بارزانی بارمتەی عێراقییبوونی خۆی دانایەوە!

02/10/2018

کاوە شێخ عەبدوڵا


شێخ مەحمودی حەفید لە پێناو ئەو سەربەخۆییەی داوای دەکرد، تا دوایین دڵۆپەی توانا خەباتی بۆ کرد، کە شکستی هێنا، وەکو دەسبەسەرکراوێک تا ساتی مردنی دانیشت.

پێشەوا قازیی محەمەد کە لە ئەزموونی کۆمارەکەیدا شکستی هێنا، چووە پای پەتی سێدارە و گیانی بەختکرد.

مەلا مستەفا کە وەکو سەرۆکی شۆڕشی ئەیلول شکستیخوارد، چووە ژێرباری شکستەکەی و سەری نایەوە. کەچی مەسعود بارزانی ساڵێک دوای بانگەشەی سەربەخۆیی، ئێستا هاتووە بارمتەی عێراقییبوونی خۆی لە بەغدا دادەنێ و تا دوایین دڵۆپەی توانا شەڕ بۆ ئەو بارمتە و کەفیلەی خۆی دەکات!!

لە مێژووی سەد ساڵەماندا، کەسیان وەکو کاک مەسعود پێچەوانەی سەربەخۆییخوازییەکەی کاری نەکرد و دەرکەوت ریفراندۆمەکەش بۆ مانەوەی کارتی بەهێزبوو لە دەست خۆیدا نەک نزیکبوونەوە لە خەونی دەوڵەت. ئەگینا دەبوو کاک مەسعود دوای شکستخواردنی لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی دا، تا رۆژی مردنی هیچی نەوتایە لەسەر " عێراقی عروبە و عێراقی ئەنفالخواز".
کاوە شێخ عەبدوڵا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی