دوا ووتاری جه‌مال خاشقچی : هیچ پێویستییه‌ك ئه‌وه‌نده‌ی ئازادی ڕاده‌ربڕین بۆ جیهانی عه‌ره‌بی گرنگ نییه
نامه‌یه‌ك له (كارین عه‌تیه) ی سه‌رنووسه‌ری (به‌شی بیروڕای جیهانی) یه‌وه
ئه‌مڕۆ ئه‌م "ووتاری بیروڕا" یه‌م له وه‌رگێر و یارمه‌تیده‌ره‌كه‌ی جه‌مال خاشقچییه‌وه پێگه‌یشت ، ئه‌مڕۆش رۆژی دوای ڕاگه‌یاندنی وونبوونیه‌تی له ئه‌سته‌مبوڵ. ڕۆژنامه‌ی "پۆست" بڕیاری دابوو بڵاوكردنه‌وه‌ی ووتاره‌كه دوابخات ، چونكه ئومێدمان وابوو جه‌مال بگه‌ڕیته‌وه لامان و به‌یه‌كه‌وه شه‌ن و كه‌وی بكه‌ین. ئێستا ده‌بێت به‌وه ڕازیبم كه ئه‌مه ڕوونادات. ئه‌مه دوا ووتاری خاشقچییه كه بۆ "واشنتۆن پۆست"ی ئاماده ده‌كه‌م. ئه‌م ستوونه كتومت وابه‌سته‌بوون و په‌رۆشی ئه‌و بۆ ئازادی ڕاده‌ربڕن ده‌رده‌خات له جیهانی عه‌ره‌بیدا. ئازادییه‌ك كه ژیانی خۆی له‌سه‌ر دانا. من هه‌میشه منه‌تباری ئه‌وم كه "پۆست" ی به دوا وویستگه‌ی نووسینی خۆی هه‌ڵبژارد و هه‌لی ئه‌وه‌شی پێ به‌خشین كاری له‌گه‌ڵ بكه‌ین.
جه‌مال خاشقچی نووسیوویه‌تی :
له‌م دوایانه له ئه‌نته‌رنێت به دوای پێنوێنی "مۆشر" ئازادی ڕۆژنامه‌گه‌ریه‌وه بووم بۆ ساڵی 2018 كه دامه‌زراوه‌ی "فریدۆم هاوس بڵاوی كرده‌ووه و گه‌یشتمه ده‌رئه‌نجامێكی ترسناك. ته‌نها ده‌وڵه‌تێك كه له جیهانی عه‌ره‌بی پله‌ی پۆلینی {ئازاد} ی وه‌رگرتووه تونسه. به دوای ئه‌ویشدا ئو‌ردون و مه‌غرب و كوێت له پله‌ی دووه‌مدا دێن و به پۆلێنی {كه‌مێك ئازا} ڕیزیان به‌ستووه. ده‌وڵه‌تانی دیكه‌ی جیهانی عه‌ره‌بیش به پله‌ی {نائازاد} پۆڵێنكراون".
له‌مه‌شه‌وه ، ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ی له‌ئامێزی ئه‌و ووڵاتانه‌دا ده‌ژین یان به‌ئاگانین یان چه‌واشه‌كراون. ئه‌وان ناتوانن وه‌ك پێویست ئه‌و پرسانه چاره‌سه‌ر بكه‌ن كه كاریگه‌ری له‌سه‌ر ناوچه‌كه و ژیانی ڕۆژانه‌یان ده‌روست ده‌كه‌ن ، ئه‌مه چجای ئه‌وه‌ی به ئاشكرایی گفتوگۆی له‌باره‌وه بكه‌ن. پۆله كه‌سێك كه ده‌وڵه‌ت به‌رێوه‌یان ده‌بات زاڵن به‌سه‌ر دڵ و ده‌روونی خه‌ڵكدا و زۆریك له خه‌ڵكان باوه‌ڕیان پێ ناكه‌ن ، به‌ڵام زۆرینه‌ی هه‌ره زۆری دانیشتوان ده‌كه‌ونه تۆڕ و داوی ئه‌و بانگه‌شه ساخته‌كاریانه‌وه. به‌داخه‌وه شیمانه‌ی (احتمال) ه‌ی گۆڕانی دۆخه‌كه له ئارادا نییه .
له به‌هاری2011 جیهانی عه‌ره‌بی پڕپر بووه له هیوا و ئومێد ، ڕۆژنامه‌نووس و ئه‌كادیمی و خه‌ڵكیش به گشتی پێشبینی كۆمه‌ڵگایه‌كی عه‌ره‌بی پرشنگدار و ئازادیان بۆ ووڵاته‌كانی خۆیان له‌سه‌ره‌وه ده‌ڕژا. پیشبینی ئه‌وه‌یان ده‌كرد له‌ژێر هه‌ژموونی حكومه‌ته‌كانیان و ده‌ستتێوه‌ردانی به‌رده‌وام و چاودێری له‌سه‌ر زانیارییه‌كان ڕزگاریان بێت. هێنده‌ی نه‌بردئه‌و پێشبینییانه پوچه‌ڵ بوونه‌وه و ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ش نه‌گه‌ڕانه‌وه دۆخی پێشووی خۆیان ، بگره تووشی دۆخێكی زبرتر له‌وه‌ی پێشووی خۆیان هاتن.
صاڵح شحی هاوڕێی ئازیز و نووسه‌ر‌ی سعودی به‌ناوبانگ ، یه‌كێك له ناودارترین ووتاره‌كانی خۆی له به‌ناوبانگترین ستوونی ڕۆژنامه‌گه‌ری سعودیدا نووسیووه. مه‌خابن ئێستا سزای 5 ساڵ زیندانی ناهه‌قی به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه به هۆی چه‌ند كۆمێنتێكی گوماناوی كه له‌گه‌ڵ هێڵی گشتی حكومه‌ته‌كه‌ی سعودیه‌دا یه‌كانگیر نیین. ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ڕۆژنانه‌ی"ئه‌مڕۆی میسر = مصر الیوم" یش له لایه‌ن حكومه‌تی میسره‌وه ، چی دیكه هاوڕێیان توڕه ناكات و كاردانه‌وه‌شیان نابێت له به‌رامبه‌ریدا. ئاكامی ئه‌م ڕێوشوێنانه‌ش چی دیكه‌ش كاردانه‌وه‌یه‌كی توندی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی به‌دوای خۆیاندا ناهێنن. به‌ڵكو له بری ئه‌وه ، ڕه‌نگه ئه‌و ڕێوشوێنانه ته‌نها ببنه مایه‌ی ناڕه‌زایی ده‌ربڕین و بێده‌نگییه‌كی خێراش به دوای خۆیاندابێنن.
له ده‌رئه‌نجامیشدا حكومه‌ته عه‌ره‌بییه‌كان زیاتر و زیاتر ئازادی كپكردنی میدیاكانیان بۆ فه‌راهه‌مكراوه. زه‌مانێكیش ڕۆژنامه‌نووسه‌كان پێیان وابوو كه ئه‌نته‌رنێت زانیارییه‌كان له چاودێری و كۆنتڕۆڵی ئه‌وانه ده‌رباز ده‌كات كه سه‌ره‌داوی هۆكاره‌كانی ڕاگه‌یاندنی نووسراویان به‌ده‌سته‌وه‌یه. به‌ڵام ئه‌و حكومه‌تانه كه له پله‌ی یه‌كه‌مدا مانه‌وه‌یان به كۆنتڕۆڵكردنی ئه‌و زانیارییانه‌وه به‌نده ، به توندی ڕێگریان له ئه‌نته‌رتیتیش كرد. په‌یامنێره ناوخۆییه‌كانیان ده‌ستگیركردن و ڕیكلامه‌كانیشیان به بیانووی زیانگه‌یاندن به داهاتی چه‌ند هۆكارێكی ڕاگه‌یاندنی تایبه‌ت قه‌ده‌غه‌كردن.
ئه‌و مێرگانه كه‌من كه هێشتا ڕوحی به‌هاری عه‌ره‌بی به‌رجه‌سته بكه‌ن. حكومه‌تی قه‌ته‌ریش له به‌رامبه‌ر كۆنتڕۆڵكردنی ده‌وڵه‌ته هاوسێكانی بۆ میدیاكان و چنگیركردنی ڕژێمه عه‌ره‌بییه كۆنه‌كان له سه‌رچاوه‌ی زانیارییه‌كان ، به‌رده‌وامه له ڕوماڵكردنی هه‌واڵه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان. كه‌چی ده‌رچه میدیاكان له تونس و كوێت ئازادن. به‌ڵام ته‌نها تیشك ده‌خه‌نه‌سه‌ر پرسه ناوخۆییه‌كان نه‌وه‌ك ئه‌و پرسه گه‌ورانه‌ی ڕووبه‌رووی جیهانی عه‌ره‌بی ده‌بنه‌وه. ئه‌وان دوودڵیشن له دابینكردنی سه‌كۆیه‌كی ئازاد بۆ ڕۆژنامه‌نووسانی سعودیه و میسر و یه‌مه‌ن. هه‌تا بۆ لوبنان كه به گه‌وهه‌ری تاجی عه‌ره‌بی ناسراوه ، كاتێك پرسه‌كه په‌یوه‌ست ده‌بێت به ڕۆژنامه‌گه‌ری ئازاده‌وه ، ده‌گلێ و شكست دێنێت ، به‌مه‌ش بووه قوربانی به‌ره‌وخۆكێشكردن و هه‌ژموونی حزبوڵای سه‌ر به ئێران.
جیهانی عه‌ره‌بی ڕووبه‌ڕووی شورا پۆڵاینه‌كه‌ی خۆی ده‌بێته‌وه كه له ده‌ره‌وه نه‌سه‌پێندراوه ، به‌ڵكو هێزه لۆكاڵییه كیبڕكێكاره‌كانی ده‌سه‌ڵات سه‌پاندوویانه. له كاتی جه‌نگی سارددا "ئیستگه‌ی ئه‌وروپای ئازاد" به تێپه‌ڕبوونی ساڵان به‌ره‌و دامه‌زراوه‌یه‌كی یه‌كلاییكه‌ره‌وه وه‌رسوڕا ، ڕۆڵێكی گرنگیشی گێرا له پشتیوانی و درێژه‌دان له هیوا و ئومێد بوون به ئازادی. عه‌ره‌به‌كانیش پێویستیان به شتێكی له‌م بابه‌ته‌یه. له ساڵی1967 هه‌ردوو رۆژنامه‌ی " نیویۆرك تایمز"و "واشنتۆن پۆست" ڕازی بوون به بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌یه‌كی جیهانی هاوبه‌ش ، ئه‌ویش ڕۆژنامه‌ی"ئه‌نته‌رناشیوناڵ هیراڵد تریبیون" بوو كه بووه سه‌كۆیه‌ك بۆ ده‌نگه جیهانییه‌كان.
واشنتۆن پۆست ئه‌و نوسوراوه‌ی منی كرده ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك بۆ زۆرێك له‌و ووتاره تایبه‌ته‌كانم و به زمانی عه‌ره‌بیش بڵاوی كردنه‌وه ، من منه‌تباری ئه‌و هه‌ڵوێسته‌م. عه‌ره‌ب پێویستیان به‌وه‌یه به زمانی خۆیان بخوێننه‌وه تاكو بتوانن له سه‌رجه‌م لایه‌نه و كه‌موكوڕییه‌كانی دیموكراسی له ووڵاتانی ئه‌مریكا و ڕۆژئاوا بگه‌ن و گفتوگۆشی له‌باره‌وه بكه‌ن. ئه‌گه‌ر بابایه‌كی میسری ووتارێك بخوێنێته‌وه و به‌هۆیه‌وه سه‌رجه‌م خه‌رجی پرۆژه بونیادگه‌راییه‌كه‌ی "واشنتۆن پۆست" بزانێت ، ده‌توانی باشتر له‌و كاریگه‌ریانه تێبگات كه له پڕۆژه‌یه‌كی هاوشێوه‌ی ئه‌و پڕۆژه‌یه ده‌كه‌ونه‌وه له ووڵاته‌كه‌ی خۆیدا.
جیهانی عه‌ره‌بی پێویستی زۆری به كۆپییه‌كی تازه‌ی ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه هه‌یه ، تاكو هاووڵاتییان بتوانن ئاگایان له ڕووداوه جیهانییه‌كان بێت. ئێمه بۆ ده‌نگه عه‌ره‌بییه‌كان پێویستمان به سه‌كۆیه‌كی ئازاد هه‌یه. ئێمه به‌ده‌ست هه‌ژاری و خراب به‌ڕێوه‌بردن و خراپه په‌روه‌رده‌وه ده‌ناڵێنین. له ڕاستیدا دامه‌زراندنی مونته‌دایه‌كی نێوده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ و دابڕاو له كاریگه‌ری حكومه‌ته قه‌ومییه‌كان كه له ڕێگه‌ی ڕیكلامه‌وه ڕق وكینه بڵاوده‌كه‌نه‌وه ، توانا به خه‌ڵكه ساده‌كه‌ی جیهانی عه‌ره‌بی ده‌به‌خشێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و گرفته بونیادگه‌راییانه‌ی ڕووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵگاكانیان ده‌بنه‌وه.
پێگه‌ی ئه‌له‌كترۆنی : ن پۆست
نووسین : جه‌مال خاشقچی
وه‌رگێرانی : لوقمان حاجی قادر
كه له‌م لینكه‌دا به‌رده‌سته : http://www.noonpost.org/content/25213
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی