تەقەی خۆشی حوكمرانان

06/10/2018

بهاء الدین نوری

       ( تەقەی خۆشی ) لەسەردەمی كومەڵگەی خێڵەكیدا هەبوو ؛ بەڵام بەس لە شایی و ڕمبازی ئەو سوارانە كە بانگهێشت كرابوون بۆ شاییەكە . ئەم جۆرە شاییەش لەژنگواستنەوەی كوڕە ئاغایەك یان كوڕە كوێخایەكدا دەكرا ۰ ئەوانەی سواری ماینێ یان ئەسپێ نەبوونایە و تفەنگیان پێنەبوایە نەیاندەتوانی بەشداری لەو ڕمبازیە دا بكەن ۰

        شەهید عبدالكریم قاسم بە یاسای چاكسازی كشتوكاڵی لە ساڵی ۱۹۵۹ دا سیستەمی خێڵەكی هەڵوەشاند ٬ بەڵام سەرانی پارتی و یەكێتی لەم ۲۷ ساڵەی حوكمرانیاندا لەم هەرێمەدا داب و نەریتی خێڵەكیان پاراستوە و نۆژەنیشیان كردۆتەوە ۰ ئێستە لەباتی ۷-۸ تفەنگی ئەوسەردەمە لە جامبێزار ویازدە تیرو تەیارە شكێن بەهەزارن كڵاشنكۆف و ڕەشاش و ئار بی جی بەدەست میلیشیا كانیانەوەیە و هەموو ساڵێ زێتر لە بونەیەك و لەدو‌ان بەدەستەوەیە بۆ تەقەی خۆشی ٬ مەگەر عەیبی ئەوەبێ كە بەسەر پشتی ماینەوە تەقە ناكەن ! هەر لەم ساڵەدا ۳ بۆنە كراوە بەبیانوو بۆ تەقە : یەكەم هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراقە لە ۱۲ / ئایاردا : دووەم هەڵبژاردنی پەڕلەمانی هەرێم لە ۳۰ ئەیلولدا ۰ سێیەم هەڵبژردنی د . بەرهەم بە سەركۆمار لە ۲ تیشرینی یەكەمدا.
      
ئەم تەقە كردنە دیاردەیەكی ناشیرنە ٬ دواكەوتنە ٬ خێڵەكیە .....هتد ٬ بەدەگمەن ڕێكەوتووە كە لەم ( تەقەی خۆشیەدا ) چەند هاوڵاتییەكی بێگوناه توشی كارەسات نەبوبێ ٬ چەند شەهید و بریندار یان نەبووبێ . ئاخر ئەمە بۆ ︎? سوودی چیە ? فیشەك بۆ ئەوە دابەش دەكرێ بەسەر چەكدارەكانی حوكمەتدا كە ئەم بەزمەی پێبكرێ ‌‌‌? كێ بەرپرسیاری سەرەكیە لەم تاوانە ٬ لەكوشتن و برینداركردنی قوربانیانی ئەم كردارە خێڵەكیە ? دەیەها جار لە سەر ئەم پرسە نوسراوە‌ ٬ قسەكراوە ٬ داوای وازهێنان لەم نەریتە خێڵەكیە كراوە . خۆ ئەمەش شتێكی گران نیە ٬ بەڵام بەرپرسانی پارتی و یەكێتی حەزیان لە ( تەقەی خۆشیە ) چونكە هێشتا بەعەقڵیەتی عەشرەتگەری دەژین و دەڕۆن و ئەمە لە بەرژەوەندی خۆیاندا دەبینن . 
      
لە كۆتاییدا ئەم داخوازیانە دەخەمە بەردەم : 
      ١- بەو هیوایە نووسەرەكانی هەرێم قەڵەمە بە بڕشتەكانیان بخەنە گەڕ دژ بەم دیاردە خێڵەكیە كە سونبلی دواكەوتن و دوور لە شارستانیە .

      ٢- ڕێخراوە ڕاستەقینەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و حیزبە كانی ئۆپۆزسیۆن دەتوانن خۆپیشاندا نێكی ئاشتیانەی جەماوەری سازبكەن لە هەر چوار پارێزگاكەی هەرێم دژ بەم تەقەی خۆشی ٬ بۆ داوای بنبڕكردنی . دەبێ ئەم داخوازیە ئاراستەی بەغداش بكرێ  . 

    ٣- حكومەت مووچەی شەهیدانە و  كەمئەندامی بۆ سەرجەم قوربانیانی ئەم ( ۲۷ ) ساڵەی ڕابوردوو ببڕێتەوە و ئەوانەشی بریندار كراوون تەعویزی عادلانە وەرگرن .خۆزگە كەناڵەكانی تەلەفیزۆن هەوڵیاندەدا لیستێ بە ناوی هەموو ئەوقوربانیانەوە بڵاو بكەنەوە .                                                                           ٤-   سزای توندی ئەوانە تەقەی خۆشی دەكەن بەهەرشێوە یەك بێ .                                                                                           

بەهادین نوری

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی