پارێزگارە نوێیەکەی هەڵەبجەوئەرکە داهاتووەکانی بۆ خەڵکی شارەکە

08/10/2018

یاسن نادر رەحمان

لە وتارێکی پێشوومدا کە هەر لەم ماڵپەڕەدا بڵاوکرایەوە، هەموو خەمەکانی هەڵەبجەم لە دوای بڕیاڕی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە باس کرد و خستەڕوو، کە بەڵێ ئەم شارە و پارێزگایە لە 13/3/2014بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆكایەتی "نیچیرڤان بەرزانی" لەبەر تایبەتمەندی تایبەتی ئەم شارە وەك شاری شەهیدان، بڕیاری بە پارێزگابوونەكەی بەهۆی شارێكی ڕەمزی و نموونەی و زۆرترین زیانلێكەوتەیی سیاسی لە سەردەمی بەعس و پاش بەعس بۆ دەركراو لە 16/3/2014ی هەمان ساڵیش مەرسوومی سەرۆكایەتی بۆ بوونی بەپارێزگایەكی یاسایی و قانوونی بۆ دەرچوو.
 پاش هەموو ئەمانەش لە 1/6/2015 فەرمانی دەستبەكاربوونی پارێزگار و دوو جێگرەكەی بۆ دەرچوو و لە 11/6/ 2015 دەست بەكاربوون، هەرچەندە جێی وەبیرهێنانەوەیە كە پەرلەمانی كوردستان لە 5/ 2/ 2015 بڕیاری دەركردنی یاسای ئیداریی پارێزگای هەڵەبجەی دەركرد و دواتر پاش تاوتوێكردنی لە 16/3/ 2015دا لە هەڵەبجە ئەم یاسایەی بۆ بەرژەوەندی كاروبارە یاسایی و ئیداریەكانی هەڵەبجە بە واژووی سەرۆكی پەرلەمان و تاوتوێكردنی پەرلەمانتارەكان پەسەند كرد، كە ئەم یاسایە لە 12مادەی سەرەكی پێكهاتبوو و زۆر هەلومەرجی شیاوی ئیداری و بودجەیی و بواری پەرەپێدان و گەشەپێدانی بۆ هەڵەبجەو هەڵەبجەییەكان بەدیهێناو هاوڵاتیان و سەرجەم چین و توێژەكانی لەمبارەیەوە خۆشحاڵ كرد. ئەمانە بەرکوڵێکی یاسایی لەم پارێزگایە بوون.
 بەڵام مەبەستیی سەرەکیی من دیوی دووەمی قسەکانی منە، نەک ئەوەیە کە خوا نەخواستە بەبڕیاڕێ بەپارێزگابوونی هەڵەبجەو پاریزگا نوێیەکەی دڵخۆش نەبم و حەقدێکی سیاسیانەو حیزبییانەو شەخسیانە، ناخی منی نووسەر بگرێت و دەقێکی هێرشاوی بەس ڕەخنە ئامێز بنووسم و زۆر لایەنی تر کە دەکرێت کاری لەسەر بکرێت لەبیر بکەم.
چونکە بەهەر حاڵ ئەمری واقیع ئەوەیە کە ئێستا وا لەم شارەدا دوای بڕیاڕە جۆراوجۆرەکان و ئاڵوگۆڕە دەسەڵاتداریەکان لە شارەکەدا کە پۆستی پارێزگار بەرزترینیان بووە، نەتوانراوە لە ئاستی تمۆحی خەڵکەکەی، خەمەکانی خەڵکی شارەکە بڕەوێنرێتەوە، من کاتێک بەم ئاڵۆگۆڕییە دەسەڵاتداریانە دڵخۆشم، کاتێک پارێزگارێک ئەمشارە بەجێبهێڵێت جێگە دەستی پڕۆژەکانی ئەو وەک پەیامی دەستخۆشی و جێبەجێکردنیان بکەمە پەیامی خوداحافیزیم بۆی.
 حەزدەکەم خەڵکی ئەمشارە، لەدوای ئەم بەرەبەیانییە دووشەمەی ٨/١٠/ ٢٠١٨ دەست بەکاربوونی پارێزگارە نوێیەکەی کاک "ئازاد تۆفیق"، هەموو ڕۆژە وەفدە جۆراوجۆرە ئیداری و ڕێکخراوەیی و خزمانی ئەو بەردەرگای ئەو وەک سەردانێک کە جەمسەرێکی دۆستانەی هەبێت، نەگرن. بەڵکوو وەک نەریتێکی نوێ لە شارەکەماندا بۆ بەرپرسی تازەی ئیداریی ئەم شارە کە دەست بەکار دەبێت، بە بیرێکی قووڵەوە و هێنانی پڕۆژەی جۆراوجۆر و ڕیکار و پڵانەوە، بچنە پێشوازی پارێزگارەکەی و خەمەکانیی ئەم شارە و پلانە نوێیەکان بۆ خزمەتی زیاتریان بخەنەڕوو.
 زمانی ئێمەی نووسەر و هاوڵاتی ئەم شارە بە زمانی ڕەخنەگرتن و ئیهمالکردنی ئەم شارە لە ساڵانی ڕابردوودا هەمیشە دەنگ و ئاوازە گلەییە ئامێزەکانی، هەموو ڕاگەیاندنی کوردی تەنیوە و ئەوە گرنگە هەر لە ئێستاوە چاوەڕوانیەکانی خۆیان لە کوڕە پشتێنەو خزمەکەی شارەکەی خۆیان، بۆ ئەو بخەنەڕو و چیتر هەموان ئەم پۆستانە وەک ئاڵۆگۆڕێکی دەموچاوانە نەبینن و دڵخۆش و ڕەزامەندبوون لە کارەکانی بن.
منی خاوەن ئەم دەقە نووسینە لەم نووسینەم بە پارێزگا نوێیەکەم دەڵێم کاک ئازاد تۆفیق "پیرۆز...." و پیرو خەڕۆ بوون لە خزمەتی ئەم شارەی بۆ خوازیارم و حەزدەکەم ئەوە بڵێم چاوەروانی من وەک کەسێک کە جورئەتی قەڵەم بەدەست گرتنم بە خۆم داوە، ئەوەیە چیتر پەیامی گوڵ و شیرینی هێنان و هەندێک شتی باوی تر ناکەمە پیشەو لەمڕۆوە ئەوە لە مێشکمدا هەڵینجان بۆ دەکەم، کە ئەم پارێزگارە چی بۆ خەمەکانی و خزمەتنەکراوانی ئەمشارە لە زۆر بواردا دەکات و ڕەخنە نووسینەکانم لە کارە باش و ئەدا هەلەکانی خودا نەخواستە گەر هەیبیت، بە نووسینەکانم بۆی دەخەمە ڕوو، کە هەمیشە ئەویشم وەک هاوپیشەیەکی نووسەر، پێش پۆستی بەپاریزگابوون بینیوە.
حەزدەکەم نەریتی پیرۆزبایی منی خاوەن قەڵەم و هەموو کەسێکی تری هاوشیوە لە ئێمە باشتریش ئەوە بێت، زەڕەبینی کار و خزمەتەکان چیتر بکەنە پیشەی کاری خۆیان و چاوەڕوانییان لە خاوەن پۆستەکانیی ئەم شارە "خزمەت و خزمەت و خزمەت" بێت، شتیک کە زاری گلەیی خەڵکی شارەکەو چین وتوێژەکانی لەبارەیەوە هەمیشە بۆی بووە.         
یاسین نادر ڕەحمان     

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی