لەبارەی د.بەرهەم ساڵحەوە

01/10/2018

نەوزاد قەفتان



ئەوەی لەم دواییەدا بووە جێگەی باسی هەمو لایەنەکان، گەرانەوەی د.بەرهەم ساڵح بوو بۆناو یەکێتی، ئەم جوڵانەوەیە دەکرێت وەك مەترسیەك تەماشا بکرێت، چۆڵکردنی بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی بۆناو دوو حیزبی حکومڕان؛ ئەمە لە کاتێکدایە خودی دکتۆر بەرهەم رەخنەی توندی لەم دوو حیزبە دەگرت، هەڵبەتە جێهێشتنی یەکێتی لە ئەنجامی بیرکردنەوە و درک کردنبوو بەو حەقیقەتەی لەناو ئەو حیزبەدا دەگوزارێت، بەجۆرێك گەر کەسێك خودی بنەماڵەی تاڵەبانی نەبێت نابێت ببێتە خاوەنی وتاری سیاسی. کێشەی سەرەکیەکەش هەر لیرەوە سەرچاوەی دەگرت، کە کەسی دووەمی ئێستای ناو یەکێتی ئاراستەیەکی سیاسی بۆ دابرێژرێت، نەبێتە خاوەنی وتارێکی تایبەتی سیاسی خۆی، کە نوێنەرایەتی دەستەجەمعی سەرتاپای یەکێتی بکات.
لەناو فەوزای میدیاکاندا زۆرێك لە راستیەکان ونبوون، کە دەکرێت لە رێگەی ئەم پرسیارانەوە وەڵام بدرێنەوە:

لەسەر داوای كێ دکتۆر بەرهەم گەرایەوە یەکێتی؟

مانگێكو دەرۆژ پێش ئەوەی بەرهەم ساڵح بریاری گەرانەوە بدات، برێت مەکگۆرك نوێنەری ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بۆ شەری داعش سەردانی بەرهەم ساڵح کرد لە ماڵەکەی خۆی، پێ راگەیاند، گەرانەوەی بۆ ناو یەکێتی پێشنیازی ئەمریکایە. ئەمەش پەیوەندی بە دوو خاڵی سەرەکیەوە هەیە: یەکەم، ئەمریکا دەیەوێت حکومەت لەسەر شێواز و خواستی ئەو پێکبهێندرێت، باشترین بژاردەش بەرهەم ساڵح بوو؛ بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، بەرهەم ساڵح نەیدەتوانی لەناو هاوپەیمانیەوە کاندیدی پۆستی سەرۆك کۆماربێت؟ ئاشکرایە، ئەمریکا نەیدەویست دەستکاری لە هەیکەلی دابەشکردنی پۆستەکان بکات لەنێوان حیزبەکاندا، بەجۆرێك نزیکایەتیش لەبەرچاوی خەڵكی هەرێم لەگەڵ حیزبێکی نزیك لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە نمایش بکات، کاندیدەکەی ئەمریکا بەو رێگە داتاشراوەدا بەرێت بۆناو کۆشکی کۆماری. د.بەرهەم بیست و شەش دەنگی بەدەست هێنا لەناو ئەو حیزبەی چەند مانگێك لەوەو پێش رکابەربوون، بە فەرمی بوو بە نوێنەری یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆك کۆمار. ئەمەش لێرەدا ئەوە دەردەخات، خودی ئەندامانی ئەو حیزبە بەشوێن کارەکتەردا دەگەرێن. دووەم، ئەمریکا بەنیازە لە ساڵی ٢٠١٩دا بەهێز و پێگەیەکی دیکەوە بێتەوە ناو عێراق و جێبەجێکردنی پلانەکانی بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئیران. هەربۆیە، بونی بەرهەم ساڵح لەو حیزبەدا هەنگاوێك ئاسانتردەکات بۆ وڵاتێكی وەك ئەمریکا گەر بەنیازبێت مامەڵە لەگەڵ ئیران ئەنجام بدات.

چی لە پۆستی سەرۆك کۆماری بۆ د.بەرهەم گرنگتربوو؟

لەرێگەی رۆیشتن بەرەو کۆشکی سەرۆك کۆماری، دکتۆر بەرهەم بە مەسعود بارزانی وت "نەخێر". گرنگی ئەم وەڵامدانەوەیە ئەوەبوو، کە کارەکتەرێکی سیاسی لەناو بزوتنەوەیەکی نا-ئۆپۆزیسیۆنی نەخێرێکی بۆ سەری ڕەش نارد. ئەمە لە کاتێکدابوو پارتی دیموکرات و راگەیاندنەکەی سەرقاڵی دروستکردنی پەیکەرێکی ئاڵتونین لەخەیاڵی خەڵکدا بۆ سەرۆکەکەیان. لە ساڵانی دواییدا، لە دەرەوەی حیزبی پارتی هەوڵی ئەوە دەدرێت، کە مەسعود بارزانی وەك موقەدەسێکی دەست بۆنەبراو و نوێنەرێکی ئەفسانەیی کورد وێنا بکرێت، بەجۆرێك حیزبەکان پێکەوە هەموو ئۆرگانێكن و خودی مەسعود بارزانی میمبەرێکی دیکەیە لە هەرێم و چاوی وڵاتانی بیانیشدا. بەڵام، لێرەدا ئەوەی گرنگە چەندی دیکە پلانە موتڵەقەکانی بارزانی رەت دەکرێتەوە، ئەمەش زیاتر دەبێت ئەرکی بزوتنەوە ئۆپۆزیسیۆنەکان بێت، کە لەپاش ریفراندۆمەوە نەیانتوانیوە سود لەو هەڵە کوشندەیە وەربگرن کە دەئەنجامەکەی لەدەستدانی نیوەی خاكی هەرێمی کوردستان بوو، کە دەبوو هەمو پێشنیازەکان بخرێنە ژێر گومانەوە و وەك ترس بۆ رودانی هەڵەی دیکە تەماشای بکەن.

هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری کێ دیکە رکابەری بوو؟

ئەوەی ئاشکرایە، هاوپەیمانی لە هەوڵی ئەوەدا بوو بزوتنەوەیەکێ ئۆپۆزیسیۆنی فەراهەم بکات، بزوتنەوەیەك کە جیاواز لەوانی دیکە کە بتوانێت دروشمەکەی خۆی بپێکێت و بتوانێت میانگیری بکات لەنێوان ئەو دروشمە رەکیکانەی لەنێوان حیزبە حوکمران و ئۆپۆزیسیۆنەکانی دیکەدا هەن بە پلەی دووەم، بە پلەی یەکەم و خاڵی گرنگی هاوپەیمانی نمایشکردنی ئۆپۆزیسیۆنێکی "نەرم" بوو، کە دوربێت لە وتاری توند و لێدان لە حیزبەکانی دەسەڵات. لێرەدا ئەوەی نامۆبوو، بزوتنەوەکانی دیکەی وەك گۆران و کۆمەڵ و یەکگرتوو، نزیك لە هاوشێوەی یەکێتی و پارتی مامەڵەیان لەگەڵ هاوپەیمانی دەکرد، ناراستەوخۆ پرۆژەکانیان لەناو چەندپرۆژەی دیکەدا بزر دەکرد، مەبەست لەمەش چۆڵکردنی بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی تەنها بۆ خودی خۆیان بێت. هەروەك چۆن یەکێتی و پارتی دەیانەوێت تەنها دوو حیزبی حکومران بن، هەربەوجۆرەش لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانیش خۆیان بە تەنها داکۆکیکاری خەڵکی دەزانی و بەچاوێکی بێ متمانەوە هەوڵی وێناکردنی هاوپەیمانیان دەدا. لیرەدا دەکرێت ئەو پرسیادە وەڵام بدرێتەوە:
ئایا بەرهەم ساڵح بە حورمەتەوە سیاسەتی هاوپەیمانی بەرێوە دەبرد؟
د.بەرهەم هیچکات نەیدەویست بەرپەرچدانەوەی ئەم سیاسەتەی بزوتنەوەکانی ئۆپۆزیسیۆن بکات، پێی وابوو پێشكەشکردنی وتارێکی هاوشێوە لەلایەن هەموو حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانەوە بۆ دەسەڵات کاریگەری و فشار زیاتر بۆ سەر حیزبانی دەسەڵات دروست دەکات، هەربۆیە بە رستەیەکیش باسی ئەم هەڵوێستەی کۆمەڵ و گۆرانی نەدەکرد. روئیای ئەو بۆ دامەزراندنی هاوپەیمانی، دروستکردنەوەی بازنەی سلێمانی بوو. 
بازنەی سلێمانی چیە؟
لە دوای رێکەوتنی ستراتیجی، رادەستکردنی سەرجەم وەزارەت و خاڵە گرنگەکان بە هەولێر و خودی مەسعود بارزانی، شاری سلێمانی تەنانەت سەرچاوەکانی نەوت و گازیشی لەدەستدا، راستەوخۆ و ناراستەخۆ لەلایەن ماڵی بارزانیەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت. ئەمەش پەیوەستەبوو بە چەند پرسێكی دیکەوە، کە دروستبونی بزوتنەوەی گۆرانی لێکەوتەوە، کە نامەوێت لێرەدا باسی بکەم. ئەم بازنەیە لەلایەن نەوشیروان مستەفاشەوە باسی لێوەکرابوو، کە دەنگۆی ئەوە هەبوو یەکێك لەو پرسانەی بەرهەم ساڵح و نەوشیروان مستەفا باسیان لێوەکردبێت. پاکێجێکی گرنگی هاوپەیمانیش بونیادنانێکی بلۆکێکی هاوپەیمانی بوو لەنێوان لایەنەکاندا بەرامبەر بەهەدەردانی ئەو سەرچاوانە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە. هەربۆیە، هاوپەیمانی وەك بزوتنەوەیەکی تاك رەهەند کارەکانی ئەنجام دەدا. دەبێت ئەوەش بوترێت، ئەمانە هۆکار نەبوو بۆ دەستبەرداربوونی بەرهەم ساڵح لە هاوپەیمانی، بەڵکو ئەو جەختی لەوە دەکردەوە کە جێبەجێکردنی ئەم دروشمە ئیرادە و زامەنێکی درێژخایەنی دەوێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی