پارتی خواستی بەدەستهێنانی سەرۆك كۆماری هەیە، یان ترسی لەدەستدانی هەژموون؟

29/09/2018

ئومێد قەرەداغی

لەگەڵ بەربژێركردنی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار لە لایەن سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانییەوە، پارتی دژایەتییەكی هەمەلایەنەی دژ بە بەرهەم ساڵح ئەنجامدا، لەلایەك لە ئاستی میدیایدا، كەمپینێكی بەرفراوانی بەرێوە برد ،‌ ناوەرۆكی ئەم كەمپینە جگە لە بڵاوكردنەوە رق و هەوڵدان بۆ لێدان و پێگە و كەسایەتی ركابەرێكی سیاسی هیچ ئەرگۆمێنت و مانایەكی سیاسی بە دەستەوە نەدا، لەسەر ئاستی هەنگاوی پراكتیكی سیاسیشدا ،  پێداگیرییەكانی پارتی  بۆ دەرهێنانی پۆستی سەرۆك كۆمار لە چنگی یەكێتی زیاتر  كرد و دكتۆر فوئاد حسێنی بۆ ئەو پۆستە بەربژێر كرد، دواتریش نێچیرڤان بارزانی یەكێك لە كورە دەستڕۆشتوەكانی بنەماڵەی بارزانی  ، سەردانی بەغدای كردو و بۆ كۆكردنەوەی پشتیوانی لەگەڵ لایەنە عێراقیەكان كۆبویەوە
 
پرسیاری گرنگ ئەوەیە  بۆچی پارتی بەلایەوە گرنگە پۆستی سەرۆك كۆماری بۆ بەرهەم ساڵح نەبێت و خۆی هەوڵی بەدەستهێنانی ئەدات؟  

بیگومان چەندین هۆكاری سەرەكی لە پشت ئەم نەیارییەوە بوونی هەیە، مەترسییەكانی پارتی لە كۆتایی هەژموونی بەسەر پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و ناوەند یەكێكە لە هۆكارە بەهێزەكان ،   لە چەندین ساڵی  ساڵی رابردوو( بەدیاریكراوی لە دوای نەمانی مام جەلال لە پۆستی سەرۆكایەتی كۆماردا ) مەلەفی رێكخستنی پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا بەتەواوی لە چنگی پارتیدا بوە، هەرچۆنی ویستبی و بەرژەوەندی خواستبێت بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ بەغدا كردوە ، رۆژێك بەغدای كردوە بە پایتەختی داگیركەر و رۆژێكی دی بە پایتەختی بە دەستهێنانی مافەكانی كورد ، رۆژێك مالیكی بە دۆست و رۆژێك بە دوژمن ، رۆژێك بە بەشداری كورد لە بەغدا ئەڵێت شەراكەتی فاشیلانە و رۆژێكی دی  هەموو وزەی سیاسی خۆی مۆبیلیزە ئەكات بۆ بەدەستهێنانی پۆست، هۆكارێكی گرنگی رەخساندنی ئەم هەلومەرجە نەبوونی سەرۆكێكی بەهێز و خاوەن ئیرادە و پێگەیە لە  سەرۆكایەتی كۆماردا ، بەمەش پارتی خوازیاری ئەوە نیە لە سەرۆكایەتی كۆماردا كەسایەتیەكی بەهێز و خاوەن قورسایی و پەیوەندی بەرفراوان بوونی هەبێت، كەسایەتیەك كە تۆڕێكی بەرفراوانی پەیوەندی عێراقی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی هەبێت، بوونی كەسایەتیەكی لەمشێوەیە پۆستی سەرۆك كۆماری بە ئێرادەیەكی بەهێز و لە ئاستی گرنگی پۆستەكەدا بەرێوە ئەبات ، پارتی ئەیەوێت سەرۆك كۆمارێكی ناچالاك و ملكەچ  بۆ بارزانی لە بەغدا بوونی هەبیت تا نەتوانێت كاریگەر بێت بەسەر پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغداوە ، تاوەكو رێكخستنی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا بەردەم  لە چنگی پارتی خۆیدا بێت و وەك كارتێكی سیاسی  بەرانبەر ركابەرە سیاسیەكانی  لە ناوخۆدا بەكاری بهێنێـ، لە پەیوەندی هەرێمایەتیدا بە قازانجی خۆی بەكاری بهێنێت،  هەر كات ویستی لەگەڵ بەغدا تێكی بدات و بیكات بە دوژمن، هەركاتیش نەویست  بەغدا بكات بە پایتەختی هەموان و بۆ وەرگرتنی پۆست و پارە روی تێبكات،  پارتی ئەزانێت بەرهەم ساڵح  كەسایەتیەكی ناسراو و كاریگەرە لە سیاسەتی عێراقیدا ، تۆرێكی بەرفراوانی پەیوەندی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی هەیە ، بۆیە كاریگەر ئەبێـت  لەسەر پەیوەندی هەرێم و بەغدا ، ئەمەش شتێكە پارتی خوازیاری نیە

خاڵێكی دیكە كە لەم پرسەدا سەرنج رادەكێشێت ئەوەیە، پارتی خوازیاری یەكێتیەكی لاواز و بێ پەڕوباڵە، تاوەكو بتوانێت هاوسەنگی هێز  بەقازانجی خۆی بگۆرێت، لە چەند ساڵی رابردووشدا بە هۆی جیابوونەوەی بزووتنەوەی گۆران لە یەكێتی و دواتریش جیابوونەوەی بەرهەم ساڵح، یەكێتیەكی لاواز كەوتە سەر شانۆی سیاسی ، پارتی  سودمەندێكی گەورەی ئەم دۆخە بوو 

گەرانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ نێو یەكێتی، وا ئەكات یەكێتیەكی بەهێزتر و خاوەن پەیوەندییەكی بەرفراوانتر بێتە ئاراوە ،گەرانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ نێو یەكێتی  دوو سودی بنچینەیی بۆ یەكێتی ئەبێت ، یەكەمیان  بەرهەم ساڵح خاوەن پێگەیەكی جەماوەرییە لە نێو رێكخستن و ئۆرگانە حزبیەكانی یەكێتیدا ، بە گەرانەوەی بۆ ناو یەكێتی تێكرای ئەم رێكخستنانە باشتر و چالاكانەتر كار بۆ یەكێتی ئەكەن ،  دوەمیش : بەرهەم ساڵح  روخسارێكی دیبلۆماسی گرنگە، پێشتر یەكێتی لە فەراغێكی گەورەدا بوو لە بوونی كەسایەتی دیبلۆماسی ناسراو لەسەر ئاستی جیهانیدا، بە گەرانەوەی بەرهەم ساڵح بو نێو یەكێتی و بوونی بە سەرۆك كۆمار، ئەم كێشەیە چارەسەر ئەبێت، بەمەش یەكێتی وەك هێزێكی بەهێزتر و تۆكمەتر دێتە سەر شانۆی سیاسی ، ئەمەش ئەگەری ئەوە دێنێتە پێشەوە هاوسەنگی هێز بگەرێنێتەوە و كۆتایی بە هەژمووی پارتی بهێنێت، بۆیە پارتی بە هەموو توانایەوە هەوڵ ئەدات پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ خۆی ببچرێت، تا هەرگیز ئەم پۆستە مەترسی لەسەر هەژموونی پارتی دروست نەكات

ئومێد قەرەداخی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی