"دوو رووی یەک دراون"

28/09/2018

مەجید ساڵح

لە ئەدەبیاتی سیاسیدا زۆر جار ئەم ئیدۆمە بەکار دێت، بۆ نمونە "فڵان وفڵانکەس دوو رووی یەک دراون" یان "یەکێتی و پارتی دوو رووی یەک دراون". ئەمەش بەومانایە دێت کە ئەو دووانە با لە رووی شێوە لە یەک نەچن، بەڵام هەردووکیان یەک بەها و ناوەڕۆکیان هەیە و بێ یەک فلسێکی قەڵب ناهێنن..
لەسەر نمونەی دووەم دەوەستین..
ئاخۆ یەکێتی و پارتی دوو رووی یەک دراون؟!
حەتمەن گەر نەڵیم هەموومان ئەوا زۆربەمان وڵامەکەمان بەڵێ دەبێ.. بۆ؟
چونکە لە دوای ٢٠٠٥ هیچ جیاوازییەک نەما لە نێوان ئەو دوو حزبە.. پارتی حزبی بنەماڵەیکی دیاریکراوەو خۆیان حاشای لێ ناکەن، بگرە شانازی پێوە دەکەن، یەکێتیش لەو کاتەوە بەدواوە لاسایی ئەوان دەکاتەوە و بووە بە حزبی بنەماڵەی تاڵەبانی و ئەوەی بە خوێی چێتیش تاڵەبانی بێت خۆی بەخاوەنی حزب دەزانێت..
پارتی تێگەیشتووە یەکێتی ئێستا بە دوای دەسەڵات و سەروەت و سامانەوەیە، بۆیە رازی بووە پشکی خۆیان بداتێ... ئیتر جیاوازی فکری و ئایدۆلۆژی نەماوە لە نێوان ئەو دوانە.. خیلافی کاتیان هەیە، بەڵام هەزارویەک خاڵی هاوبەشیان هەیە.. هەروەک رووی دراوەکان، روویەکی خەت و ئەوی دیکەی وێنەیە.(شێر و خەت) . بەڵام هەمیشە پارتی خۆی بە وێنەکە (شێر) دەزانێ و خەتەکەی (یەکێتی) کردوەتە پاشکۆی خۆی. ئێستا کە تا دێت هێزی ناڕەزایی بەرامبەر بە قۆرخ کردنی دەسەڵات و دزینی سەروەت و سامانی خەڵک و بەلارێدابردنی خەباتی نیشتمانی پەرەدەسێنێ، هەردوولا گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی گەر روویەکیان بسڕێتەوە ئەوا رووکەی دیکە بەهای نامێنێ و دراوەکە دەبێتە دراوێکی قەڵب و کەس مامەڵەی پێوە ناکات... رووداوە سیاسیەکانی رابردوو ئەو قسانەی سەلماندووە، درێژ کردنەوەی ماوەی سەرۆکی هەرێم لە لایەن یەکێتیەوە، پەشیمان بوونەوە لەو دوو پرۆژە یاسایەی کە هێنایان بۆ پەرلەمان بۆ هەموار کردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و بێ دەنگ بوونیان لە داخستنی پەرلەمان، رەدوو کەوتنی ریفراندۆم و ئێستاش سازش کردن لە سەر پۆستی سەرۆک کۆمار بەڵگەن بۆ ئەوەی یەکێتی هیچ سیمایەکی جیاکەرەوەی لە پارتی نەماوە و پاشکۆیەکی تەواوە..
بۆیە دەنگدان بە یەکێتی راستەخۆ دەنگدانە بە پارتی ... با یەکێتیە راستەقینەکان و کەس و کاری شەهیدان و پێشمەرگە راستەقینەکانی یەکێتی خۆیان هەڵنەخەڵەتێنن و دەنگ بدەن بە لیستەکەی نەوشیروان مستەفا کە بە مەردی و بەپاکی و لە پێناوی خەڵکدا ژیا و بە پاکیش کۆچی دوایی کرد..

مەجید ساڵح

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە