1
نه‌چونی زۆربه‌ی ده‌نگه دوو دڵ و خۆڵه‌مێشی و گۆڕانخوازه‌كان بۆ سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان ، جگه له‌وه‌ی بێومێدی خه‌ڵك به گۆڕانكاری ده‌گه‌یه‌نێ و ئیدی خه‌ڵك پرسی هه‌ڵبژاردن به پرسی گۆڕانكاری و ته‌نانه‌ت خه‌می خۆیشی نازانێ ، نیشانه‌ی ئه‌وه‌شه كه گۆڕان كێشه‌ی بیر‌و باوه‌ڕی هه‌یه ، كێشه‌ی له نێو خه‌ڵكداو پێكه‌وه بوونی له گه‌ڵ خه‌ڵكا هه‌یه ، جۆرێك له بێمنه‌تی له خه‌ڵك پێوه دیاره ، به باوه‌ڕی من له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا وه‌ك هه‌موو جار نه‌پارتی سه‌ركه‌وتو بووه نه‌یه‌كێتی ، ته‌زویرو ساخته‌ش به‌و جۆره دادی نه‌داون كه ده‌یانه‌وێت ، به‌ڵام ئه‌وه گۆڕانه سزای زۆر كه‌م و كوڕی و كێماسی وه‌رگرتوه ، ئاخر كاتێ به‌شێكی به‌رچاو له سه‌ركرده‌كان و هه‌ڵسوڕاوه‌كانی گۆڕان داوای چاكسازی و چاره‌سه‌ری كێشه‌كان ده‌كه‌ن و گۆڕانیش ئه‌مڕۆ سبه‌ی ده‌كات ، ئه‌نجامه‌كه هه‌ر ئه‌وه ده‌بێت كه هه‌یه .
2
ئێستا گۆڕان به ده‌نگی خه‌ڵك لیستی سێیه‌مه ، له كاتێكا له نیوه‌ی 2009 زیاتر ده‌نگه‌كانی كه‌می كردووه ، ئه‌و ده‌نگانه زۆركه‌میان بۆ پارتی و یه‌كێتی چون ، هه‌موو ئه‌و ده‌نگانه‌ی بۆ پارتی و یه‌كێتی چوونه لای گۆڕانه‌وه ناگاته نرخی كورسیه‌ك ، له گه‌ڵ ئه‌وه‌دا هه‌زاران گه‌نج زیادی كردووه ، كه ده‌بوو زۆربه‌یان گۆڕان بن ، به‌ڵام شه‌ڕی میدیایی گۆڕان له ته‌ك نه‌وه‌ی نوێ دا كه به‌شی هه‌ره زۆریان پێشتر گۆڕان بوونه ، گۆڕانی خسته ئه‌م دۆخه‌وه كه ده‌بێت لێپێچینه‌وه له‌و سیاسه‌ته‌و له‌و كه‌م و كوڕیانه بكرێت و دانی پیا بنرێت .
3
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان تا ئێستا دیدگایه‌كی ڕوونی نیه بۆ ئاینده ، هه‌ندێ كات پێی وایه شه‌ڕی بردنه‌وه له سه‌هۆڵه‌كه تێناپه‌ڕێت و هه‌ولێرو دهۆكی وه‌ك پێویست له به‌ر چاو نیه ، شه‌ڕه‌كه له سنوری سلێمانیدایه ، له كاتێكا ده‌نگه‌كانی هه‌ولێر هێنده‌ی ده‌نگه‌كانی سلێمانیان لێهاتوه‌و دهۆكیش به خێرایی حه‌ویجه زیاد ده‌كه‌ن ، ته‌نیا سه‌یری ئه‌وه بكه‌ن له ساڵی 1992 ه‌وه تا ئێستا سلێمانی چه‌ند زیادی كردوه‌و دهۆك چه‌ند ، ئه‌وجا حسابی خۆتان بكه‌ن ، له سه‌ر ئاستی عێراق چونكه فره بازنه‌ییه ، بۆ سلێمانی 18 كورسی و بۆ دهۆك 11 كورسی دانراوه كه یه‌كێكیان كۆتایه ، به‌ڵام له سه‌ر ئاسی هه‌رێم دهۆك نیوه‌ی سلێمانیه كه‌چی له به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌رێم یه‌ك بازنه‌ی هه‌ڵبژاردنه له سلێمانی زیاتر كورسی ده‌بات .
4
پارتی و یه‌كێتی براوه نین ، به‌ڵام كێماسی گه‌وره هه‌یه له هه‌ڵبژاردنی كوردستاندا یه‌ك بازنه‌یی به ده‌ردی دیموكراسی و كوردستان ناخوا ، ئه‌گه‌ر چوار پارێزگاكه چوار بازنه‌بایه ، سلێمانی و هه‌ولێر یه‌كی 40 كورسیان هه‌با و دهۆك 22 و هه‌ڵه‌بجه 9 هه‌ڵبه‌ت به كۆتاكانه‌وه ، دابه‌شبونه‌كه به‌و جۆره نابوو ، له‌وه ده‌چێت بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له حساب و ماتماتیكا هه‌ر هه‌ندی یه‌كێتی زیره‌ك بن ، یه‌كێتیش له به‌ر دژایه‌تی گۆڕان ئاگای له كه‌ین و به‌ینی تر نیه ، ئه‌مه نیشانه‌ی رق نیه له پارتی كه ده‌یڵێین ئه‌مه هه‌قیقه‌تی دیموكراسیه ناشرینه‌كه‌ی هه‌رێمه .
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی