سەرۆک کۆماری نوێ دەتوانێت دەسەڵاتەکانی بەکار بهێنێت؟

08/10/2018

بەڵێن عیزەت میکە

عێراقی دوای پرۆسەی ئازادی، دوو سەرۆک کۆماری بەخۆوە بینیەوە، یەکەمیان پیاوێکی خاوەن پێگەی سیاسی و جەماوەری، کە توانیبووی پۆستەکەی و دەسەڵاتەکانی بخاتە خزمەتی پرۆسەی سیاسی وڵاتەکەیەوە بەشێوەیەک دامەزراوەی سەرۆکایەتی کۆماری کردبووە سەنتەرێک کە لێیەوە ململاێکان یەکلایی دەکرانەوە و پێکهاتە جیاوازەکان لەوێوە دەگەشتنە لێکتێگەشتنی هاوبەش، سەرۆک کۆماری دووەمی عێراق پیاوێکی خاوەن ئەزموونی سیاسی بوو، بەڵام ئەزموونەکەی وای لێنەکرد ببێتە کەسایەتیەکی خاوەن پێگەی سیاسی  بەهێز و نەیتوانی بەباشی ئەو دەسەڵاتانە بەکاربهێنیت کە دەستور بە سەرۆک کۆماری بەخشیوە.
ئێستا عێراقیەکان چاوەڕێن بزانن سێیەمین سەرۆک کۆماری دوای پرۆسەی ئازادی لە کام مۆدێلەیە؟ ئایا لە کۆشکەکەیدا دادەنیشێت و سەیری هەڵویستی لایەنە سیاسیەکان دەکات بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەکان، یان دێتە دەرەوە و هەموان وا لێدەکات بۆ یەکگرتنەوە و هەماهەنگیی بچنە بەردەم کۆشکەکەی؟
ئەگەر لەڕوانگەی دەستوریەوە سەیری ئەو بابەتە بکرێت ئەوا سەرۆک کۆمار دەتوانێت زۆر شت بگۆڕێت، بەو دەسەڵاتانەی کە بۆی دیاریکراوە، تەنانەت لە سەردەمی تاڵەبانیی کۆچکردوشدا بەکار نەهێنراون، بەپێچەوانەی ئەو تێگەشتنە باوەی کە هەیە لەبارەی دەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆمارەوە، ئەو کەسەی ئەو پۆستە وەردەگرێت دەبێتە خاوەن پێگەیەکی سیاسی و دەستوری و نێودەوڵەتی وا کە دەتوانێت بەو دەسەڵاتانەی کە پێیدراوە کاریگەری دروستبکات لەسەر کۆی پرۆسەی سیاسی لە وڵاتەکەیدا، بەگوێرەی مادەی ٧١ی دەستوری عێراقی سەرۆک کۆمار کۆمەڵێک دەسەڵاتی هەیە کە گرنگترینیان بریتییە لە پێسکەشکردنی پڕۆژە یاسا بە پەرلەمان ئەوەش لەکاتێکدایە سەرۆک وەزیران ئەو دەسەڵاتەی نییە بەڵکو دەبێت بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە و پاش دەنگدان لەسەری، پڕۆژەکە پێشکەش بە پەرلەمان بکرێت، هەر یاسایەک کە پەرلەمان دەریدەکاتت دەبێت سەرۆک کۆمار واژۆی بکات پاشان بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، سەرۆک کۆمار دەتوانێت داوا لە پەرلەمان بکات کۆبونەوەی نائاسایی گرێبدات و بابەتێکیان بۆ دەستنیشان بکات کە گفتوگۆی لەبارەوە بکەن، گرنگتر لەوانەش ئەو دەسەڵاتەیە کە دەتوانێت داوا لە پەرلەمان بکات متمانە لە سەرۆک وەزیران بسەنێتەوە، ئەمانە تا ئێستا تەنها دەقی دەستوریی بوون و لە واقعدا کاریان پێنەکراوە، بەڵام ئەگەر سەرۆک کۆمارێکی بەهێز و بەپێگە هەبێت دەتوانێت مومارەسەی کۆی ئەو دەسەڵاتانە بکات، ئێستا پرسیارەکە ئەوە ئایا سەرۆک کۆمارە نوێکە دەتوانێت ئەو دەسەڵاتانە بەکاربهێنیت یان نا؟
شێوازی هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح بەجۆرێک بوو کە کۆمەڵیک لێکەوتەی دەبێت لەسەر چوار ساڵی حوکمەکەی و دەسەڵاتەکانی، لەیەکەم هەنگاودا سەرۆک کۆمار و حزبەکەی نزیکترین دۆستی خۆیان کردە نەیار کە پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، جیا لەوەش بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کە دزەیان کردووە زۆرێک لە پەرلەمانتارە کوردەکان دەنگیان بە بەرهەم ساڵح نەداوە و هەندیک لەوان بە ئاشکراش ئەوەیان باسکرد کە دەنگی پێنادەن، ئەمە ئەگەر خوێندنەوەیەک هەڵگرێت تەنها ئەو خوێندنەوەیەیە کە ئەو پۆستە وەک پشکی کورد سەیری ناکرێت و لە داهاتوشدا هەر هەڵویستێکی سیاسی لە سەرۆک کۆمارەوە بنوێنرێت ئەگەرێکی زۆر لاوازە کە پشتیوانی پەرلەمانتارانی کورد بدەستبهێنیت و ئەوەش دەبێتە هۆکارێک بۆ لاوازی ئەو سەرۆک کۆمارە.
یەکێکی تر لەو بابەتانەی کە کاریگەری دەبێت لەسەر دەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆمار چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقە، بەو نیشانانەی کە تا ئێستا دەرکەوتووە، پێدەچێت عادل عەبدول مەهدی ببێتە سەرۆک کۆمار و پشتیوانی زۆرینەی پەرلەمان بەدەستبهێنێت، بەڵام ئەو زۆرینەیە زۆرینەیەکی کاتی دەبێت و هەرزوو دەبێت بە چەند پارچەیەکەوە چونکە لە بنەرەتدا چەند پارچەیەکی پێکەوە لکاوە و لە ناچاریدا پەنایان بردوەتە بەر وەها هاوپەیمانیەتێک و پشتیوانی وەها سەرۆک وەزیرانێک دەکەن، ئەمە هەرچەندە بۆ عێراق و پرۆسەی سیاسی خراپ دەکەوێتەوە بەڵام دەبێتە دەرفەتێک بۆ ئەوەی سەرۆک کۆمار بتوانێت ڕۆڵی خۆی ببینێت و وەک پاڵەوان دەرکەوێت، بەڵام ئەوەش دووبارە لێهاتوویی و ئازایەتیی دەوێت و پێویستی بە پشتیوانی پەرلەمانیی دەبێت.
تەوافقی سیاسی یەکێکی ترە لە پرسە گرێدراوەکان بەدەسەڵاتی سەرۆک کۆمارەوە، بەگوێرەی ئەو تەوافوقەی کە لە ٢٠٠٥ەوە کاری پێدەکرێت هەرسێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق دابەشدەبن بەسەر سی پێکهاتەکەدا و نابێت ئەو بنەمایە پێشێلبکرێت، هەرچەندە ئێستە کوردێک لەو پۆستەدایە، بەڵام لە راستیدا لەڕووی سیاسیەوە وەک پشکی کورد سەیرناکرێت بەڵکوو بەشێکە لە دەستکەوتەکانی ئەو زۆرینە پەرلەمانیەی کە پێکهێنراوە و توانیویەتی سەرۆکی پەرلەمان بەدەستبهێنێت و کاندیدەکەشی ڕاسپێردراوە بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومیی، کەواتە ئەوەی ئێستا لە عێراقدا دەگوزەرێت شێوازێکی نوێی تەوافوقە، کە بنەماکەی ڕێککەوتنی سیاسیە نەک بەشداریپێکردنی پێکهاتەکان، چوونکە زۆر بوون ئەو سەرکردە شیعانەی کە شەوی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ڕایانگەیاند ئەگەر ئەو شەوە کاندیدە کوردەکە یەکلایی نەبێتەوە ئەوانیش کاندیدیان دەبێت و چیتر چاوەڕێ ناکەن، ئەوە لەڕاستیدا زەنگێک بوو ئاگەداریکردینەوە لەوەی کە ئەمەی دەیبینین دوا دیمەنی ئەو شانۆنامەیە کە ناوی دیموکراسی تەوافوقیی بوو لە عێراق، چونکە ئەگەر سەرنج بدەین لە بنەماکانی دیموکراسی تەوافوقی کە لە تیۆرەکانی ئایرنت لابهاردەوە سەرچاوەی گرت و یەکەم جار لە هۆڵەندا جێبەجیکرا، دەبینین بوونی هاوپەیمانی گشتگیری نێوان پێکهاتەکان بنەمایە نەک هاوپەیمانی زۆرینەکی پەرلەمانیی.
دواجار خودی کەسایەتی سەرۆک کۆمار ڕۆڵێکی گەورەی دەبێت لەسەر پێگەکەی، بەرهەم ساڵح کەسێکی بە ئەزموون و چاوکراوەی دنیای سیاسەتە، ئەو زەمەنێک جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بووە و سەردەمیکیش وەزیری پلاندانان و دواتریش سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێم بووە، ئەمە جگە لەو پەیوەندیە نێودەوڵەتیەی کە هەیەتی و ئەو ناوبانگە سیاسی کە لە ئاستی جیهاندا پەیدای کردووە، ئەمانە سەرجەمیان یارمەتیدەر دەبن بۆ ناوبراو تا بتوانیت پێگەیەکی سیاسی بەهێز بۆخۆی دروستبکات، بەڵام هەڵوێستە سیاسیەکانی بەرهەم ساڵح لە ئاستی ناوخۆدا و گەڕانەوەی بۆ ناو یەکێتی نشتیمانی کوردستان و ئەو هەڵا ئیعلامیەی کە بەدوایخۆیدا هێنای یارمەتیدەر نابێت بۆی، بێگومان کاریگەری لەسەر خوودی سەرۆک کۆمار دەبێت و ماوەیەکی زۆری پێدەچیت تا ئەو تێگەشتنە باوە لەسەر ناوبراو نامێنێت و دەبێتەوە بەو سەرکردەیەی کە هەموان بە دکتۆری ئاوەدانی دەیانناسی، بەڵام ئەوەش گوومانی تێدا نیە توانای دپلۆماسی بەرهەم ساڵح بەشی ئەوەندە دەکات کە بە چەند جوڵەیەکی سیاسی پۆپۆلیستی، ڕای گشتی لەسەر خۆی بگۆڕێت و بتوانێت یاریەکە لە بەرژەوەندی خۆی کۆتایی پێبێنێت، بێگومان ئەوەش کاریگەریەکی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر دەرونی سەرۆک کۆمار و یارمەتیدەری دەبێت بە هێزەوە بەرەوڕووی ڕوداوە سیاسیەکان هەنگاوبنێت.
لە هەر دۆخێکدا بێت سەرۆک کۆماری نوێ بۆ ئەوەی بتوانێت وەک سەرۆکێکی بەهیز دەسەڵاتەکانی بخاتەگەڕ دەبێت لە هەنگاوی یەکەمدا جەماوەرە زویرەکەی ئاشتبکاتەوە ئەویش بە بەکارهێنانی ئەو دەسەڵاتانەی کە هەیەتی، لە بەرژەوەندی گەلدا، بۆ نمونە سەرۆک کۆمار دەتوانێت پڕۆژە یاسایەک ئامادە بکات بۆ دروستکردنی ئەنجومەنی فدراڵی کە لە دەستوردا ئاماژەی پێکراوە و تا ئێستا دروستنەکراوە، ئەمە هەنگاوێک دەبێت بۆ ئاشتکردنەوەی لایەنگرانی، چوونکە دروستکردنی ئەو ئەنجومەنە تا ڕادەیەکی زۆر لە بەرژەوەندی کورددا دەبێت، لە هەنگاویی دووەمیشدا دەبێت سەرۆک کۆمار پەیوەندیەکانی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان ئاسایی بکاتەوە، بۆ ئەوەش گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق دەرفەتێکی باشە لە بەردەستیدا و دەبێت بەرهەم ساڵح خۆی بەدور نەگرێت لەو پرۆسەیە، بەو شێوەیەش سەرۆک کۆماری نوێ ئامادە دەبێت بۆ دەستکردن بە یاریەکی بەهێز کە چوار ساڵ دەخایەنێت.  

 

بەڵێن عیزەت میکە

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی