قردێلەی سوور چی دەگۆڕێت؟

14/10/2018

هیوا سەید سەلیم

  ژمارەیەك سندوقی دەنگدانی هەلبژاردنی خوولی پێنجەمی هەڵبژارنی پەرلەمانی كوردستان لە نێو هەزاران سندوقی تر كە سكڵای لایەنەكانی لەسەرە،  قردێنەی سووریان لێدراوە، قردێنەی سوور نیشانەی ساختەكاری زۆرە،  واتا دوا رێزبەندی ئەو سندوقانەیە كە سكاڵایان لەسەرە لە رووی خرابی ساختەكاریەكە.
  هەرسەبارەت بەو سكاڵایانە،  كۆمسیۆنی باڵای هەلبژاردن و راپرسی دەڵێت: دەستمان كردووە بە لێكۆڵینەوە لە سكاڵاكان كە قردێنەی سووریان لێدراوە، هەر كۆمسیۆنیش دەڵێت: ژمارەی ئەو دەنگانەی كە سندوقەكانیان قردێنەی سووریان لێدراوە بای چوار كورسی پەرلەمانی كوردستانە.
شایانی باسە هەڵبژاردنی 30ی حوەزیرانی پەرلەمانی كوردستان زیاتر لە 1000 سكاڵای لەسەرە، لە نێو ئەو سكاڵایانەدا سكاڵای تەواوی لایەنەكانی بەشداربوو لەو هەڵبژاردنە تۆمار كراوە،  ئەمەیان هێمایە بۆ ئەوەی ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكانی كوردستان هێندە بەرفراوان بووە، هەروەها  بۆتە دیاردە و تا دێت ئەو دیاردەیە شێوازێكی مۆدێرن وەردەگرێت، جێگای نیگەرانیشە كە هیچ ڕێگریەكیش بۆ ئەو دیاردە قێزەونە نیە.
هێزە تەزویرچیەكانی كوردستان، لە پاڵ ئامانجی خرابیان بۆ دەستكاریكردنی دەرنجامەكانی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی حزبەكانیان، ئامانجیانە هیچ بەهایەك بۆ هەلبژاردن و ئەنجامەكانی نەهێڵنەوە، ئەمەشیان بۆ پێداگریە لەسەر مانەوەیان لەسەر كورسی حوكمڕانی كە 27 ساڵە بە خرابترین شێوازی حوكمی خەڵكی كوردستانی پێدەكەن لە لایەك،  وە  بێ ئومێدكردنی خەڵكە بە هەڵبژارن لە لاكەی تر.
لە ئێستاد كە كۆمسیۆنی هەلبژاردن و ڕاپرسی كوردستان سەرقاڵی سندوقە قڕدێنە سوور و ڕەنگەكانی ترە، تا دوای پێداچوونەیان  بە سكاڵای لایەنەكان وەڵامی لایەنە سكاڵاكەرەكان بداتەوە، بەڵام پێناچێت ئەو كارەی كۆمسیۆن گۆڕانێكی جدی لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بكات،  كە ئێستا ئەنجامە بەرایەكانی ڕاگەیەندراو، چونكە ئەو لایەنەی پەنای بۆ ساختەكاری بردووە حسابی ئەو رۆژەشی كردووە كە رووبەرووی سكاڵادەبێتەوە.
هەڵبژاردنی 12 ئایاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە چەند مانگێك پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام درا،  بە هەمان دۆخی ئەوەی دووەم تێپەڕی لە ڕووی ساختەكاریەوە، ئەوساش لایەنە ناڕازیەكان زۆر هاوریان كرد كوا دەنگەكانمان؟  بەڵام بێ سوود بوو، بۆیە دەبێت لایەنەكان بیر لە شێوازی تری ناڕەزایی دەڕبڕین بكەنەوە،  ئەگینا بە چوونە ژێرباری هەلبژاردنی ساختە، دەبنە لایەنی شەرعیەت بەخش بە پرۆسەی لێوان لێو لە ساختەكاری.
ئەوەی دیارە كە چەند رۆژێكی تر كۆمسیۆن ناچاردەكرێت ڕایبگەیەنێت ( سكاڵاكان هیچ بنەمایەكی یاسایان نەبوو)  وە  ئەنجامەكانی هەڵبژاردن وەك خۆی دەكرێتە ئەمری واقع و بە سازانی بەشێك لە لایەنەكانی ناو كۆمسیۆن 50+1 مسۆگەر دەكرێت و ئەوانی تریش با هەر لە ئەژنۆی خۆیان بدەن، هەر ئەوەشە وادەكات كە بڵێین:
نەقردێنەی سور و نە رەش و قاوەیی فلسێكی سووتاو ناهێنێت، چونكە ئەوان دەزانن چی دەكەن و چیان كردووە.

هیوا سەید سەلیم

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی