نەخۆشی پێشوازی لە نادیە

17/10/2018

سەردار عەزیز

نادیە موراد خەڵاتی نۆبڵ کرا.

ئەمە هەواڵێکی ئاسان نەبوو بۆ هیچ کەسێک کە لەو ناوچەیەیەی کە نادیەی لێوە هاتوە. ئێمە ئەم هەڵوێستە بە پێشوازی ناو دەبەین. مەبەستمان لە پێشوازی ئەوەیە کە ئایا روداوێک چۆن لە لایەن کەسانێکەوە پێشوازی لێدەکرێت ؟ ئایا پەیوەندییەکە مرۆییە، یان باوەڕییە، یان بەرژەوەندیە، یان دەرونیە؟ چی وەها لە خەڵکانێک دەکات کە پەرچەکرداریان هەبێت بەرامبەر روداوێک؟ سروشتی روداوەکە خۆی، باوەڕی کەسەکان، بەرژەوەندییان یان باری دەرونییان.
نادیە ئافرەتێکی چوزەڵەی خەڵکی گوندێکی تۆزاوییە لە پادەشتی چیاییەکی بەردین، لە قەراخ بیابان، بە ناوی کۆجۆ. ئەگەر ئێمە لە جیوپۆلەتیکی کۆجۆ ڕابمێنین زۆر شتمان پێدەڵێت دەربارەی ئەو هەڵوێستەی کە ئەوانیتر گرتیانە بەر بەرامبەر نادیە. کۆجۆ لە نێوان کورد و عەرەبدایە. لە نێوان کوردی سوننە و عەرەبی سوننەدایە. سنورێکە لە نێوان موسوڵمان و ناموسوڵماندا. ئێزیدیە کۆچەرییەکان بڕیاریاندا لەوێدا ماڵ بۆ خێزانەکانیان دروست بکەن کاتێک پیاوەکانیان ڕانە مەڕەکانیان بە دوای لەوەڕدا دەگەڕاند، نادیە پێمان دەڵێت. 
بۆ ئێمە ئەم پەیوەندییە ڕەهەندی کۆچەریی و نیشتەجێبوون و دەسەڵات و سەبجێکتیڤتی هەیە. بەڵام ئەوە بۆ ئێرە ناشێت. دەسەڵات هەمیشە بێزارە لە کۆچەر، لە جیاواز، لە دەرەکی، لە یاخی. بەڵام ئەمە تەنها لە ئاستی دەسەڵاتدا ڕووی نەدا. کاتێک سوننە دراوسێ گوندییەکان دەهاتن بۆ شایی لە کۆجۆ نانی شاییان نەدەخوارد، چونکە بە پیسیان دەزانی. ئەم جیاکارییەی نێوان پیس و پاک، ئەگەر کەسێک بە نوسینەکانی سیگمۆند باومان شارەزابێت دەزانێت چ ڕەگێکی رەگەزپەرستانەی هەیە. کۆجۆ پانتاییەکی بیزارکەرە بۆ هەموو دەسەڵاتەکانی تری دەروبەری. وەک نادیە لە کتێبی دوایین کچدا دەڵێت: بۆ سەردەمانێکی زۆر ئێمە لە نێوان عەرەبە سوننەکان و کوردە سوننەکاندا بێرە و بردەمان بوو. ئەوان دەیانویست شوناسی ئێزیدی بونمان لیوەرگرنەوە و بمانکەن بە عەرەب یان کورد.
ئێمە لێرەدا دەتوانین چوارچێوەیەک دابڕێژین: ئێزیدی وەک باوەڕێک و پانتاییەک لە نێوان هەژەمۆنیەتی ئیسلام و کورد و عێراقدا هەمیشە لە ژێر هەڕەشەدابوە. ئەم پانتاییە تەسلیم نەبوە، ئەم خەڵکە خاوەن باوەڕی پێش ئیسلام و پیش مۆدێرنە، نە دەیانەوێت بەشێک بن لە ئاینی خۆسەپێن، نە بەشێک بن لە شوناسی ناسیونالیزمی یەکڕەنگ. وەک لە ئەزمونی ئەوروپاییەوە فێردەبین سروشتی دەسەڵاتی مۆدێرنە وەهایە کە هەموو پانتایی و کەسەکانی تر وەک خۆی لێدەکات: بە مانایەکی تر تۆتالیتارە. لەم پرۆسەی تۆتالیتارییەدا ئەوروپایی و موسوڵمانەکان هاوبەشن: ئەوان هەرکەسێک وەک خۆیان نەبێت بە مەترسی دەزانن. ئەمە کرۆکی یەکێک لە گەورەترین پرۆژەکانی ڕەخنەیە لە پرۆسەی مۆدێرنە لە لایەن ئیمانوئێک لیڤیناسەوە لە ژێر ناوی گشتگیری و هەتاهەتایی. 
کورد کە دەیەوێت شوناسی کوردبونی خۆی بکاتە خیتابی سیاسی بە هەمانشێوەی موسوڵمانەکان نایەوێت جیاواز ببینێت، دەیەوێت هەموو بکاتە هاوشێوە. وانەیەک کە ناسیونالیزمی کوردی دەبێت فێری بێت ئەوەیە کە درەنگە بۆ پرۆسەی تۆتالیتاری. ئەم دۆخە بە هەمانشێوە بۆ پرۆژەی عێراقیش ڕاستە. یان بۆ فیکرەی عێراق. عێراق هیچ نیە جگە لە فیکرەیەکی هەڵە. عێراق وەک مناڵێکی مناڵدانی مۆدێرنەی ئەوروپی بە هەمانشێوە شەیدای پرۆسەی تۆتالیتار و هەتاهەتاییە. بەرهەمی ئەمە جینۆسایدی هەموان بووە.

ئەم هەوڵانە بە ڕوونی لە زمانی ناڕەزاییەکاندا دیارە بەرامبەر خەڵاتەکەی نادیە. دیارە زمانی تاوانبارکردنەکە زمانێکی ئایدەلۆژییە: کرۆکی ئەم زمانە ئەوەیە کە مادەم ئەو ئەوە ناڵێت کە من دەخوازم؛ کەواتە ئەو خراپە. ئەم زمانە ڕەگی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئەفلاتۆن، مارکس یەکێکە لە هەرە بڕەو پێدەرانی. 
نادیە ئەو جەستە ئازاردراوەیە کە کوردبوون، عێراقی بوون، سوننی بوون، موسوڵمان بوون شەرمەزار ئەکات. بەڵام زۆرینەی خەڵک لە بڕی ئەوەی شەرم بکەن، دەیانەوێت ئەویتر شەرمەزار بکەن. تاوانبارکردنی قوربانی بەشێکی زۆری مێژوو و کەلتوری ناوچەکەیە. هەندێکجار کاتێک کە داڕمانی ئەخلاقی و دەرونی باڵا دەبێت ئەوا قوربانی خۆی خۆی تاوانبار دەکات. ئازایی نادیە لەوەدایە لە بڕی ئەوەی بێدەنگ بێت، چیرۆکەکەی بۆ دونیا دەگێڕێتەوە. ئەگەر چیرۆکی لاقەکەرانی نادیە بخوێنیتەوە دەبینی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دەست چەندین گرێی قورسی دەرونیەوە دەناڵێنێت. رووتبونەوە لە جێگا تەنها داکەندنی جل نیە، بەڵکو نمایش ئەو هەموو گرێ دەرونی و کپکراو و وەحشیگەرییە کە لە ناخی زۆرینەی مرۆڤەکاندان. 
هیچ جێگەی سەرسوڕمان نیە کە نادیە بەر نەفرەت بدرێت. ئەو بە زۆر تاوان تاوانبارە: ئافرەتە، ئێزیدیە، بێدەنگ نابێت، و زۆر شتی تر. ئەوەی باشە کە ئەو بوخزە لە لەهجەی سۆرانیدا قەتیس ماوە، دونیا لێی بە ئاگا نابێت. ئەگینا هێندەی تر قەزەم دەردەکەوین لە دونیادا.

سەردار عەزیز

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی