وێنە گشتییەكەی ئەنجامی هەڵبژاردن

01/10/2018

سه‌رتیپ قه‌شقه‌یی

لە پارێزگای هەولێر پارتی وەكو جاران لە پلەی یەكەم و دەنگەكانی خۆی بە زیادەوە هێناوە، لەبەرامبەردا یەكێتیی وەكو هێزی دووەم دەمێنێتەوە، بەڵام ژمارەی دەنگەكانی وەكو پێویست نییە، هەرچی كۆمەڵ و نەوەی نوێیە لەسەر پلەی سێهەم كێبڕكێیانە، كۆمەڵ لە سنووری دەوربەری هەولێر لە نەوەی نوێ باشترە، بە پێچەوانەوە لە ناو شار نەوەی نوێ لە پێشەوەیە، بەڵام پێدەچێت نەوەی نوێ پلەی سێهەم بەدەستبهێنت.

گۆڕان لە سنووری پارێزگای هەولێر ژمارەی دەنگەكانی زۆر كەمیكردووە، لیستی بەرەو ئیسلاحیش دەنگەكانی لە هەولێر بەرەو ئاستێكی زۆر نزم دابەزیوە.

لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە ئیدارەو قەزاو ناحییەكان ( دەوربەرو) یەكێتیی لە پێش گۆڕانە، بەڵام لە سنووری سەنتەری شار یەكێتیی و گۆڕان لەیەكەوە نزیكن، بەڵام ئەگەر هەیە گۆڕان لە مەركەزی شار یەكەم بێت، هەرچی كۆمەڵ و نەوەی نوێ و پارتییە هەرسێكیان دەنگەكانیان لەم پارێزگایە زیادیكردووەو بەرەو ئیسلاحیش بارودۆخی باش نییە.

لەپارێزگای هەڵەبجە لیستی بەرەو ئیسلاح لە دوای یەكێتیی زۆرترین دەنگی هێناوە، هێزەكانی دیكەی وەكو گۆڕان و كۆمەڵ و پارتی دەنگیان زیادیكردووە، لەبەرامبەردا یەكێتیی كەمیكردوە.

زانیارییەكان ئاماژەبەوەدەكەن، پارتی لە پارێزگای دهۆك ڕێژەی دەنگەكانی زیادیكردووەو بەرەو ئیسلاحیش بە پلەی دووەم دێت، هەرچەند ژمارەی دەنگەكانیشی كەمیكردوە.

بەشێوەیەكی گشتی جارێكی دیكە پارتی هەروەكو جاران وەك هێزی یەكەم دەمێنێتەوە، بەهۆی ئەوەی یەكێتیی لە سنووری هەولێرو ئیدارەی ڕاپەرین و گەرمیان و كۆیەو تەقتەق لە پێش گۆڕانە، بۆیە لە كۆیی گشتیی یەكێتیی وەكو هێزی دووەم لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان دەمێنێتەوەو گۆڕان سێییەم و بەدوای ئەوانیش نەوەی نوێ و كۆمەڵ و بەرەو ئیسلاح دێن.

سەرتیپ قەشقەیی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی