هەڵوێستی ئینتیهازی گۆڕان لە سەر پرسی دەنگدان بە کاندیدی سەرۆك کۆمار

04/10/2018

د.محەممەد کیانی

پاش ئەو شکستەی بەسەر گۆڕان داهات لە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان،باسی لە تەزویر بۆ زیادکردنی دەنگەکانی پارتی و یەکێتی، قەسدم لە کەمکردنی دەنگەکانی بزووتنەوەی گۆڕانە لە جیاتی زیاد بوونی، ئێستاش فێری وانەیەکی سیاسی نەبوون لە تەکانەوەی جەماوەر لە بزووتنەوەکە. لە پرسی هەڵبژارنی سەرۆك کۆمار سەکردایەتی گۆڕان نەیتوانی هەڵوێستێکی روون وەربگرێت لەسەر پرسی دەنگدان بە کاندیدەکانی سەرۆکایەتی کۆمار و بە ئاشکرا هەڵوێستی دەنگ نەدان بە هیچیان وەرگرن. ئەم 
جۆرە هەڵوێستە ناهەڵوێستانە سیاسەتکردن نییە سەرانی گۆڕان دەیکەن. لە پرسێکی ئەوهادا سەرکردایەتیەك نەتوانێ بڕیار بدات دەبێ چون چاوەڕوانی ئەوە بن جەماوەر متمانەیان پێ بکات و دەنگ بەو بزووتنەوەیە بدات. ئەم بڕیارە بێ بنەمایەی سەرکردایەتی گۆڕان بەوەی ئەندامەکانی سەرپشك کرد هەرکەسە و بە کەیفی خۆی دەنگ بدات لە هێزێکی رێکخراو ناوەشێتەوە لەگەڵ راستگۆیی و دڵسۆزی بوونی سیاستی لەباری هێزێکی سیاسی باوەڕپێکراوی تۆکمە ناگونجێت، بەلکو خەڵکی سەر جادەش دەتوانن سەرپشک بن لە هەڵبژاردنی هەڕەمەکی شتێك. حیزبی سیاسی لە پرسە سیاسیە گەورە و جدیەکان دەبێ یەک دەست ویەك هەڵوێست بێت و ڕای روون ئاشکرا وبێشەرمان و بوێری دیاری بکات. لە ئاست پرسێکی سیاسی لەم جۆرەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار سەرکردایەتی حیزبێك نەتوانێ بڕیار بدات، چۆن دەبێ پرسی ژیان و بژێو و ئاسایش و داهاتووی نەتەوەیەکی بخرێتە بەردەست؟ 

لە پرسی بچوك دەتواندرێ ئەندامانی فراکسیۆنێك سەرپشك بکرێن بە کەیفی خۆیان دەنگ بدەن. ئەم هەڵوێستە لاوازەی سەرانی گۆڕان بەڵگەی نەزانین لە سیاسەت و بەتاڵی لە فکری سیاسییە، نەوەك هێزی سیاسی چۆن وا دووروو و دووفاقە (ئینتیهازی) دەبێت تا ئەو رادەی نەوێرێت هەلوێستی روون و ئاشکرا وەربگرێت. باشترین هەڵوێست بە رای منە دەنگنەدان بوو بە هیچ یەک لە کاندیدی پارتی و یەکێتی، چونکە هەردوو حیزب لە ناوەرۆکا هیچ جیاوازییان نییە و هەمان ماهیەتی گەندەڵی و ساختەکاریان هەیە. 

ئەو شکستە گەورانەی بەسەر گۆڕان داهات لە دوو هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق و پەڕلەمانی هەرێمی کوردستان دابەزینی دراماتیکی دەنگدەرانی
شکستێکن  دەستکردی ئەم سەرکردایەتیە تەکەتولچیە بێ مەعریفی، بێ جورئەت، ناشارەزا لە سیاسەت و ئالیەتی کاری سیاسی لەم سەردەمە، بێ ئاگا لە پێویستی و ویستەکانی کۆمەڵگە و دینامیکیەتەکانی گۆڕانکاری کۆمەلایەتی و سیاسی، تەمبەڵ و شەرمن لە پێشنگایەتی کردن و بێ دەستپێشخەریەیە. بێکومان نوێنەرەکانی لە حوکمەت و پەڕلەمانەکان بەشدار و تاوانبارن لەو شکستە شەرمەزاری ئاوەرانەی توشی گۆڕان بوونە. 
ئەم هەڵوێستە ناهەڵوێستەشیان لەم کاتە هەستیار و بارگاویە روونترین بەڵگەی نەبوونی روئیا و ستراتیجە لەلایەن ئەو بەرپرسانەی گۆڕان بۆ بزووتنەوەکە و پەیڕەوکردنی تەکتیکی لەرزۆك و سەرلێشێواوی دیزاین کراو بە ئاراستەی هەمووان رازیکەربێت. ئەمە سیفاتی هێزی سیاسی بەدیل نییە، ئەمە سیاسەتی دوکانێکی سیاسییە لە بازاڕێک پێویستی بە رازیکردنی مەعمیلەکانیەتی.

دكتۆر محمد کیانی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی