گۆڕانکارى پڕۆسەیەکى دوورو درێژە

27/09/2018

هێمن حەسەن

خەڵکی کوردستان کاتێک ئامادە نییە هێزێکی نوێ بەرێتە دەسەڵاتەوە پێویستە بەشی ئۆپۆزسیۆنێکی کارا دەنگ بە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بدات

بەدرێژایی مێژوو تا کۆتایی دونیاش هەر وایە،گۆڕانکاری پڕۆسەیەکی دوورو درێژەو هەموو پڕۆسەیەکی گۆڕانکاریش پێویستی بە پشوو درێژی هەیە هەمیشە ئەو پرسیارە زۆر گرنگە، چی شتێک لەم دونیایە وا لە ئینسان دەکات لە ساتێکدا ببێتە ئاڵا هەڵگری گۆڕانکاری و لە ساتێکیشدا خەونی گۆڕانکاری لەدەست بدات؟؟؟
لەچی شوێنێکی دونیا هەیە گۆڕانکاری و چاکسازی و لادانی گەندەڵکاران بە شەوو ڕۆژێک کراوە؟، لە هەموو دونیادا ئۆپۆزسیۆن رووبەرووی یەک دەسەڵات و سیستەم بووەتەوە، بەڵام لەم وڵاتە ئۆپۆزسیۆن رووبەرووی دوو دەسەڵات بووەتەوە کە روو لەو دەکات ئەوی تر لە پشتەوە بۆی دێت کە روو لەوی تر دەکات ئەوەی تریان لە پشتەوە پەلاماری دەدات، مانەوە لەسەر هێڵی گۆڕانکاری پێویستە پە پشوو درێژی و خۆڕاگری هەیە.
حەقی خۆیەتی و دەهێنێت ئەمجارەش خەڵک متمانە بداتەوە بەلایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان، چونکە هێشتا پڕۆژەکەیان وەکو خۆیەتی ودەستیان لێبەرنەداوە، ئەو هۆکارانەی خەڵکیان بەم رۆژە گەیاند هەر لە ئارادان و ئەوانەی هەرێمیان بەم رۆژانە گەیاند هێشتا درێژە بەو خراپەکارییە دەدەن، هیوادارین ئەو لایەنانە لە چوار ساڵی داهاتوودا بە خراپ کەڵک لەو متمانەیە وەرنەگرن و خەمسارد نەبن.
بەڵام دەبێت ئەوەشمان لەیاد بێت هێزەکانی گۆڕانکاری نابێت ئەو خەونە بکوژن کە لەلای خەڵک هەیە، نابێت ئەو هێزانە سارد ببنەوەو لەسەر دەستکەوتەکانی هەشت ساڵی رابردووی ئۆپۆزسیۆن بوون پاڵی لێ بدەنەوە، ئێستا خەڵک بێهیوایەو بێهیوایەکەش پەیوەندی بەو پاڵدانەوەیە هەیە.
بەلای منەوە خاڵی هەرە گرنگ لە دەنگدان بە لایەنە ئۆپۆرزسیۆنەکان ئەوەیە لەم وڵاتەدا دەبێت ئۆپۆزسیۆن هەبێت تا چاودێر بێت بەسەر پارتی و یەکێتییەوە، ئەگەر ئۆپۆزسیۆن نەبێت دۆخی کوردستان خراپتر دەبێت، کۆمەڵگەی ئێمە کە ئامادە نییە هێزێکی نوێ بەرێتە دەسەڵاتەوەو گۆڕانکاری لە سیستەمی حکومڕانیدا بکات، دەبێت بەشی ئۆپۆزسیۆنێکی کارا دەنگ بەو لایەنانە بداتەوە، ئەگەر خەڵکی کوردستان ئەوە نەکات پێش هەموو شتێک خەونی سیستەمێکی دیکتاتۆری لەم وڵاتەدا زیندوو دەکەنەوەو رێگا بۆ ژیانێکی خراپتر لەئێستا بۆ خۆیان خۆش دەکەن، کەواتە بۆ ئەوەی ئۆپۆزسیۆنکی کارامان هەبێت دەبێت دەنگ بدەین بەهێزەکانی گۆڕانکاری.

 

هێمن حەسەن

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی