نادیە موراد وەک گێڕەرەوەی حیکایەت

05/10/2018

عەزیز رەئوف

1
بۆمن ئەوەی سەنگی خەڵانی نۆبڵ بۆ نادیە مراد گەورە دەکات، ئەم کچە ئازایەتی نواند و لاقەکردنەکانی خۆی باس کرد. زۆرن ئەوانەی لاقە دەکرێن، بریدار دەبن، ناتوانن برینەکانی خۆیان باس بکەن و چیرۆکەکانی خۆیان بگێڕنەوە. نادیە توانی چیرۆکەکان بگێڕێـتەوە فرمێسکەکانی بە ئازادی لەسەر شاشە ڕشت. ئەمەی نادیە کردی دەبێـت هەموو مێینەیەکی کوردی بیکات ئەویش گێڕانەوەی حەکایەتە. تۆد هێنری لە کتێبی بە (بەتاڵی بمرە die empty ) لەسەر ئەوە دەوەستێت کە دەبێت بە بەتاڵی بمرین. واتە حیکایەتەکانی خۆمان نەبەینە ژێر گڵ و بیدرکێنین. ئەوەی بۆ نادیە گرنگ بوو نەیویست بە پڕی بمرێـت، بەڵکو هەموو حیکایەتە ناخۆشەکانی خۆی گێڕایەوە.
2
سەرباری دڵخۆشی بەوەی کە مێینەیەک لەم نزیکەوە ئەم خەڵاتە وەردەگرێت، کەمێکیش غەمگینم بەوەی کە هەر لەم ساڵدا کە نادیە خەڵاتەکە دەبات، (دۆنا ستریکلاند) وەک ژنێکی کەنەدی خەڵاتی داهێنان وەردەگرێ لە فیزیا. بەو مانایەی ژنانی دنیا خەڵاتی داهێنان وەردەگرن و ژنانی ئێمە خەڵاتی قوربانیدان و تاڵی و ئەزموونکردنی ناخۆشیەکانی ژیان. ئێمە تەنانەت خەڵاتەکانیشمان خەڵاتی قوربانی و لاقە کردن و برینداربوونە نەک خەڵاتی داهێنان و چالاکی.
3
کۆمەڵگەی ئێمە پڕ لە چیرۆکی تراژیدیتر و تاڵتر لە حیکایەتەکانی نادیە. کەم نین ئەو ژنانەی بەدەستی پیاوان لە هەرێمی کوردستان کوژراون و چیرۆکەکانیان بردە ژێر گڵ. بڕۆن سەیری ئەو گۆڕستانانە بکەن بە دەیان ژنی تێدایە کە کەس و کاریان ئامادەنین تەنانەت چەپکێ گوڵ بۆسەر گۆڕیان بەرن. بۆمن گرنکە کە حیکایەتەکانی نادیە ڕامانچڵەکێنێت و کۆمەڵگەیەک کە دۆزەخی مێینەیە لانی کەم لە نادیەوە فێر بێت کە ژن لە کارەکتەری پشت دیوار و مەتبەخەکانەوە بگوازێتەوە سەر شانۆی جیهانی.
4
لە دنیای مۆدێرن دا کۆمەڵگەکان وێران و تاکەکان هەلاهەلا دەکەن و خەڵاتیشیان پێ دەبەخشن. شەڕ هەڵدەگیرسێنن و تفەنگە کۆنەکانی خۆیانیان بەسەردا خاڵی دەکەنەوە. شەڕ هەڵدەگیرسێنن و ئاوارەیان دەکەن و خانوەکانیان وێران دەکەن و خێمەیان بەسەردا دابەش دەکەن. دنیای مۆدێرن سەرباری کارئاسانیەکانی بۆ ژیانکردن، ئاوێنەیەکیشمان پێدەبەخشێت و سەیری برینەکانی خۆمان بکەین. گروپی ڕیشدێژ و پڕ لەشەهوەت دروست دەکەن بۆ لاقەکردنی مێینە و دواتر پێمان دەڵێن بەڕاستی ئازان لەگێڕانەوەی لاقەکردن و برینەکانتاندا و شایەنی خەڵاتی نۆبڵن.
5
نادیە موراد سیمبوڵی قوربانی مێینەی ئێمە و ڕەمزی شکستی بەرگری و تواناکانی ئێمەیە. لەهەمانکاتدا سیمبوڵی ئازایی مێیینەیە لەناو ڕووبارێک لە مرۆڤی بێدەنگدا.

عەزیز ڕەئووف

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی