سەرپشككردنەكانی گۆڕان سەری گۆڕانیان خوارد

03/10/2018

كەمال چۆمانی

بزوتنەوەی گۆڕان لە گاڵتەجاڕییەكەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستاندا، خەڵكی سەرپشككرد لەنێوان بەڵێ و نەخێردا. لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماریش، دیسان ئەندامانی خۆی لە بەغداد سەرپشككرد دەنگ بە كام كاندید دەدەن.

هەبونی حیزبی سیاسیی گرنگە تا بتوانێت بەرچاوڕونییەك بێت بۆ گەل بۆ دروستكردنی بڕیاری چارەنوسساز و گرنگ. گۆڕان دەڵێت نایەوێت بكەوێتە ناو ئەو پیلان و رێككەوتن و ململانێیانەی لەنێوان پارتیی و یەكێتیی هەبون، خۆ دەیانتوانی دەنگبدەن بە سروە عەبدولواحید و بڵێن تاكە هۆكار بۆ دەنگدان بە سروە پشتیوانیی بزوتنەوەی گۆڕانە بۆ پێشخستنی ژن لە پڕۆسەی سیاسییدا. بەڵام لە راستییدا گۆڕان لەوانەیە خۆی بەشێك بوبێت لە رێككەوتنەكان بۆیە جورئەتی ئەوەی نەكرد بڕیارێك بدات كە جەماوەرەكەی چاوەڕێیدەكرد.

ئەو سەرپشككردنانەی گۆڕان سەری گۆڕانیان خوارد لە دو هەڵبژاردنی رابردودا. پێویستە جارێكیش سەركردایەتیی بزوتنەوەی گۆڕان خەڵكەكەی سەرپشك بكات لەوەی ئایا ئەو سەركردایەتییەی دەوێت یان نا، ئینجا دەبینین چۆن جەماوەری گۆڕان كۆتایییەك بۆ ئەو پیۆریی و سیاسەتی سەرپشككردنانە دادەنێت!

مانای هەیە بزوتنەوەیەكی گەورەی وەك گۆڕان جورئەتی نەبێت بڕیاربدات كام كاندید باشترینە بۆ سەرۆكایەتییكردنی كۆماری عێڕاق؟ ئایا بزوتنەوەی گۆڕان لەوە تێدەگات كە دیموكراسیی نوێنەرایەتییكردن واتا نوێنەرایەتییكردنی گەل تا ئەو بڕیار و داخوازییانەی گەل لە پارلەماندا لەجایتی هەموان بگەیەنێت؟ ئەگەر گۆڕان ئەو جورئەتەی نەبێت چۆن دەتوانێت نوێنەرایەتیی بكات!

چوار ساڵی داهاتو دەبێت چاوێكمان لەسەر هێزە حوكمڕانەكان و چاوەكەی ترمان لەسەر هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان بێت. 

كەمال چۆمانی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی