گۆڕینی گۆڕانکارییەکانی ناو گۆڕان

22/10/2018

نەبەز جەلال



دوای دەرچوونی بڕیاری بەرپرسانەی چڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان، بۆ جێبەجێکردنی چاکسازی و سەرلەنوێ گۆڕانکاری، لە ئۆرگانەکانی بزوتنەوەی گۆڕاندا، هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەدەچن، کەزۆرێک لە بەرپرسانی گۆڕان بەرپرسیارێتی دۆخی ئێستای بزوتنەوەکە هەڵدەگرن و لە پۆستەکانیان دەکشێینەوە و دەستاو دەست کردنی دەسەڵات، لەڕێگەی دەنگەکانی کۆنگرەوە دەدەنە کەسی هەڵبژێردراو.
بێگومان کارێکی پیرۆز و شێوازێکی تری نوێی سەرکەوتنی بزووتنەوەی گۆڕانە بۆ دروستکردنی کارەکتەری سیاسی و پەیڕەوکردنی سیاسەتی نوێ لە پرۆسەی سیاسیدا.
ئاشکرایە بزووتنەوەکە کێشەی ناوخۆیی و دەرەکی قورسی هەیە، چارەسەرکردنیشیان دەگەڕێتەوە بۆ ورد بینی و درککردن بەو نهێنییە وردانەی بونەتە درزی پایەو کۆڵەکەکانی ئێمەی لەسەر بینای خۆی پێهەڵچنییوەو خۆمانمان تیادا بونیاد ناوە، کە دووربووە لە سروشت و ڕاستییەوە، بە نەبینراویش تێپەڕیوون بەهۆکاری بوونی متمانەیەکی بەهێز.!
خەباتی پەرلەمانی دەسپێکی کاریگەریەکانی بزوتنەوەکە بوو بۆ هەنگاوەکانی گۆڕانکاری پرۆژە سیاسیەکە، کەتێیدا سەنگەری بەرگری و ململانێی سیاسی بوون بۆ گەیشتن بە ویستی خەڵک .
گۆڕان لە خولی چوارەمدا دەرگای گفتوگۆو چارەسەری ئاڵۆزییەکانی دەسەڵاتی لە سەر زمانی سیاسیەت کڵۆمدا و کلیلەکەشی خستە نێوو دەستی هێزە چەک بەدەستەکان، چەکی کردەوە بە براوەی نێو گۆڕەپانەکە، کە چەندساڵێک بوو بەرەو توانەوە یەکبوون دەچوو. ئەمەیان بەرامبەر بەجەنگ و خوێن بۆ ئەمڕۆی کورد، دەبوە دەستکەوتێکی گەورە، وەک ژیانیش قۆناغەکە نادیار، یان ترسناک دەگۆڕدرا بۆ داهاتوو کە ناکرێ ئێستا هیچی لەسەر بڵێین چوون تێپەڕی و دۆخەکەش لەژێر سروشتی گۆڕانکاریەکانی ناوچەکەدا نادیارە.
لیستی کاندیدە براوەکانی ئەم خولەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پەرلەمان لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە، بە دەرئەمجام و کۆکەرەوەی بەرهەمی کاری پەرلەمانی پێشومانە بۆ ئەو دروشمەی کردبومانە سەرکەوتن و شکست بۆ بزوتنەوە و جەماوەرەکەی لە ئایندەدا هەنگاوی باشتری پێ ببڕین.
دیارە بەگشتی هونەر و کار و کارەکەتەری سیاسی باشمان نەبوو لە جێگەی پێویستدابێت بۆیە ئەمەیان زۆر ڕوونەو جێگەی باس نییە ڕۆیی. 
لە ئێستادا بە پێویستی دەزانم وەک هەڵسوراوێکی سەرەتایی گۆڕان، نزیک لە جوڵە و کردارە ناوەکی و دیارەکانی بزوتنەوەکە، هەندێک خاڵی کورت بۆ سەرنجی دوابڕیاری چڤاتی گشتی لەو بڕیاری گۆڕانکاری و نوێبونەوەدا بێ ڕەتوش و دڵ ڕازیکردنی هیچ کەس و گروپێکی ناو گۆڕان  بخەمە ڕوو. کە تێیدا چەرخی بزوێنەری سەرکەوتنەکانی گۆڕانی تێدا بەرجەستە دەبێت و، ئومێدی زیاتر دەبەخشنەوە بەگۆڕانخوازان و پرۆسەی گۆڕانکاری، کە ئامانجی راستەقینەی گۆڕان و دوا قۆناغی گەیشتنی گۆڕانیشە بە سەرکەوتن. 


هۆکاری شکستەکان:
1) بزوتنەوەی گۆڕان، لەدیوی ناوەوەیدا ئەوەندەی مۆرکی کەسی پێوەیە، ئەوەندە بە ناو جەماوەرییەکەی نەبوو،کە جەختی لەسەر دەکرایەوە. دەرئەنجامەکەشی نەک لەڕووی پەیامەوە بگرە لەڕووی پراکتییک و سروشتیشەوە کەوتە دەست خەڵک.
2) " پرسیارە بێ وەڵامەکە " ڕێکخەری گشتی پێشوو " نەوشیروان مستەفا " توانای یەکلاییی کردنەوەی زۆرێک لە کێشە ئۆرگانییەکانی هەبوو، زۆریش بە ئاسانی دەیتوانی یەکلاییان بکاتەوە، بۆ نەیکرد.!؟ ئەمەشیان وەڵامەکەی بە دیوێکدا هاوپێچە، بە خاڵی یەکەمی ئەم نوسراوەوە.
3) هەمیشە چەکی ململانێ و هێشتنەوەی گەنجی ناو بزوتنەوەکەیان بە ئاڕاستەی دژایەتیکردنی ڕاستەوخۆی سیاسەتی کۆن و پیرەکان دەشوبهاند، بە پێچەوانەشەوە هەڵەو شکستی گەنجەکانیان بە کاڵفامی و ئەزموونی پیرەکان وەک سیاسەت و پرەنسیبی نوێبونەوە دەسپارد بە سەرقاڵی.! ڕێکخەری گشتیش تەماشاکارێکی ناوەند گیری میانڕەوی پڕ ئەزموون بوو لە گەمە و گەپ بۆ سەرقاڵی و مانەوەی بە تەنهایی لە لەنگەری بڕیارداندا بۆ سەرخستنی بڕیارەکانی.
4) کارەکەتەری یەکەمی بزوتنەوەکە پڕبوو لە تەکنیک و شێوازی ڕەوان بێژی سیاسی و مێژووی پڕ لە سامی شاخ و پاکی ڕەوشت، توانای گەیشتنە دەستی لەناکاوی نهێنییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و بازرگانیەکانی هێزەکانی دیکەی هەبوو ، هەمیشە هۆکار و ترسبووە بۆ تێکدانی بەرژەوەندییە گوماناوییەکان و ئەوانەی نەیان دەویست گوێی پێبدەن و ملیان بۆ داواکاریە ڕەواکانی نەداوە. بۆیە هەمیشە لە لەشکرێکی تەنها دەچوو بۆ بەرەنگابوونەوە. 
5) بەرامبەر دەوڵەتانی دراوسێ توانای یارکردن و بەکارهێنانی ئەو کارتانەی هەبوو کە بۆ هێزەکانی ناوچەکە گوماناویی و چاوەڕوان نەکراوبوون ،بۆ سەرخستن و گرتنە دەستی دەسەڵات، لە پرۆسەی ئومێد و خواست، بۆ ئایندەی هێزە هەرێمییەکان و ڕاگرتنی هێڵێکی سێبەر لەبالانسی دەسەڵاتی ئێران، تورکیان بە ناڕاستەوخۆ بۆ بەرگری، لەڕێی جوڵاندن و بەشداری پێکردنی هاوسۆزەکانیانەوە وەک سیلەی ڕەحم و ڕاگرتن، بەشێوەی کارتۆنی لە دەسەڵاتی سیاسی و پۆستەکانی گۆڕاندا، جێگەی دڵنیابوون و ئومێد بەخشینیان بوو، بە دەستکەوتی داهاتووی پرۆسەکەو دەست بۆ نەبردن و دژایەتی نەکردنیان وەک جێگرەوەیەکی ئامادەی رەقیب لە شکستی دەسەڵاتی هێزی یەکەم وەک ئەلتەرناتیڤێک لە گۆڕەپانەکەدا.
زۆر گەلێک لە هۆکارە نەوتراوەکان کە خاڵی نەوتن و پرسیاری وونن، بۆ لێکدانەوەی وردوو دەرخستەی ڕوونی ئەنجامەکانن بۆ ساغبوونەوە.
کاتێک بزوتنەوەی گۆڕان پێکهاتەو ڕابەرایەتی کردنەکەی بەم جۆرەو لەو هێزی کاریزمایەوەبێت، بێگومان نابێت هەمان شێوازی بەڕێوەبردن لە نەبوونی سەرکردەیەکی ئەوهادا کارکردنەکان دوبارە بکەینەوەو سیاسی کارتۆنی بەردەوام بکەینە بوکەڵەو پەرەی پێبدەین بە مەبەستی ڕاگرتن و ڕازیکردنی خەڵکانێک کە جگە لەدەستکەوتی کەسی هیچی تر ناناسن و درێژکردنەوەی پەیمانەکانی سۆزو دژە ئاڕاستە ڕاگیریکردون بە بێ ئەوەی دەستکەوتێکیان بۆ بزوتنەوەو خەڵک هەبووبێ..
بۆ دڵنیابونەوە لە سەرکەوتنی ئەو گۆڕانکاریەی بڕیاری لێدراوە دەبێت گۆڕانخوازان وەک سەرەتا خۆبەخشانە دەست پێبکەنەوەو خۆیان بۆ ئەم گوژمی هەڵمەتە سازبدەن.
نوێبونەوە:
(1) چڤاتی گشتی لیژنەیەک دروست بکات لە ژووری یاسایی و هەڵبژاردن و چەند چاودێرێکی شارەزا لەدەرەوەی  ژوورەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ئامادەکاری پرۆسەی هەڵبژاردن و تۆماری دەنگدەران، بەپێی مەرجە یاساییەکان و ئاشکرا کردنی تەواوی پرۆسەکە.
(2) گرتنە بەری ڕێکاری یاسایی توندو جێبەجێکردنی سیستمی سزا بەرامبەر هەر هەڵەیەکی لە پرۆسەکەدا دەکرێ تا ئاستی دەرکردن.
(3) هەموو ئەوانەی ددان بە هەڵەکانیاندا دەنێن و بەرپرسیارێتی خۆیان ڕادەست دەکەنەوە، جێگەی ستایش و ڕێزن، ئەوانەشی نایانەوێت خۆیان لەو بابەتە بدەن، دەبێت لیژنەکە کارەکانیان بخەنە ڕوو و هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێ تا ئاستی لێپێچینەوە، هەندێکیش لەوانەی ژێر بەژێر یان بە ئاشکرا هەر جۆرە دەستێکیان هەبوە لە تێکدانی دۆخەکە، دەبێت دوور بخرێنەوە یان بێبەش بکرێن لە پرۆسەی هەڵبژاردن ،تا کۆنگرە سەرلەنوێ دەستورێکی نوێ دادەڕێژێت بۆ کارپێکردنەوەی  بزووتنەوەکە، تەنانەت گەر ئەم نوسینەش بچێتە هەمان خانەوە بۆ سزادان.
(4) دۆخی مێدیای گۆڕان و سەرچاوە مادیەکانی بزوووتنەوەکە ڕوون بکرێتەوە و بخرێتە بەدەم کۆنگرە بۆ بڕیاردان و ساغبوونەوە.
(5) سیستمی کەسی شایستە بۆ شوێنی شایستە پەیڕەو بکرێت، سیڤی و پشتگرتن نەبێتە تاقە هۆکاری جێکردنەوەی پۆست و بەرپرسیارێتییەکانی خوارەوە تا سەرەوە.
(6) نوسینەوەی دەستورێکی نوێ کەگشت کلەێن و کەمتەرخەمیەکانی دەستوری ئێستا پڕبکاتەوە و ڕێگربێت لە بەربڵاوی و سەرلێشێواندن، کۆکەرەوەی هێزی ناوەندگیر و خوڵقێنەری بڕیاریشبێت بۆ بزوتنەوەکە.
(7) برۆژەیەکی گشتگیری کراوە لەڕێگەی سایتەکانی گۆڕانەوە بخەنە بەر دیدی دەنگدەرانی بزوتنەوەکە بۆ وەرگرتنی سەرنج و تێبینی و دەوڵەمەندکردن و بەشداری پێکردنی راستەوخۆی خەڵک بەنوسینەوە دەستورەکە.
بەهیوای لە ئایندەیەکی نزیکدا بە هیمەتی هەڵسوڕاونانی بزوتنەوەکە لێکۆڵینەوەو شیکاری دروست بکرێت بۆ بزوتنەوەکەو ناوەرۆکی ئەو گومان دووردۆنگیانەی لەبەردەم خەڵکیدایە بەرامبەر بەگۆڕان و گۆڕانکاری ئاشکرا بکرێ.
خەڵکی کوردستانیش نەخشی چنینەوەو ماندوبونی خۆی بەرامبەر ستەم و زوڵمی ناداپەروەری، لە سەر زەمینێکی ڕاستەقینە، بکات بەسنگیەوەو، بەشانازیشەوە بی بەخشێت بەنەوەی ئایندە. 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی