بۆ سەرۆك كۆماری عێراق

15/10/2018

هونه‌ر تۆفیق

بە چەندین هۆكار سەرۆك كۆماری ئێستای عێراق لە ڕێگای سلێمانیەوە گەیشتووە بەو پلەوپایە. جگە لەوەی سلێمانی زێدی خۆیەتی ، یەكێتی نیشتمانی كە ئەو پۆستەی بۆ مسەوگەر كرد . بە دەنگی خەڵكی سلێمانی ئەو حیزبە پێگەی لە بەغدا دیاری كراوە .

ئێستا سلێمانی لەژێر بارگرانی سزا و ئابڵۆقەیەكی ئابووری و سیاسی ڕانەگەیەندراوی ئیقلیمی و عێراقی و هەرێم خۆیدایە . یەكێك لە دەروازە سیاسی و ئابووریە بەر چاوەكانی هەر شار و وڵاتێك فڕۆكەخانەیە . فڕۆكەخانەی سلێمانیش لەبەردەم هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوە و شكستدایە بەهۆی فشاری شاراوەی ئابڵۆقە ئابووری و سیاسیەكانی سەر سلێمانی . توركیا بە بیانوی پشتیوانی سلێمانی لە پەكەكە ڕۆڵی گەورە لە سەپاندنی ئەو سزایەدا دەگێڕێت . لە حاڵێكدا ئەگەر جیوگرافی سەیری پێگەی سەربازی پەكەكە بكەین لەناو خاكی هەرێمدا ، زۆرینەی سنوری ئیداری و جیوگرافی قەندیل دەكەوێتە سنووری پارێزگای هەولێرەوە نەك سلێمانی . چالاكیە سەربازیەكانی پەكەكە لە سنووری پارێزگاكانی دهۆك و هەولێردان . بەڵام توركیا فڕینی فڕۆكەكانی ڕوو لە فڕۆكەخانەی سلێمانی قەدەغە دەكات .

ئەو قەدەغەكردنە جگە لەزیانە مادیەكانی ، زیانی مەعنەوی و سیاسی گەورە بە پێگەی سلێمانی دەگەیەنێت كە لەماوەی درێژخایەندا سلێمانی دەكاتە پاشكۆی سیاسی و ئابووری ئەو شوێنانەی دەبنە ئاڵتەرناتیڤی فڕۆكەخانەی سلێمانی .

سەرۆك كۆماری عێراق بەپێ ی ئەوەی خۆی لەسەر حسابی سلێمانی سەرۆكی هەموو عێراقە و فڕۆكەخانەكانیش سیادین و سەربەعێراقن . دەتوانێت هەوڵەكانی بخاتەگەر بەتایبەتی یەكەم نوێنەری وڵاتانی دەرەوە سەردانی سەرۆك كۆماری كردبێت و یەكەم داوەتنامەی سەرۆكی وڵاتێكی دەرەوەی پێگەیشتبێت توركیایە . سەرۆك كۆماریش یەكەم پاداشتی چاكەی سلێمانی بداتەوە ئەوەیە ئەو ئابڵۆقە سیاسی و ئابووریە ناوخۆیی و دەرەكیانەی سەر سلێمانی بشكێنێت .

هونەر تۆفیق

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی