عەرەبانەچییەكەی پەرلەمان و دەستپێكی گۆڕانكاری!

11/10/2018

دڵشاد ئەنوەر

دەرچوونی عەرەبانەچیەكەی ڕانیە بۆ پەرلەمان و دەنگ هێنانی ، لەكاتێكدا سەدان كاندیدی شەهادە دار كەوتن و خەڵك متمانەی پێ نەدان ، مشت و مڕی زۆر دروستكردووە.

كاتێك چاوێك بە فیسبوك دا دەگێڕیت ، دەبینین ئەم مەوزوعە زۆری لەسەر نوسراو وترا ، بەتایبەت شەهادەدارێكی زۆری نیگەران كردووە و بەحساب پەرلەمان سومعەی لە دەستداوە و بووەتە جێگەی ....

جارێ خاڵی یەكەم / كاتێك لە نێو سەدان كاندیدی یاساناس و مامۆستای زانكۆ و بڕوانامەداردا ، عەرەبانەچیەك دەنگ دەهێنێ ، ئەمە خۆی بۆ خۆی بەهێزترین جوابە ، یانی خەڵكی شەهادەدار متمانەی لە دەستداوە ، دەنگدەر دەیەوێ ئەوانیتریش تاقی بكاتەوە و مافی خۆیەتی.

دووەم/ چوار خولە شەهادەدار و زۆر بڵێ لەنێوان حیزبەكاندا ئەمبەرەو بەرەیانە و ڕاوی بەرژەوەندی دەكەن ، هیچیان بۆ میللەت پێنەكراوە ، قەیچێكا با خولێكیش عەرەبانەچی و كوڕە هەژارەكان جێگەیان بگرێتەوە ، من دڵنیام هیچیشیان پێ نەكرێ ، بەقەد ئەوانیان پێ دەكرێ ! 

هەر هیچیشیان پێ نەكرێ ، خۆ چوار ساڵ گوێمان لە موزایەدەو بێنە و بەردەی دەربارەكان نابێ!

سێیەم/ ئێ عەرەبانەچیەك دەرچووە، كاكی نوسەر ، یاساناس ، مامۆستای زانكۆ تۆ بۆ نیگەرانی ، گەر تۆ ١٠ % ی كۆمەڵگا پێك بهێنی ، خۆ عەرەبانەچیەكە ١٥% ی كۆمەڵگا پێك دەهێنی، با هیچ نەبێ نوێنەرایەتی نوێنەرایەتی خۆیان بكەن ، ئیتر كاكی بڕوانامەدار بۆ نیگەران دەبیت ؟!

من لە هیچ دڵنیا نەبم ، لەوە دڵنیام عەرەبانەچیەكە نەفسی بەرزە ، پێی شەرمە وەكو بروانامەدارەكە ، لەنێوان حیزب و باڵەكاتدا یاری بكات و هەر رۆژەو لە ئاوازێك بخوێنێ، كە ئەمە سەرچاوەی نائومێدكردنی خەڵك و نەمانی متمانەیە..
.
بۆیە گەر ٢٥ /٧ سەرەتای گۆڕانكاری و دروست بوونی موعارەزە بێت لەناو پەرلەمان دا ، ئەوا ئەم هەڵبژاردنە سەرەتای گۆڕانكاریەكی گەورەترە، كە انقلاب كردنی ڕەش و ڕووتەكانە لە خاوەن بروانامە دەربارەكان و گەیشتی خۆیانە بە پەرلەمان بۆ نوێنەرایەتی كردنی خۆیان.

دڵشاد ئەنوەر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی