ریفراندۆم هەڵە بوو؟

17/10/2018

مامەند ڕۆژە

ئایا ئەوەی لە ١٦ ئۆکتۆبەر روویدا، بەرەنجامی ریفراندۆم بوو، یاخود جیاواز بوو؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، لێرە چەند پرسێک باسدەکەین: 
یەکەم - یەکێک لە ئامانجەکانی ریفراندۆم بەناودەوڵەتیکردنی (تدویل) پرسی کورد بوو. ریفراندۆم ئەمەی دەستەبەرکرد و دەوڵەتە گەورەکان، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هێزە ناوچەییەکان هاتنەسەرخەت. 
دووەم - ئەگەر سێ رۆژ پێش ریفراندۆمەکە ناوبژیوانییەکە قبوڵبکرایە، ئێستا لە دۆخێکی تردا دەبووین و کەس بە زمانێکی نەرێنی باسی ریفراندۆمی نەدەکرد. کەوابوو خودی ریفراندۆم کێشەی نەبووە، ئیدارەدانی دۆسییەکە کێشەی تێدا بووە. 
سێیەم - دەکرا پرسێکی ئاوا ستراتیژی بەشێوەی زانستی لە پرۆسەی بڕیاسازیدا دەربازبکرایە. واتە دەبوو دەزگاکانی هزری ستراتیژی دەیان کۆنفرانس و لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکردایە، پاشان بخرایەتە سەر مێزی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێم و بە کۆدەنگی بڕیاری لەسەر بدرایە. 
چوارەم - لەگەڵ ئەمانەش ئەوەی دەولەتی عێراق بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان ئەنجامیدا، کەمتر پەیوەندی بە ریفراندۆمەوە هەبوو. بەپێی ئەو رێکەوتنەی سەرکردەکانی هەرێم لەگەڵ ئەمریکا و عیراق واژۆیان کردبوو، دەبوو سوپای عێراق بگەڕایەتەوە سنوورەکانی پێش رۆژی حەوتی حوزەیرانی ٢٠١٤. 
پێنجەم - لەگەڵ هەموو ئەمانەش ریفراندۆم یەکەم تەکانی کوردە کە خۆی لە دۆخی پەرچەکردار دەربازکردووە و دۆخی بکەری خاوەن کرداری خوڵقاندووە. رۆژێكیش دادێ کەوا کورد بەرهەمی ریفراندۆمی خۆی دەچنێتەوە. 
ئەمە رۆژهەڵاتی ناوەراستە و جیۆسیاسەتەکەی ئەوەندە دینامیکە کەس ناتوانی پێشبینی خێرای بۆ بکات. لەبەر ئەمە رۆژان رۆژی لەدوایە....

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی