دوای شۆك، بودجەمان بۆچییە؟

11/10/2018

شوان بەرزنجی

لە ساڵی  2014 وە هەرێمی كوردستان بەهۆی بڕینی بەشە بودجەكەی لە لایەن بەغداو شەڕی داعش و داشكانی نرخی نەوت هیچ بودجەیەكی ئامادەكراوی نەبووە، ئێستا هەرێمی كوردستان دەیەوێت لە ساڵی 2019 ببێتە خاوەنی بودجەی خۆی،دوایین بەشە بودجەی ساڵانەی هەرێمی كوردستان لە عێراقدا لە ساڵی 2013، زیاتر لە 16 تریلیۆن دینار بوو، بەڵام كوردستان لە بودجەی 2018 ی عێراق بڕەكەی بۆ كەمتر لە 8 تریلیۆن دینار كەمبویەوە و ئەویش نەدرا، بۆیە ئەگەر هەرێمی كوردستان پشت بە داهاتی خۆی ببەستێت ئەوە بە  كورتهێنانەوە دەبێت بودجەكەی ئامادە بكات و چاوەڕوانی بەشە بودجەشی بكات لە بودجەی 2019ی عێراقدا.

بەهەر حاڵ ئامادەكردنی بودجە بۆخۆی بابەتێكی گرنگە و زۆر مانای ئابووری لە خۆ جەگرێت، هەر چۆنێك بێت هەبوونی بودجە لە نەبوونی باشترە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت لە كاتی ئامادەكردنی بودجە زۆر ئەگەر هەیە رەچاو بكرێت.

4 ساڵی پڕ لە قەیران و شۆكی ئابووریمان بەرێ كردن پێم وایە ئێستاش و بۆ ماوەیەكی درێژتریش شۆكەكانی ئەو چەند ساڵە بەرۆكمان بەرنادات، بۆیە دەبێت لە ئامادەكردنی بودجەی 2019 هەرچ نەبێت بڕێك لەو شۆكانە بڕەوێنینەوە.

تاوەكو ئێستا بەرچاوی  حكوومەتی  هەرێمی كوردستان  روون نیە پارە و بودجەی خەمڵێندراوی بۆ ساڵی 2019 چەند دەبێت ئە وەشی تەخمین دەكرێت رەنگە كورتهێنانی زۆری بەدواوە بێت.

بەهۆی شۆكی چەند ساڵی رابردوو زیاتر لە 3 هەزار پڕۆژەی جۆری پڕۆژەكان وەبەرهێنان وەستان، بۆیە دەبێت لە بودجەی 2019 گرنگی زۆر بە تەرخانكردنی پارەی پێویست بدرێت بۆ وەگەڕخستنەوی ئەو پڕۆژانە بۆ ئەوەی لەو رێگایەوە كەرتی تایبەت هەڵبستێتەوە و بازاڕ و ئابووریش بگەشێتەوە.

ناكرێت، لەسەر حیسابی بودجەی بەكاربردن كە بۆ مووچە و خەرجیەكانی حكوومەتە، پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و زیادكردنی هەلی كار لە بیر بكرێن، چونكە ئەگەر ئەوە بكرێت وەكو ئەوە وایە هیچمان نەكردبێت.

بە پێی  زانیاریەكانی  وەزارەتی  دارایی بێت ئێستا داهاتی مانگانەی نەوتی كوردستان 400 ملیار دینار مانگانەش317 ملیار دیناری لە بەغداوە بۆ دێت بۆ مووچە بە گشتی داهاتەكە زیاتر لە 700 ملیار دینارە بە داهاتی  ناوخۆش ناگاتە  900 ملیار دینار،بۆیە دەبێت بیر لە زیادكردنی داهات بكرێتەوە بۆ ئەوەی ئەوەی لە چەند ساڵی قەیران رۆیشتووە قەرەبۆی بكەینەوە.

دەكرێت لە  نێو  پڕۆژەی بودجە لەرێگەی بانكە ئەهلییەكانیشەوە بێت ،قەرزەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و  قەرزی بچوك و بدرێنەوە هاوڵاتیان بۆ ئەوەی هەلی كار زیاد بكرێـت و ئابووری كوردستانیش رووناك بێتەوە.

شوان بەرزنجی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی