سەرۆكێك, بۆ پاراستنی هاوسەنگی لەعێراقێكی شێواودا

13/10/2018

حەسەن هەندرێن

 دۆخی ئێستای عێڕاق وادەخوازێ، كەسێك بێتەپێش یان كۆدەنگی لەسەر درووستببێ، كە بتوانێ هاوسەنگی نێوان هێزەكان‌و هاوپەیمانەكان رابگرێ، بۆ ئەم مەبەستەش هاوپەیمانێتییە شیعەكان لەسەروویانەوە هاوپەیمانی سائیرونی براوە لەسەر دیاریكردنی عادل عەبدولمەهدی لاریان نەبوو، تاكە مەرج كە هەیان بووبێ ئەوەیە ئەگەر نەتوانێ بۆ ماوەی ساڵێك رووبەڕووی گەندەڵكاران ببێتەوە ئەوا دەبێ وازبێنێ.
 
دوای هەڵبژاردنی دكتۆر بەرهەم بەسەرۆكی كۆمار، راستەوخۆ عادل عەبدولمەهدی دیاریكرد، بۆئەوەی لەماوەی 30 رۆژدا كابینەی وەزاری رابگەیەنێ، هەموو چاوەكان كەوتوونەتە سەر ئەم دوو كەسە، كە كۆمەڵێك خاسییەتی هاوبەشیان لەنێواندا هەیەو ئەتوانن بەیەكەوە عێڕاق، ئەو عێڕاقەی پێش وادەكانی هەڵبژاردن لەوپەڕی ئاڵۆزییدابوو، راستەڕێكەن. چونكە خۆپیشاندانەكانی باشوور بەتایبەت (بەسرا) رووی حكومەتی عەبادییان تەواو ناشیرین كردبوو، رای شەقامی بەتەواوی لەسەر گۆڕا، بەمانایەكی دی نەشئەی ئەو سەركەوتنەی عەبادی بەسەر داعش گرتبووی زوو بەرییدا، هەرچەندە هەر چوار ساڵی حوكمڕانێتییكردنی عەبادی تێوەگلانی وڵات بوو لەشەڕی داعش، بەڵام ئەنجامەكانی وەك دەستكەوت بۆخۆی چنییەوە، تەنانەت لە یەكێك لەوتارەكانییدا ناوی هێزی پێشمەرگەی نەهێنا، كە یەكەم رووبەڕووبوونەوەی داعش لەگەڵ هێزی پێشمەرگەبووە. بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و بەدەستهێنانی دەنگی شەقامیش ناوی هاوپەیمانێتییەكەی نا نەسڕ ( سەركەوتن). راستە لەلایەك لەبەرەكانی جەنگ سەركەوتن بەدەستهات، بەڵام لەبەرەی ناوەوە لەبەرەی خزمەتگوزارییەكان، عێڕاق نوقمی گەندەڵی بووەو بەدەیان ملیار دۆلار بەهەدەرچووە، بێئەوەی توانرابێ كەسێك لەسەر گەندەڵی سزابدرێ، بۆیە ئەمجارە دوور لەعورفەكانی پێشوو هانا براوەتە بەر عادل عەبدولمەهدی تا ببێتە فریادڕەس، بەڵكو بتوانێ دۆخەكە راستكاتەوە‌و عێڕاق بكاتە وڵاتێكی پڕ لەخۆشگوزەرانی، چونكە عێڕاق وڵاتێكی پڕ خێرو بێرە ئەگەر دەستی گەندەڵكارانی لەسەر دووربخرێتەوە گومانی تێدانیە ئەبێتە یەكێك لەوڵاتە خۆشەكان. 
 
كەواتە دیاریكردنی عادل عەبدولمەهدی لەسەر بنەمای پێگە ئابوورییەكەیەتی، كە رشتەی دكتۆراكەی لەم بوارەدایە‌و بۆ راستكردنەوەی باری لاری ئابووری وڵات دەستنیشانكراوە، چونكە خۆشی لەیەكەم كابینەی حكومەت وەزیری مالییە بووە و دواتریش وەزیری نەوت و جێگری سەرۆك كۆمار.
 
ئەڵێن لەسەر بنەمای پێگەی ئابووری ئەمە ئەوە ناگەیەنێ كەسایەتیێكی سیاسی نەبێ یان لەخێزانێكی سیاسی نەبێ، نا بەپێچەوانەوە ئەو خاوەن پاشخانێكی سیاسییە‌و هەمیشە لەسەنگەری ئۆپۆزیسیۆندابووە، بەڵام دۆخی ئێستای عێڕاق وادەخوازێ كە كەسێك هەڵبژێرن، ئەزموونی حوكمڕانی هەبێ‌و كەسێك بێ لەگەندەڵی تێوەنەگلابێ‌و كەسایەتیێكی مەقبولیش بێ لەلایەن ئەمریكاو ئێرانەوە، كە هەموو ئەم خاسیەتانە لە كەسایەتی عادل عەبدولمەهدیدا بوونیان هەیە.    

حەسەن هەندرێن

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی