*حیزب میتۆدێکی ماشینئاسایه بۆ به‌کاراکردنی ڕێگا چاریه‌کی تایبه‌ت، بۆ گه‌یشتنه ده‌سه‌ڵاتە له وڵاتێکی دیموکراسی خاوه‌ن هه‌ڵبژاردنێکی پاکژدا، ڕێگا دۆزینه‌وه‌یەکی لۆژیکانه و سه‌رده‌مییانه بۆ به‌ئه‌نجامگه‌یاندی داخوازییه‌کانی میلله‌ت وداڕشتنی پلانی به‌ڕێوه‌بردنە لە حکومەت و هەرێم و دەوڵەتێکدا.
حیزب گروپێک له هاوڵاتی تیایدا ئاکتیف ئه‌بێت و هه‌وڵی مسه‌وگه‌رکردنی جیهانێکی باشتر له ڕابردوو بۆ کۆمه‌ڵگه ئه‌دات. هه‌مووان و هه‌واداران و لایه‌نگرانیشی ئه‌خاته ناو شه‌نی ئه‌و خه‌رمانه‌ی که خۆی گێره‌ی ئه‌کات.
حیزب بۆی هه‌یه تایبه‌ت بێت به چالاکییه‌کی کورت و یاخود درێژخایه‌ن، له شوێن و کاتێکی دیاریکراودا ، ته‌نانه‌ت بۆی هه‌یه پرۆگرام و ئامانجی بۆ گه‌ڕه‌کێک، ناوچه‌یه‌ک، شارێک، هه‌رێمێک، ولاتێک، نه‌ته‌وه‌یه‌ک، ئاینێک و مه‌زهه‌بێک و ئایدۆلۆژییه‌کی ده‌ستنیشانکراو بێت.
حیزب به پره‌نسیب و هه‌یکه‌لی په‌یوه‌ندییه هه‌رمی و هێشویی و ئاسۆییه‌کانی خۆی، بە ڕه‌نگ وڕواڵه‌تێکی تایبه‌ت و جیاواز بۆ پیاده‌کردن، چالاکییە ڕێکخراوییەکەی پەیڕەو ئەکات، کە دنیایه‌ک له فانتازیا و هیوا و ئومید، بۆئه‌ندامانی ئه‌خوڵقێنێت که جیاوازه له‌وانی تر.
حیزب ماتۆڕ و ماشینە، ئامێر و ئامڕازە، میتۆد و مەتریاڵە،
نه‌ک به‌رهه‌م و ئامانج، نەک ئایین و ئایندە. حیزب سه‌ره‌تایه نه‌ک کۆتایی، حیزب ده‌سپێکه نه‌ک لوتکه، حیزب یه‌كێکه له چه‌که‌کانی ململانێی دیموکراسی، هه‌روه‌ک چۆن به چه‌کی کۆن شه‌ڕی نوێ و مۆدرێن و تەکنەلۆژیای سەردەم ناکرێت، ئاواش حیزبی کۆن و کلاسیکی شه‌ڕی سه‌رده‌می نوێی ئەلەکترۆنی پێناکرێت.
حیزب بۆ ئه‌وه دروست نه‌بووه که هاتا هه‌تایه یا تا قیامه‌ت بمێنێت، چونکه جاویدانی له حیزب‌دا بوونی نییه.
هاوڵاتی ئازاده، ببێته ئه‌ندامی کام حیزب و ده‌نگده‌ری کام قەوارە و بزوتنەوەی سیاسی و سپۆنسه‌ری کامیان بێت، ئه‌گه‌ر بڕیار بێت دیموکراسی پیاده بکرێت. له مه‌ڕ مرۆڤی ئازاد حیزب بۆ وی نه‌ته‌وه نییه، که تا ئه‌مرێت ئه‌بێت په‌یوه‌ست بێت پێیه‌وه، گەل و نیشتمان نییە، کە نەتوانێت دەستبەرداری بێت. مرۆڤ چۆن ئازاده له هه‌ڵبژاردنی حیزبێک، ئاواش ئازاده له وازهینان یا ڕه‌دکردنه‌وه‌ی. ئەندام و سەرکردەکانیش ئازادن، لە بەکارهێنان و گەمەکردنی سیاسی، ئەو حیزبەی کە ئەتوانن توانا و کەسایەتییانی تێدا بەرجەستە بکەن.
حیزب نوێنه‌رایه‌تی گروپێک ئه‌کات نه‌ک هه‌موو میلله‌ت، میلله‌تیش ئازاده که ده‌نگ ئه‌دات یا نا ، ئه‌بێته ئه‌ندام یا نا. ده‌نگده‌رانی حیزبێکیش ملکه‌چ نین بۆ فه‌رمان و دیسپلینه‌کانی حیزب، به‌ڵکو که‌سانی خۆبه‌خش و کارا که ئه‌ندامییەتی تێدا په‌سه‌ند ئه‌که‌ن، پابه‌ندن به ڕینمایه‌کانی حیزب، وه‌ک دیسپلینێکی ڕێکخراوه‌یی.
کەواتە ئەوە مرۆڤەکە حیزب دائەمزرێنێت و کاری تێدا ئەکات، وە لەبەر ئەوەی ئامرازێکە بۆ پەیامێکی مرۆیی، ئەبێت لە خزمەتی بەها بەرزەکانی مرۆڤدا بێت، نەک مرۆڤەکان بکرێنە قوربانی و کۆیلەی حیزب.
چونکە خودی دروستبونی حیزب بۆ ڕزگارکردن و ئازادکردنی مرۆڤە، نەک بۆ پێچەوانەکەی.
حیزباندنی کایەکانی کۆمەڵگە و خێزان و تاکەکان، جگە لە بچوککردنەوە و بێهێزکردنی توانا و داهێنانەکانە، ئەبێتە هۆی ئیفلیجکردنی ڕەوتی پێشکەوتن، و پەرژینداندنی کۆمەڵگەشە، بۆ یەکەیەکی لاواز و کەشێکی دیکتاتۆرییەت.
* ئەم وتارەم لە 26/04/ 2011کاتی خۆی بڵاوکردوەتەوە ، بە دەستکارییەوە بەشداری پێئەکەم.
کۆتایی بەشی دووەم
دانا هەڵەبجەیی
25/09/2018
لاهای/ هۆڵەندا
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی