بۆچی هاووڵاتییان گۆڕان-یان سزا دا؟

01/10/2018

نیاز عەبدوڵڵا

ئەم هۆكارانە بوونە پاڵنەر بۆ كەمكردنی ژمارەی كورسییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان و سزادانی بزووتنەوەكە:

-بە بنەماڵەیی كردنی بزووتنەوەی گۆڕان لە لایەن كوڕەكانی نەوشێروان مستەفا و دەستتێوەردانە سیاسی و میدیاییەكانیان و، تاپۆكردنی گردی زەرگەتەو كۆمپانیای وشە و میترۆ و پشكی كۆمپانیای گاسن...، هۆكاری سەرەكین لە پشت ئەم شكستەی گۆڕان.

-بوونی گرووپێكی مشەخۆی سیاسی، كە رۆڵیان بینی لە هاندان و قسە كردن بۆ چەكداركردنی بزووتنەوەی گۆڕان و پشتیوانیكردن لە تەوریسی سیاسی لە ناو گۆڕان.

-لاوازی كەسایەتی سیاسی رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان و دابەشبوونی خانەی راپەڕاندن.

-دەست لەكاركێشانەوەی دەیان كەس لە جڤات و بزووتنەوەكە بە هۆی بەردەوامی كێشە ناوخۆییەكان.

-لەبری رێزگرتن و گوێگرتن لە رەخنەی نووسەران و رۆژنامەنووسان و چالاكوانانی مەدەنی، بزووتنەوەی گۆڕان بە هەمان عەقڵییەت و زمانی پارتی و یەكێتی كەوتە دەربڕینی بێ منەتی و هێرش كردنە سەریان.

-بە پارتی بوونی ژمارەیەك لە وەزیر و پەرلەمانتار و ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا و میدیاكار و هەڵسوڕاوی بزووتنەوەكە، ئەو دیمەنەی بەخشی كە رێگای بوون بە پارتییەكی سەرسەخت تێپەڕبوونە بە بزووتنەوەی گۆڕان.

-وەرگرتنی پارە لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان تا وادەی پێش 16ی ئۆكتۆبەر.

-كاركردنی ھاوبەش لەگەڵ پارتی بۆ تێپەڕاندنی یاسای ھەڵپەساردنی پۆستی سەرۆكایەتی ھەرێم و جێھێشینی ئەم پرسە گرنگە بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمان.

بزووتنەوەی گۆڕان وەك هێزێكی سیاسی كە لەسەر میراتی سیاسی و جەماوەری نەوشێروان مستەفا بەردەوامە، پێویستە:

-رێگای ئۆپۆزسیۆن بوونی راستەقینە لە كابینەی نۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵببژێرێت و بەشداری لە حكومەت نەكات.

-پێویستە بزووتنەوەكە بەر لەوەی رەخنە لە پارتی و یەكێتی بگرێت، رەخنە لە خۆی بگرێت بە ئامانجی ئەنجامدانی چاكسازی سیاسی و دارایی و میدیایی.

-پێویستە بزووتنەوەی گۆڕان لە رێگای دەستووری هەرێم لە پەرلەمان، شەڕ بۆ دەستورێكی دیموكراسی بكات.

-لە هیچ دۆخێكدا بزووتنەوەكە نمایشی چەكداری بەناوی لایەنگران و هەوادارانی نەكات و بە تەواوی دەستبەرداری بیرۆكەی دروست كردنی هێزی چەكداری بێت. لەبری ئەوە تێبكۆشێت بۆ بەدامەزراوەییكردنی هێزە ئەمنییەكان و نەهێشتنی میلیشیای حیزبی.

-خەباتی پەرلەمانی لە شێوە تەقلیدییە پر رێككەوتنە ژێربەژێرەكانی لەگەڵ پارتی و یەكێتی بگۆڕێت بۆ چاودێریكردنی راستەقینەی حكومەت و، رێگانەدان بە تێپەڕبوونی ئەو یاسایانەی دژ بە بنەماكانی دیموكراسی و دادپەروەرین.

نیاز عەبدوڵڵا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی