بۆچی نادیە موراد تاوانبارە؟

05/10/2018

دانا هەڵەبجەیی

05/10/ 2018 لاهای

ئەمڕۆ زۆربەی میدیاکانی جیهان، هەواڵی خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئاشتی بڵاوکردەوە، کە پێشکەش بە خاتو نادیە مورادکە قوربانییەکی دەستی توندوتیژی و شەڕانگێزیی سێکسییە لە عێراق و دکتۆر دێنس مۆکویگە، کە ڕزگارکاری ژنانی قوربانیی دەستدرێژی سێکسییە لە کۆنگۆ، کرا.

هەندێک سەرکردەی باشور و کورد کە جاران ئەیانویست بیکەنە خۆراکی ڕیکلامی حیزبیی خۆیان، و هەندێكی تریش کە بۆ مۆنۆپۆڵکردنی دۆزەکەی بۆ دەسکەوتی حیزبی، ویستیان بەکاری بهێنن. بەڵام ئەم خاتونە نەچووە ژێربارییان، هەر بۆیە لە باشور پێشوازی و خێرهاتنیان نەکرد.

کەچی ئیستا لە ماراسۆن و هەڵپەی و پیرۆزباییدان و خۆیان ئەکەنە خاوەنی ڕزگاربوونی و سەرکەوتنەکانی،،،.
من زۆر لام ئاساییە، چونکە لە سیاسیەت ئاوایە؛ سەرکەوتن زۆر باوکی هەیە و شکست بێ باوک و هەتیوە، هەربۆیە پیرۆزباییەکانی سیاسی و سەرکردەکان، بڵقی ئاوە و بەندوداوە.

زۆر لە خەڵک و کەسایەتی و نوسەر و ڕۆژنامەوانیش، هەریەکە بە  دیدگەی خۆی شایەستەگی و پیرۆزبایی بۆ گوزارشت ئەکات،،،.
بەڵام ئەوەی توشی وڕمان و سەمەرەی کردم، ئەو کۆمەڵە نوسەر و ڕۆژنامەوان و خەڵکە سادەن، کە گلەیی لە خاتو نادیە موراد ئەکەن، تەنانەت تا ئاستی تاوانبارکردنیشی، کە گوایە ئەم خاتونە کورد نییە، نەیوتووە کوردم، بە کوردی نانوسێت و نائاخافتوە، یاخود زۆر لەخۆباییانە خەڵاتی نۆبڵ بێ بەها ئەکەن، بە سیاسەتی ڕۆژئاوا و ئیمپریالیزمی ئەزانن!، لە دژی ئیسلام.

ئەم کچە داماوە جگە لەوەی شەش برا و دایکیشی بەدەستی داعش کوژران، خۆیشی قوربانییەکی دەستی دەستدرێژی سیکسی دڕندانەی پیاوەکانی دەوڵەتی ئیسلامی بوو. کەچی هێشتا تاوانباری ئەکەن کە بۆ خۆی بە کورد نازانیت وەک ئێزیدییەکی باکوری عێراق ناوزەندیان کردووە،،،.
ئاخر خۆ ئەو و کەسوکارەکەی لەبەر ئەوە پەلامار نەدراون کە عەرەب نین، بەڵکو لەبەر ئەوە خۆی و خەڵکەکەشی ئەنفال کران کە موسڵمان نەبوون.
نادیە موراد خاوەنی ئاینێکە کە پەرتوکە پیرۆزکەی (مەسحەفا ڕەش) بە کوردی نوسراوە، ئیتر چ کەچفامێک ئەتوانێت لە کوردبوونی بێ بەری کات؟.

هەرچەند داعش داب و نەریتی دورگەی عەرەبی و پەیامی ئاینێکی بە عەرەبی نوسرای هەڵگرتبو، بەڵام پەلاماری شەنگالی نەدا لەبەر ئەوەی عەرەب نەبون یان عەرەبییان نەزانییوە، ئیتر بۆ ئەم هەڵچونە نەژادپەرستی و قەومچییە، بەو کڵۆل و هەناوسوتاو و بێ باوانە ئەڕژن....

بۆ لە ناو داعشدا کوردی کەم هەبوو، کە بە بەرگ و بە زمانی کوردی، پەیامی پەیامبەریان ئەگەیاند و خەڵکیان سەرئەبڕی؟. 
پێشمەرگە وەک دۆخی جەنگ و ڕوبەروبونەوە و ئازادمەندانی گەلەکەی لەگەڵ داعشدا لە شەڕدا بوو، نەک وەک قوربانی و قۆچ و بەکەنیزەکراو، هەربۆیە حکومەتی سوریاش کە عەرەبن لە دژی داعش لە شەڕدا بوون، وەک پێشمەرگە،،. ئیتر بۆ ئەیکەن شەڕی کورد و عەرەب؟.

تۆ ئەوەندە نەتەوەپەرەستی، جارێ بڕۆ دابونەریتی بەزۆر سەپێنراوی دورگەی عەرەب لە خۆت بکەرەوە، ئەوسا بانگی کوردایەتیە خەڵەفاوەکە بدە بەگوێماندا.
ئەی هەر کوردایەتە نەبوو کە سەدان هەزاریان بۆ بەکوشتدا، و هەزارانی تریشی کردوەتە ملێونەر، ئیتر بۆ داوا لەو سەرزلانە ناکەن کە کوردایەتی کردونی بە سوڵتان، خەڵاتی ئاشتیتان بۆ فەراهەم بکات. چیتان داوە لە کچە ئەتکراوێکی دەستی داعش؟.

 ئەی ئەوە نییە، هەر وەک چۆن کەنیسەی فەڵەکانی بەغدایان ئەتەقاندەوە، چونکە موسڵمان نەبون، ئاواش بەتەمابوون لە نزیک کەرکوک پەلاماری کاکەییەکان بدەن و بە سەبایا و کەنیزە و ئەنفالیان بکەن، نەک لەبەر ئەوەی کوردن، بەڵکو دیسان لەبەر ئەوەی کە موسڵمان نەبوون و نین.

  کەسێک کە ئێزیدی بێت و خەڵاتی نۆبڵ وەربگرێت، وەک قوربانییەک، وەک بەزییەک، وەک ئەوەی سەرەڕای مردنی گیانیی خۆشی، کەچی وەک چالاکوانێک دەنگی کچان و ژنانی هاوشێوەی خۆی و گەلەکەی کە ئێزیدین، بە دونیا گەیاندووە، ڕوی ڕاستەقینەی داعشی بە دنیا ناساند، بۆ ئەبێت ئیرەیی پێ بەریت و تاونباری بکەیت کە بە سۆرانی قسەی نەکردووە!،،،. 

ئاخر کەسێک دەردی و ئازاری ئەنفال و ژەهرە ئاسمانیی هەڵەبجەی نەچشتبێت، لە ئاگری ناو دڵی نادیەش ناگات،،،.
ئایا وەک مرۆڤێک(بێ دەمارگیری قەومچییەتی) مافی خۆت نییە کە شایستەگەی ئەو خەڵاتە بەڕوا بزانیت، کە دراوە بە کیژێک و خانمێکی پێشێلکراوی دەستی هەوەسی جاهیلیانەی مرۆڤە دڕندەکان؟.

هەر کیژێک بۆ خولەکێک، خۆی بخاتە جێی خاتو نادیە، نەک خەڵاتی نوبڵ، گەنجی قارونیش بدەرێ، ئەو ئازاری کزەی جەرگەی خامۆش ناکات.
تکایە بۆ خولەکێک بیر لە کارەساتەکەی نادیە بکەرەوە و هیچی تر مەڵێ، چونکە ئەوە بەنرخترین خەڵاتە بۆی،،،.

 

دانا هەڵەبجەیی 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی