کام گۆرانخواز بۆ گۆران گونجاوە

09/10/2018

سامانی وەستا بەكر

لە کۆندا کاتێ پێغەمبەرەکان کۆچیان ئەکرد بەشێکی زۆری دواکەوتووەکانیان پشتیان ئەکردە دینە نوێیەکەیان و ئەگەڕانەوە سەر ئەسڵی خۆیان چونکوم بەباوەڕەوە دوای ئاینەکە نوێکە نەکەوتبوون بەڵکو دوای خودی پەیامبەرەکە کەوتبوون کە ئەوانە خەڵکانێک بوون لەناخدا ئایندار نەبوون.

بەشێکی بەرچاو لە گۆڕانخوازەکان بەجۆرێک لە بزوتنەوەی گۆڕان کەوتوونەتە ڕەخنەگرتن کە ھەرگیز ئەوەم لە لایەنگرانی پارتی و یەکێتی نەبینیوە وێڕای ٣١ی ئاب و ١٦ ئۆکتۆبەریش کە ئەم ڕووداوانە ھەر حیزبێ بیکا کفری سیاسەت و خیانەتی گەورەی نەتەوەییە بەڵام لایەنگرانیان ھەرگیز وەک گۆڕانخوازانیان نەکرد!
ئایا ئەوانە پێشتر زانیویانە بۆ بوون بە گۆڕان؟ گومانم ھەیە...

گۆڕان لە پرۆسەیەکی (دیموکراسیا) بەشێکی زۆری دەنگەکانی لەدەستداوە و ئەمەش ئەوە ئەسەلمێنێ کەم ئەم بزوتنەوەیە حیزبێکی دەنگدەرەو ئەو دەنگانەی کە ئەیھێنێ واقیعین و ھی خۆیەتی، سروشتی ھەڵبژاردن وایە ھیچ حیزبێک بۆ ھەمیشە لە پێشەوە نابێ و خەڵک بیروبڕوای ئەگۆڕێ و دەنگ ئەدا بە حیزبێکیتر تا خزمەتی باشتری بکا بەڵام ئەوەی ناسروشتیە لە ٢٧ ساڵا ھەمیشە ھەر دوو حیزب براوەبن! خۆ ئەگەر کەسێکی غەیرە کورد لە دوورە تەماشاکەربێ دوورنیە بڵێ ئەم میلەتە بە زگماک کێشەی بیرکردنەوەیان ھەیە و ھەستیان سڕە!

کەم کردنی دەنگی گۆڕان بەھۆی خیانەتی نیشتمانی و دزی لە سامانی گشتی نیە بەڵکو ھۆکاری ھەرە گەورەی لەدەستدانی کاریزمایەک بوو کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ئەو جۆرە لە ڕابەر زۆر دەگمەنن لە پەرێز پاکی و پاکیز ڕەفتاریدا، لەدەستدانی کاک نەوشیروان بووە ھۆکاری تێکچوونی ڕیزەکانی گۆڕان و پشێوی لە بەڕێوەبردنا ئەمەش تا ئاستێک بۆ حیزبی ڕۆژھەڵاتی چاوەڕوانكراوە کە پشت بەتاکە کەسێک ئەبەستێ و ھەموو تواناکانی تیاکۆئەکاتەوە کە ڕاست وایە حیزب ئەبێ لەدەوری بەرنامە و پەیڕەو کۆبێتەوە.

جێگای سەرنجە ئەوانەی کە ئێستا بێ ڕێزی بە گۆڕان و کەساتەتیەکانی ئەکەن (ھەڵبەتە ووشەی نەشیاو ڕەخنە نیە) ھەر ئەوانە بوون لەگەڵ ھاوتاکانیان لە پارتی و یەکێتی بەشەڕە جنێو پشێوی کۆمەڵایەتیان ئەنایەوە.

ئەو خەڵکانە لە بەھێزی گۆڕاندا ھێندە گۆڕانخواز بوون ئێمەو مانان لە ناو گۆڕاندا ھەستمان بە غەریبی ئەکرد، بەڵام ئێستا ئەوان تەرەو ڕوو لە کۆنە ھەوار و ئێمەش تەڕو ڕەگ داکوتیوو وەک کۆنە دار.
________________________________
سامانی وەستا بەکر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی