رەتكردنەوەی هەڵبژاردن

04/10/2018

عەلی حەمەساڵح

بۆ بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی لەبەردەم بەرپرسیاریەتیەكی مێژویداین.

ئێوە پشتیوانی چوار كۆمسیارتان كردووه، قبوڵكردنی ساختەكاری و زوڵم ئێستا لەدەستی ئەواندایە. دەتوانن زوڵم و ساختەكاری ڕەتبكەنەوەو ئومێد بۆ خەڵك و بەها بۆ هەڵبژاردن بگەڕێننەوە. 

لەبەردەم بەرپرسیاریەتییەكی مێژویداین
خۆتان لەبریكارەكان و كارمەندەكانی كۆمسیۆن بپرسن.. باش دەزانن ئەمە هەڵبژاردن نەبووەو گاڵتەجاری بووە بە هەڵبژاردن. 
١-هەڵكوتانە سەر بنكەكانی دەنگدان بەهێزی چەكدار، ساختەكاریكردنی دەنگ و لێدان لەبریكارەكان و كارمەندەكانی كۆمسیۆن. سیمای ئەم هەڵبژاردنەبوون. 

٢-دەسەڵاتداران نزیكەی ٢٥٠ هەزار ناسنامەی ساختە دروستبكەن، چۆن دەهێڵن بدۆڕێن! چۆن ساختەی گەورە ناكەن، هەر خۆتان وێنەو بەڵگەی سەدان ناسنامەی ساختەتان لەبەردەستدایە لە سەرتاسەری كوردستان. 

٣-گۆڕینی ڕێژەی دەنگدەران لە ٣٥٪ بۆ ٥٥٪ لە پارێزگای سلێمانی چیمان پێدەڵێت؟

٤-لە هەندێك بنكە لە كۆیەو شەقلاوە ڕێژەی بەشداری ١٢٠٪. بووە. بۆچی دەستیان گەشتووە بەو دوو بنكەو بەوانی دیكە نەگەیشتووە؟ بەڵێ بەهووی گەشتوە، هەندێك كەم و هەندێك زۆر.

٥-لە بریكارەكانتان لە قەزای سۆران و دوروبەری هەولێر بپرسن چیان دیوە، چۆن تەهدیدكراون و دەركراون و لێیان دراوە، چۆن ساختەكراوە.

٦-بپرسن بزانن چۆن لە كەركوكەوە خەڵك هێندراوە بۆ چەمچەماڵ و لە شارەزورەوە بۆ سلێمانی و لە گەرمیانەوە بۆ كۆیەو چۆن ساختەكاری كراوە.

٧-بەڵگە لەبەردەستە مولازمی ئاسایش لە هەولێر بە چەكدارەوە هاتووە و چەندین جار دەنگی داوەو وتوویەتی هەركەس قسە بكات بێسەروشوێنی دەكەین!.

٨-بەیاسا دەنگدەر ئازادە، بەڵام فشار لە دەیان هەزار دەنگدەركراوە كە وێنەی دەنگەكانیان نەگرن فەسڵ دەكرێن. باشترین بەڵگەش ئەو ١٩ هەزار دەنگدەری تایبەتەیە كە دەنگیان بە دەسەڵاتداوەو وێنەیان گرتووەو سوتاندوویانە.

٩-بڕۆن بە وردی ئەو سەدان سكاڵایە بخوێننەوە ئەوجا دەزانن ئەمە هەڵبژاردن نەبووە، تەنیا شانۆگەریەك بووە بۆ شەرعیەتدان بە حوكمی دیكتاتۆر.

بەڕێزان، ئێمە‌ بەشێك نین لەم ساختەكاریە، ساختەی گەورەمان لێكراوە، سوكایەتی و لێدان بە بریكارەكانمان كراوە بۆ قوبوڵی بكەین!. 

ئەو چوار نوێنەرەی ئەم سێ هێزە ئەگەر واژوو لەسەر ئەنجامەكان نەكەن پەسەند ناكرێت بە دڵنیایی، ئەگەر واژووش بكەن بەشێك دەبن لەو تاوانە گەورەی دەسەڵات كردوویەتی. 

هیچ ساختەكاریەك وەك ئەمە نەبووە، پارتی و یەكێتی دوای ئەم هەموو نەهامەتیەی بەسەر ئەم میللەتەیاندا هێنا، ١٠ كورسی زیاد بكەن! 

سوتاندنی دەیان سندوقیش هیچ لە بابەتەكە ناگۆڕێت، چونكە پرۆسەكە هەمووی ئیهانەی هەڵبژاردنە، خۆتان نەتانوتووە نابێت هێزی چەكدارو ئاسایش بچێتە ناوەندەكانی دەنگدان، ئەوان نەك چون، بەڵكو سندوقیان پڕكرد و هەڕەشەیان دەكرد و لە خەڵكیان دەدا.. 

خۆتان كاتژمێرێك پێش كۆتای دەنگدان نەتانوت دەیان ناوەند لەدەست كۆمسیۆندا نەماوە. ئێستا چی؟ 

داواكەی ئێمە قورس نیە، تەنیاو تەنیا ئەم ئەنجامە ساختانە واژوو مەكەن.. 

ئەگەر ئێستا ڕەتكردنەوەی ساختەكاری لەدەست ئێمەدا بێت و نەیكەین ئیدی خەڵك نە متمانەی بە هەڵبژاردن دەبێت نە بە ئێمە. ئەم چوار كۆمسیارە بەڕێزەی ئەم سێ لایەنە پشتیوانی كردوون بەڕەتكردنەوەی ئەنجامی ساختە بەها بۆ دەنگی خەڵك و هەڵبژاردن دەگەڕێننەوە. 
ئەگەر یەكێتی و پارتیش لەدەرەوەی ڕێنمایی بە زۆر ئەنجام پەسەند دەكەن باوەك قەزافی و موبارەك ٩٨٪ پەرلەمان هی ئەوان بێت. 

عەلی حەمەساڵح

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە