یەکێتی و پارتی لە ھەوڵی تەزویرێکی زۆر گەورەدان

29/09/2018

ئیسماعیل نامیق

یەکێتی وپارتی دوێنێ لەدەنگدانی تایبەتدا تەزویری گەورەیان نەکرد لەبەر ئەوەی:

1) بەپێی یاساکانی کۆمسیۆن پێویستە هەمان رۆژ ئەنجامەکانی دەنگدانی تایبەت بدرێتەوە بەبریکاری قەوارە سیاسیەکان، واتە ئەگەر تەزویری زۆر گەورەیان بکردبا ئاشکرا ئەبو، لەبارێکی واشدا حیزبەکانی تر قبوڵیان ناکرد وپشێوی دروست ئەبو، بەمەش دەنگدانی گشتی کێشەی بۆ دروست ئەبو، بۆ ئەوەی ئەمە رونەدات ئەو تەزویرە گەورەیەیان نەکرد.
2) دەیانەوێت ئەو تەزویرەی کە لەهەوڵدان لەدەنگدانی گشتیدا بیکەن بشارنەوەو پەردەپۆشیکەن، چونکە ئەو کات بەرای گشتی دەڵێن ئێمە لەدەنگدانی تایبەتدا تەزویرمان نەکرد چۆن لەدەنگدانی گشتیدا تەزویر ئەکەین، رەنگە بەمە قەناعەت بەڕای گشتی بکەن.

3) ژمارەی دەنگی تایبەت سەدوحەفتا هەزار دەنگە ئەگەر هەموشی تەزویر بکەن کاریگەریەکی زۆر گەورەی نابێت بەراورد بەدەنگدانی گشتی کە نزیکەی سێ ملێون دەنگە، بۆیە نەیانویستوە لەبەر ئەم رێژە کەمەی دەنگ خۆیان وهەڵبژاردنەکەش توشی کێشە بکەن. بەڵام بەنیازن وخۆیان ئامادە کردوە لەدەنگدانی گشتیدا تەزویرێکی زۆر گەورە بکەن.
ئەم هەوڵەی یەکێتی وپارتی بۆ تەزویرکردن نابێت لەهەڵبژاردن نائومێدمان بکات ولەخەباتی مەدەنی ساردمان بکاتەوە، بەڵکو دەبێت مکوڕتر وتوندتر بین بۆ روبەڕوبونەوەی، چونکە ئەمە ململانێیەکی تولانیە ئەندازەی سەرکەوتنمان زیاترە لەکەوتن. بۆ رێگرتن لەو هەوڵە نائەخلاقیە و بۆ ئەوەی نەهێڵین ئەو دوو حیزبە تەزویر بکەن ویاری بەدەنگ وئیرادە وچارەنوسمانەوە بکەن، پێویستە:

1) لەکاتژمێرەکانی سەرەتای دەنگداندا هەمومان رو لەسندوقەکانی دەنگدان بکەین و دەنگی خۆمان بدەین، بۆ ئەوەی هیچ بوارێک بۆ ئیرادەی تەزویرچی نەرەخسێنین تا لەجیاتی ئێمە دەنگبدەن و یاری بەدەنگ وویست وچارەنوسمانەوە بکەن. بۆیە تا رێژەی دەنگدان بەرزتر بێت هەوڵی تەزویرکردن بێ بەرهەمتر وپوچتر ئەبێ.

2) کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن وراپرسی رێوشوێنی توندتر بگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لەتەزویر وشکست پێهێنانی هەوڵەکانی تەزویرکردن.

3) بریکاری قەوارە سیاسیەکان بەرپرسیارێتیەکی گەورەیان لەئەستۆدایە، چونکە کاتێک دەنگدەر دەنگ دەدات وسندوقی دەنگدان بەجێ دەهێڵێ هەست بەدڵنیای دەکات لەبەر ئەوەی بریکاری ئەو قەوارە سیاسیەی کەدەنگی پێداوە پاسەوانی دەنگەکەی دەکات وناهیڵێت بفەوتێ وشوێنی خۆی نەگرێت. لەبەر ئەوە نابێت بریکار کارەکەی لەرۆژی دەنگداندا وەکو ئەرکێکی رۆتینی سەیر بکات بەڵکو ئەوە بەرپرسیارێتیەکی گەورەیەو دەبێت زۆر بەئازایی ووریایەوە ئەنجامی بدات.

4) قەوارە سیاسەکانی تری دەرەوەی یەکێتی وپارتی لەهەماهەنگی وهاوکاری بەردەوامدا بن بۆ رێگریکردن لەتەزویر، بەوئەندازەیەی یاسا رێگەیان پێ ئەدات لەنزیک بنکەکانی دەنگدان بن وچاودێری هەر جوڵەیەکی غەریب بکەن، هەروەها ئەگەر دڵنیا بون لەوەی کەسێک بەنایاسایی دەنگ ئەدات رێوشوێنی یاسایی لەدژ بگرنە بەر بۆ رێگریکردن.

بەکورتی لەپرۆسەی هەڵبژاردندا دەنگدەر سەنتەرە، کۆمسیۆن رێکخەرە، قەوارەی سیاسی چاودێرە، دەنگدەر بەموجەڕەد دەنگدانی دەتوانێت گەورەترین رێگر بێت لەتەزویرکردن، دوای ئەو کۆمسیۆن بەو رێوشوێنانەی دەیگرێتە بەر دەتوانێت تا ئەندازەیەکی باش هاوکاری دەنگدەر بێت وبەهەردوکیان رێگری لەتەزویر بکەن، هەرچی قەوارەی سیاسیە ئەوا کارەکەی لەم بوارەدا بریتیە لەهاندان وچاودێریکردن، هاندانی دەنگدەر بۆ ئەوەی خۆی بڕوات دەنگبدات وکەسی تر لەجیاتی ئەم دەنگنەدات، لەهەمان کاتدا چاودێریکردنی پرۆسەی دەنگدان وجێبەجێبونی یاسا ورێنمایەکانی کۆمسیۆن. کەواتە دەنگدەر ژمارەیەکی زۆر گرنگی هاوبەشە لەهەمو ئەم هاوکێشانەدا بەبەشداریکردنی لەهەڵبژاردندا هاوکێشەکان بەزیانی هێزە تەزویرچیەکان یەکلادەبنەوە، بەڵام بەنەچونی بۆ دەنگدان کۆی هاوکێشەکان لەسودی هێزە تەزویرچیەکان یەکلادەبنەوەو، زەرەرمەندی یەکەمیش دەنگدەر خۆی دەبێت.

لەکۆتاییدا داوا لەیەکێتی وپارتی دەکەم ئەم هەڵبژاردنە هەرچەند ململانێیەکی نابەرامبەرە بەڵام لەگەڵ ئەوشدا لێگەڕێن بابەباشی بەڕێوە بچێت بۆ ئەوەی وێنەکی جوان پیشانی یارونەیارانی کوردستان بدەین، لەهەمان کاتدا هەر لایەنەو قورسایی وقەبارەی راستەقینەی خۆی بزانێت وپاشان لەسەر ئەو بنەمایە سیاسەت بکات.

 

د. ئیسماعیل نامیق

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی