبنان، 2017

 

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی