كۆمارییەکان و گرەوی سیاسی ترامپ، لەهەڵبژاردنی مانگی نۆڤەمبەری ئەمساڵدا

16/10/2018

هێرش عبدالرەحمان


یەکەم ھەفتەی نۆڤەمبەر جارێکیتر ھاوڵاتیانی ئەمریکی ڕو دەکەنە سندوقەکانی دەنگدان و نوێنەرەکانیان دیاریدەکەن ، لەبچوکترین دەزگاوە تا دەگاتە ئەنجومەنی پیران ، ئەو ھەڵبژاردنە ھەموو چوار ساڵ جارێک لەمانگی ١١ دا بەڕێوەدەچێت ، ئەکەوێتە نیوەی کۆتایی پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا ، براوەی ئەم ھەڵبژاردنە جڵەوی دەیان ساڵی داھاتووی سیاسەتی ئەمریکا دەگریتەدەست . ئیتر ئەمریکیەکان بڕیار دەدەن ئایا دەیانەوێت وەک دوو ساڵی ڕابردووبن و ترامپ سەرۆکیان بێت ، یان ڕوو دەکەنە دژەکانی ترامپ و ئەوان ھەڵدەبژێرن .

ھەلبژاردن بۆ ئەو کورسیانە دەکریتەوە :

٣٥ کورسی ئەنجومەنی پیران .
٤٣٥ کورسی کۆنگرس .
٣٦ ویلایەت حاکمی تازەی ویلایەتەکانیان ھەڵدەبژێرنەوە .

لەئێستادا ھەردوو ئەنجومەنی پیران و کۆنگرس لەژێر کۆنتڕۆڵی کۆماریەکانە ، ئەوەی ویستویانە لەدوو ساڵی ڕابردوودا جێبەجێیان کردوە ، بە چاکو خراپەوە ، ئێستا کە نزیکبونەتەوە لەھەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتی ترسیان لێ نیشتووە کە لەناحیەو قەزاکان ، تا دەگاتە بەرزترین دامەزراوە کەئەنجومەنی پیرانە رێژەیەکی باشی کورسی بدۆڕێنن بەدیموکراتەکان .

شانازییەکانی ترامپ .

بەردەوام لەدەرکەوتنەکانی باسی ئەوە دەکات کە لەسەر دەستی ئەو ئابوری بوژاوەتەوەو ھەزاران ھەلی کاری ڕەخساندوە ، لەناوخۆی ئەمریکادا ، کە لەھیچ سەردەمێکدا وەک ئێستا نەبووە !. جارێکیتر شکۆی گەڕاندۆتەوە بۆ ئەمریکاو ، لەئاستی نێودەوڵەتیداو ڕکەبەرەکانی ناچارن بڕیارەکانی قەبوڵبکەن .

زیانەکانی ترامپ .

تویتەر ، گەورەترین کێشەی ترامپە ، بێ پرسکردن بە دەوروبەر ھەر کات بیەوێت قسەیەک فرێئەدات .

ھاوپەیمان و دۆستی بە ئەمریکاوە نەھێشتووە ، بەردەوام ئەڵێ ئەمریکا بۆ من لە ھەمووتان گرنگترە .

پشتگیریکردنی کۆمەڵێک یاسا ، کەبۆتە ھۆی توڕەبوون و دابەشبونی کۆمەڵگای ئەمریکی ، بەسەر دوو بەرەدا .

پەیوەندی خراپی ھەیە لەگەڵ تەواوی میدیای ئەمریکی ، ئەوانیش ڕەحمی پێناکەن و ڕۆژانە باش ئەیکوتن ، وەک گەڵای پایز دەنگدەری کۆمارییەکانی لێ دووردەخەنەوە .

قسەو باسەکان.

بەھەموو ئەو ڕاپرسی قسەی دیموکراتەکان بێت ئەوان کۆنترۆلی ھاوس ( کۆنگرس ) دەکەنەوە ، بەبردنەوەی ٢٣ کورسی ، ئیتر بڕیاری زۆرینەی کۆنگرس دەکەوێتە دەست خۆیان ، کۆماریەکانیش ھەمان خەونیان ھەیە ، کەکورسیەکان دەپارێزن وەک زۆینە دەمێنەوە .

دەنگدەری کۆماریەکان تائیستا ڕوون نیە کەبەشداری دەنگدان دەکەن ، یان جارێکیتر دەنگ دەدەنەوە بەکۆماریەکان ، یان دەنگ دەدەن بەکاندیدی دیموکراتەکان ، لێرە دەنگدەری ئەمریکی حزب و مێژووی لاگرنگنیە ، ئەو دەنگ دەدات بەپلان و خۆشگوزەرانی ئایندەی مناڵەکانیان .

بەپێی ڕاپرسییەکان کەکراوە ، پێشبینی دەکرێت ئەم ھەڵبژاردنە جیاواز لەڕابردوو ، رێژەیەکی زۆر دەنگدەر بچێتە سەر سندوقەکانی دەنگدان ، ھەردوولا چاویان لەدەنگدەری گەنجە بەتایبەت دیموکراتەکان ، کەمپەینی سەرتاسەریان دەست پێکردوە بۆ ھاندانی گەنجان تا بتوانن بەدەنگەکانیان گۆڕانکاری دروست بکەن و ، زۆرینە بۆ دیموکراتەکان مسۆگەر بکەن .

ترس لەچی ؟

لەم ھەڵبژاردنەدا هەرچی کاندیدی کۆماریەکانە پێی شەرمە لەھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکان ترامپ لەکەمپەینەکەی دەرکەوێت و ، پشتگیری بکات ، خۆیانی لێ دووردەخەنەوە ، دوعا دەکەن لەتویتەریشدا ترامپ باسیان نەکات ، تا توشی شکستیان نەکات .

کۆمارەیەکان لەناوخۆی حزبدا کۆمەڵێک گرفتیان ھەیە ، کەترامپ توشی کردون ، بەھۆی ھەنگاوەکانی دەنگدەرێکی زۆری کۆماری بێ ئومێدکردوە لێیان ، بەس سەرکردایەتی کۆماریەکان بە ناچاری پشتگیری دەکەن ، تاکێشەکانی ناو حزب لەوەی ئێستا ھەیە ، نەبێتەھۆی لەدەستدانی زۆرینەی کورسیەکانیان ، کە دەبیتە ھۆی ھەڵنەبژاردنەوەی ترامپ و ، لەدەستدانی کورسی سەرۆکایەتی لەساڵی٢٠٢٠ .

پلانی دیموکراتەکان .

پلانی دیموکراتەکان دوای بردنەو ، جوڵاندنی ھەموو سکاندەڵەکانیە کە ترامپ تێوەی گلاوە ، ھەر لەمەلەفی سکانداڵی سەکسیەوە ، تا دەستێوەردانی ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی لە لایەن ڕوسیاوە ، ئەگەر لێک تێگەیشتن نەبێت لە نێوان کۆماریەکان و دیموکراتەکان ، بەجوڵاندنی ئەو کەیسانە ململانێکە بەئاراستەی خراپدا دەبات . لە ئێستاوە باسی ئیمپیچکردنی ترامپ و دوور خستنەوەی لە ڕێگای زۆرینەی کۆنگرسەوە ڕووپەڕی میدیاکانی گرتووە .

ئەگەر دیموکراتەکان ببنە زۆرینە ، دەبنە ڕێگر لەتەواوی ئەجێنداکانی ترامپداو ، ناھێڵن ئەو دوو ساڵە بەئاسانی بەڕێ بکات و ھەر یاسایەک کە لەکۆنگرس دەرچێت ڕێگا خۆش دەکەن تا ھەڵبژاردنی داھاتوو بەجیاوازی زۆرەوە ترامپ لە کورسیەکە دێننە خوارەوە .

چی ماوە ؟

کۆمەڵێک مەلەفی گرنگ ھەیە لە سەرەتای ئیشکردنندان ، ھەر لەمەلەفی ئیران و کۆریا و عیراق و سوریا گرینگتریانن ،جارێ ئەو مەلەفانە کراوەن ، دەکرێت زۆرینەی دیموکراتەکان بەو مەلەفانەدا بچنەوەو جیاوازتر لەوەی ترامپ پلان و ئەجێندای تازەیان خۆیان دەبێت .

دوو ساڵی ڕابردوو سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا زۆر ناڕۆشن بوو ، تەواوی دنیا چاوی لەوە بوو بزانێت ترامپ دەیەوێت چۆن مامەڵەیان لەگەڵبکات ، ئەوەی ئەو دوو ساڵە ترامپ ھەنگاوی بۆ ناوە زۆرینەیەکی دیموکراتەکان تێکی ئەداتەوەو یاساکانی خۆیان دێننە کۆنگرێسەوە ، ھەوڵ ئەدەن تێیانپەڕێنن ، ئیتر ترامپ دوای ئەوە کات بەڕێ دەکات تا تێرمەکەی تەواو دەبێت ، وای لێدەکەن نەتوانێت ھیچ بریارێکی گرنگبدات و ، ناتوانێت ئاڵوگۆڕ لەپۆستەکان بکات ، یان کاندیدی ھەبێت بۆ ھیچ پۆستێک ، خۆ ئەگەر پێچەوانە بویەوە ، کۆماریەکان تا ساڵی ٢٠٣٠ حوکم دەکەن .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی