بەتاڵی گوتاری سیاسی کورد

02/10/2018

لەشکر قادر ڕەسوڵ


یەکەم: ئینسانی ئێمە دەبێ ئەو نەریتە ئایدۆلۆژی و حیربیە تێپەڕێنێت و نابێ چیتر چاوەڕوانبێ مەقەڕ و لق و مەڵبەند و مەکۆ چایخانەی حیزب بێت دونیای بۆ جوانترو باشتر بکات. دونیا بە چایخانەکانی حیزب ناگۆڕێ، گۆڕانکاری پڕۆسەیەکی فیکری و زانستی و پەروەردەیی یە. حیزبی کوردی لەبەتاڵیەکی گەورەدای فیکری و ئاکاری و پەروەردەیدا دەژی. بۆیە پێویستە کارتی سور بەڕووی ھەموو حیزبەکان دا بەرزبکرێتەوە، ئێمە پێویستیمان بە بزوتنەوەیەکی بەرەنگار و دژە-سیستەم ھەیە دژی ئەو مۆدێلەی «کـەلتووری سیاسـی»بێت. 

دووەم: پارتە سیاسیەکان و کاندیدەکان لەپێناو جوڵاندنی سایکۆلۆجیای جەماوەر خەونی دروستکردنی بەھەشت بەدەنگدەر دەدەن. بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەدەنگدەر دەڵێ: دەنگم پێ بدە من دونیات بۆ دەکەم بە بەهەشتت. دەنگم پێ بدە من پسوڵەی چوونت بۆئەوێ دابین دەکەم. بەڵام دوای ھەڵبژاردن دەبینین ئێمە لەناو جیھانێکی نەگۆڕدا دەمێنینەوە، جیھانێک جگە لەجەھەنەم ھیچیتر نیە.

 سێیەم: ھەموو حیزبە سیاسیەکان دوچاری فەراغێکی گەورەی فیکری و زانستی و پەروەردەی سیاسی بوونەتەوە. ئەم فەراغە وادەکات حیزبەکان نەتوانن “شــۆکی سیاسـی” دروستبکەن و گۆمەکە بشڵەقێنن دژی ئەم نەریتە سیاسی و سۆسیۆلۆژیەی یەکێتی و پارتی،کە لەشەستەکان و هەفتاکانەوە هەژمونگەراییان بەسەر کولتووری سیاسیی ئێمەدا کردووە.

چوارەم: گوتاری سیاسی حیزبی کوردی گوتارێکی چەقبەستووە و بەردەوام خۆی کۆپی دەکاتەوە. ئەگەر سەیری گوتاری سیاسی و پلان و بەرنامەی حیزبەکان بکەین بۆ ئەم ھەڵبژاردنە جیاوازیەکی بنەڕەتی بەدی ناکەین لەگەڵ ھەڵبژاردنەکانی ڕابردوو. بۆیە  ھەمان ئەو قسە سواو و بێمانایەنە دووبارە دەکەنەوە کە لەھەڵبژ ردنەکانی ڕابردوو وتویانە و ھیچ شتێکی نوێ ناڵێن. ھیچ کام لەو پڕۆژەو گوتارە حیزبیانە ناتوانن پەلکێشمان بکەن بۆ شوێنێکی سیاسی دیکە. خەیاڵی سیاسی و پرۆژەی سیاسی ئەم حیزبانە ناتوانن ماف و خواست و خەونەکانی ھاوڵاتیان بەدیبھێنن.

پێنجەم: ئینسانی ئێمە پێویستە بەڕادەیەک ھوشیاری سیاسی بەرزبێت و لەوە تێبگات کەبەشداری سیاسی تاک ھەڵگری بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و ئینسانی گەورەیە، دەنگدان پێشئەوەی پرۆسەیەکی تاکگەرایی و حیزبی بێت پرۆسەیەکی سۆسیۆلۆژی و سیاسیە لەپێناو چاکەی گشتیدا.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی