خاشقچی و قەشە ئەمریکییەکە و کوردانی رۆژئاوا

24/10/2018

ئیبراهیم ئادەم


کاتێک گوێمان لەو سێ ناوە دەبێت، وا ھەست دەکەین پەیوەندییان بە یەکەوە نییە. راستە ئەگەر لە سەرەوە تەماشای درەختی رووداوەکان بکەین، گەڵا و قەدی جیاواز لەیەک دەبینین، بەڵام لەژێر گڵدا رەگیان بەیەکەوە نوساوە و پەیوەندییەکی جدی لە نێوانیاندا ھەیە و خوێئاوی یەکتر دەخۆنەوە. ھاوکێشەکە بەمجۆرەیە:
- رۆژی ٢ی تشرینی یەکەم، جەمال خاشقچی رۆژنامەنوسی سعودی لەناو کونسوڵخانەی سعودییە لە ئەستەنبوڵ ‌کوژرا.
- دوای دووساڵ لە دەستگیرکردنی، دوو رۆژ دوای کوژرانی خاشقچی، ئەندرۆ برۆنسن، قەشە ئەمرییەکە لە تورکیا ئازاد کرا.
- تورکیا راستەوخۆ و بەئاشکرا دژایەتی ھەموو شتێک دەکات بەناوی کوردەوە، ئەمریکا پشتیوانی یەکەمی کوردە لە سوریادا.
- سعودییە لەرێگەی پارەوە پشتیوانیی ئەمریکا دەکات لە سوریا و بەئاشکراش دژایەتی کوردی نەکردووە لە ڕۆژئاوای کوردستاندا.
لەبەر ئەوەی کورد ئێستا بەتەواوی خۆی پارێزراو نییە و داھاتووشی روون نییە، بۆیە ھەر رووداوێک یان پرسێک بە جۆرێک لە جۆرەکان کاریگەری لەسەر پرسی کورد دەبێت. زۆرجاریش کورد خۆی دەبێتە بەشێک لە ھاوکێشەکانی ناوچەکە وەک ئەوەی کە ئێستا ھەیە.
 ھەرچەندە کورد دەستی نییە لە کوشتنی خاشقچی رۆژنامەنوسدا نییە، بەڵام ئەو رۆژنامەنوسە لە وڵاتێکدا کوژراوە کە تورکیایە، لەماوەی رابردووشدا ھەر رووداوێک روویدا بێت یان ھەر پرسێک ھاتبێتە پێشەوە ئەو وڵاتە پرسی کوردی لە سوریا تێکەڵ کردوە بۆئەوەی کورد نەبێتە خاوەنی کیان و دەسەڵاتی خۆی لە رۆژئاوای کوردستاندا. ئەو کاتەی خاشقچی دیارنەما ھەموو تۆمەتەکان روویان لە سعودییە بوو. بەرپرسانی تورکیا بەوپەڕی توڕەییەوە دەستی بەھێرشکردنە سەر دەسەڵاتدارانی سعودییە کردو ھەڕەشەی گەورەی لەو وڵاتە کرد، بەڵام دوای سەردانی خالید فەیسڵ نێردراوی شازادە محمەد بن سەلمان بۆ تورکیا ھەڵوێستی ئەنقەرە تاڕادەیەک گۆڕانی بەسەردا ھات. ئەمەش وایکرد زۆر کەس خوێدنەوەی ئەوەیان دەکرد کە ئەو وڵاتە لەسەر خوێنی ئەو رۆژنامەنوسە رێککەوتنیان کردبێت. لەو چوارچوەیەشدا سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مایک پۆمپیۆ بۆ سعودییە رۆژێک دوای سەردانەکەی بۆ ئەنقەرە ئەگەری رێککەوتنی لەنێوان ریاز و ئەنقەرەدا بەھێزتر کرد.

بەپێی چەندین سەرچاوە، ریاز پێشنیازی پارە و ئیمیتیازی بۆ تورکیا کرد بۆ ئەوەی بێدەنگ بێت لەسەر کوشتنی خاشقچی، تورکیاش کە ئیستا لەقەیرانی داراییدایە بە پێشنیازەکانی سعودییە رازی بوو، بەڵام ھەندێک خاڵی دیکەشی بۆ زیاد کرد کە یەکێک لەوانە پەیوەندیی بە کوردەوە ھەیە. جیاواز لەوەش، تورکیا داوای لە سعودییە و ئیمارات کردووە ھەموو ھاوکارییەکی دارایی بۆ ھێزەکانی سوریای دیموکرات ببڕن لەکاتێکدا پێشتر سعودییە بڕیاریدا ١٠٠ ملیۆن دۆلار ھاوکاری بداتە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ھەسەدە و پشتیوانی بوونی ئەمریکاش لە ناوچە کوردییەکان. 

کوژرانی خاشقچی کاریگەریی لەسەر رۆژئاوای کوردستان ھەیە، چونکە سعودییە بۆ کپکردنی ھەڵای کوشتنی خاشقی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتییدا، پێویستی بە تورکیاو جێبەجێکردنی داواکارییەکانی ھەیە، بەڵام ڕێژەی کاریگەری داواکارییەکانی تورکیا کەمە بەپێی قەبارەی رۆڵی سعودییە لە ناوچە کوردییەکانی سوریادا، بۆیە کاریگەرییەکە تەنھا ئابوری دەبێت نەک سیاسی.
لە بێبەختی کورد و لە ئانوساتی دەستگیرکردنی ئەندرۆ برۆنسن قەشەی ئەمریکی لەلایەن تورکیاوە، ئەنقەرە دەیەویست پرسی قەشە ئەمریکیەکە بخاتە مامەڵەوە لە بەرامبەری فەتحوڵا گولەنی رێبەری بزوتنەوەی خزمەت کە ئێستا لە ئەمریکا نیشتەجێییە و دادگای ئەنقەرە تۆمەتباری کردوە بەکودەتاکەی ساڵی ٢٠١٦، بەڵام ئەمریکا رازی نەبوو برۆنسن بخاتە تای تەرازووی فەتحوڵا گوڵەن. بۆیە تورکیا وازی لە پارووە گەورەکە ھێنا و پەنای بردە بەر پاروویەکی بچوکتر بۆ جوین کە پرسی کوردە لە ڕۆژئاوادا. 

لەو رووەوە بەرپرسانی تورکیا لێدوانی زۆریاندا لەبارەی منبەجەوە تا لەگەڵ قەشەکە مامەڵەی پێوە بکەن، بەڵام واشنتۆن گرنگی بەو لێدوان و ھەڵوێستانەی تورکیاش نەداو بەشێوەیەکی دیکە مامەڵەی لەگەڵ تورکیا کرد. بەجۆرێک ژمارەیەک سزای ئابوریی لەدژی تورکیا جێبەجێکرد. لەماوەی ھەفتەیەکدا دراوی لیرەی تورکیا ٤٠% بەھاکەی لەدەستداو ژمارەیەک کۆمانیای تورکیی مایەپووچبوونی خۆیان راگەیاند. دوای نزیکەی مانگێگ لە سزاکان، ناچار تورکیا چۆکیدا و قەشە ئەمریکییەکەی ئازاد کرد.

لەگەڵ ئازادکردنی قەشە ئەمرکییەکەدا، زۆر کەس پێیانوابوو تورکیا لەگەڵ ئەمریکا رێککەوتووە لەبارەی رۆژئاوای کوردستان و منبەج، بەڵام بەپێی ئەو پێشھات و گۆڕانکارییە سیاسیانە لە ناوچەکەدا ھەن گۆڕانکاریی گەورە لە منبەج لەبەرژەوەندی تورکیا روونادات؛ ئەویش لەبەر چەند ھۆکارێک:
یەکەم: رۆژێک دوای ئازادکردنی قەشە ئەمریکییەکە، ھاوپەیمانان چەکی زیاتریان بۆ منبەج رەوانەکرد، ئەوەش وەک ئاگر لەناو میدیاکانی تورکیادا بڵاو بووەوە.
دووەم: ئەمریکا لە پێگەیەکی بەھێزدا مامەڵەی لەگەڵ تورکیا کرد لەبارەی قەشەکەوە. واشنتۆن چاوەڕێی ڕێگەچارە نەبوو لەگەڵ تورکیا، خێرا سزای بەسەر ئەنقەرەدا سەپاند و گوێشی بەداواکارییەکانی نەدا.

تورکیا مامەڵەی یەکەمی لەگەڵ ئەمریکا دۆڕاندو کورد بێزیان ھاتەدەرەوە، لانیکەم لەئێستادا. بۆیە لە کەیسی خاشقچیشدا، تورکیا دەستکەوتێکی ئەوتۆی نابێت لە ناوچە کوردییەکانی سوریادا، چونکە سعودییە بۆخۆی ڕۆڵێکی دیاری نییە لەسەر ئەرزی واقیع.

ئیبراهیم ئادەم

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی