مەسەلەكە سەید عومەر نییە

15/10/2018

لەتیف فاتیح فەرەج

1
كەس نكوڵی لە پاكی و ماندووبوونی سەید عومەر نیە ، پیاوێك لە تەمەنی گەنجیدا بڕوای بەوە هەبووە كە دەبێت نەتەوەكەی ئازادبژی ، بۆ ئەوەش خەبات پێویستە هەر ئەوەشی كردووە ، ژیانی لیپە لە سەركێشی و بەردەوامی ، هێشتاش خەون بە ئازادی تەواوی كوردستانەوە دەبینێ‌ ، كەوتنی گۆڕان لەم دوو هەڵبژاردنەی دوایدا گرێدراوی سەدان هۆیە ، ئەگەر هۆیەكیان سەید بێت ، هۆگەلی دیكە ئەونین ، قسە لە سەر ئەوەیە بۆ تەواوی كێشەكە بەو جۆرە سەیر بكرێت، كە سەیدە ، یان بێدەنگی ئەو .

2
سەید پێویستی بە داكۆكی كردن نیە ، وەك چۆن بە هێرش كردنە  سەریشی هیچ لە مەسەلەكە ناگۆڕێ‌ ، بەڵام سەیدو هەموو هاوڕێكانی پشكی ئەو كەوتنەیان بەردەكەوێت ، رەنگە سەید بەهۆی رێكخەەریەكەیەوە زیاتری بەربكەوێت ، عیبرەت ئەوەیە كەس لەم پرسە خۆی نەبان نەكات ، ئەوەندەی من بزانم سەید عومەر لە ماوەی رابردودا بەو تەمەنەوە شەوورۆژی خستبووە سەر یەك ، مەسەلەكە نەعومەرەو نەعەبدوڵا ، مەسەلەكە ئەوەیە بزوتنەوەكە لە شوێنە راستەقینەكەی خۆی خزاوە .

3
ئەوانەی دەڵێن ئەگەر قادری حاجی عەلی رێكخەر بوایە رەنگە باشتر با ، مەبەستیان ئەوە نیە تانە لە سەید بدەن ، مەبەستیان زیاتر ماندووبونەكەیە ، من بۆ خۆم وای نابینم قسەكە بۆنی خراپی لێبێت ، سەیدو قادری حاجی عەلیش هاوڕێ‌ و دۆستی دیرۆكین ، رەنگە باشتر لە ئێمە شارەزای یەكتر بن ، هەردووكیشیان خاڵی هاوبەشی نێوانیان زۆرترە تا خاڵی جیاواز .

4
دابەزینی دەنگەكانی گۆڕان بەو شێوەیەو پێشتر چارەسەر نەكردنی كێشەو گرفتەكان و نەبوونی سزاو پاداشت و كەم و كوڕی و كێماسیە زۆرو زەوەندەكانی ئەو بزوتنەوەیەو  گوێ‌ نەگرتن لەوانەی لە خەمی بزوتنەوەكەداو زۆر گرفتی تر ، هی ئەوەن هەڵوەستەیان لە سەر بكرێت و قسەیان لە بارەوە بكرێت ، نەك ئەوەی بابەتەكان زۆر شەخسی بكرێن و مەسەلەكە ئاوا نیشانبدرێت ، كە خەتاكە هی عومەرو عەبدوڵاو عوسمانەو شتی لەو جۆرە . 

5
فەیسبووك و میدیاو ماڵپەڕەكان نەشوێنی چارەسەری كێشە ناوخۆیەكانن ، نە شوێنی تانەو تەشەر ، بۆ حزب و بزوتنەوەو رێكخراوەكان كۆنگرەو كۆنفراس ، شوێنی چارەسەرو وروژاندن و گفت و گۆن ، نەك واڵ و شوێنەكانی دی .

لەتیف فاتیح فەرەج

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی