دواهەمین هەڵبژاردن!

27/09/2018

مەجید ساڵح

ئەمە دواهەمین هەڵبژاردن دەبێ ئەگەر بێت و دەسەڵات بۆ مانەوەی لە فەرمانڕەوایی وەک جاری جاران پەنابەرێتەوە بەر گزی و دزیینی دەنگی خەڵک، بەڵام بە دڵنیاییەوە دواین شێوازی تێکۆشانی خەڵک نابێ بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵکاران.. لە دوای ١ی ئۆکتۆبەر، گەر جەماوەری کوردستان بگەنە ئەو قەناعەتەی کە چیتر دەنگدان شاڕێی گۆڕانکاریی نییە، بە دڵنیاییەوە دەیان تولە رێی دەدۆزێتەوە کە خەو لە چاوی دەنگ دزەکان دەزڕێنێ و دەسەڵاتیان لێ دەکات بە قوزەڵقورت.. لە دنیادا نمونەی وا زۆرە و گەلی ئێمەش بەدەر نییە لەوە..
لە ٢٠٠٥ لە میسر هەڵبژاردنێکی پڕ لە تەزویر کرا، تێدا ئۆپۆزسیۆن ٣٠٪ دەنگەکان و حزبەکەی موبارەکیش ٧٠٪ دەنگەکانی بەدەست هێنا، بەڵام بۆ ساڵی ٢٠١٠ موبارەک و کوڕەکانی پەتیان بڕی و تەزویرێکی ئەوەندە زەقیان کرد کە ئەقڵ تەسەوری نەدەکرد و ٩٠٪ بۆ خۆیان تۆمار کرد.. دوای ساڵێک لەو هەڵبژاردنەکە، خەڵک گەیشتەنە ئەو قەناعەتەی کە چیتر هەڵبژاردن کەڵکی نەماوە و ناکرێ بێ دەنگ بن، بۆیە لە ٢٥ی کانونی ٢٠١١ جەماوەر رژانە سەر شەقام و لە ١٠ شوبات دوای زیاتر لە ٣٠ ساڵ دەسەڵاتەکەی موبارەک بەوهەموو جەبەروتەی کەهەیبوو روخاند و خۆی و منداڵەکانی خرانە کونجی زیندانەوە..
پەنابردن بۆ گزی و دزی دەنگی خەڵک ناکاتە نائومێد کردنی جەماوەر، بەڵکو وای لێدەکات بەدوای رێگەی دیکەدا بگەڕێ، بۆیە دەبێ حزبەکانی دەسەڵات وانەیەک لە موبارەک وەرگرن و نەیگەیەنە مریشکە رەشە.. بۆ جارێکیش بێ ناوی کوردستان دەرکەن لە ریزی وڵاتانی نا دیموکراسی و ناوناوبانگی نەشێوێنن.. 
لە پەیامەکەی بزوتنەوەی گۆڕانیشدا ئاگادارکردنەوەیەکی ئاشکرا هەیە و ئەوەی نەختێ هۆشی تێدا بێ تێدەگا ئەمجارە گۆڕان بێ دەنگ نابێ... و بۆ هەموو ئەگەرێک خۆی ئامادە کردوە..

مەجید ساڵح

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی