لەبارەی بەرنامەی ٤ ساڵی حكومەتی عادل عەبدولمەهدی

25/10/2018

فەرمان سادق

ئەو كێشەیە هەر لە عێراق رووبەڕووی نابینەوە، بەڵكو لە كوردستانیش هەمان سیناریۆ دووبارە دەبێتەوە..

بەرنامەی حكومەت كە شەوی رابردوو عادل عەبدولمەهدی لە بەردەم پەرلەمان خوێندیەوە، بە گشتی بەرنامەیەكی تێروتەسەل بوو، پێموایە زەحمەتە بتوانرێت لە چوار ساڵ جێبەجێ بكرێت!

بەرنامەكە وەك ئەوانەی پێش خۆی، تەنانەت وەك ئەوانەی سەرۆك وەزیرانی هەرێمیش پڕ بەڵێن بوو! لەسەر كاغەز رنگە زۆر لە بەرنامەی حكومەتی وڵاتانی ئەوروپی پڕ بەڵێن تر بێت، بەڵام عیبرەت لە جێبەجێ كردن دایە.

ئەوانەی پێش عادل پێمان دەڵێن، بڕیارو یاساو بەڵێنی سەر كاغەز بە هەموو كەسیك دەكرێت، بەڵام كردار نا!

نا، نەك لەبەر ئەوەی بێ قابلیەتن، بەڵكو لەبەر ئەوەی لە دوای ٢٠٠٣، دۆخی عێراق جۆرێكە نمونەی تەنیا مەگەر لە لبنان هەبێت، پڕە لە ئاراستەی سیاسی بەرژەوەند جیا جیا، پڕە لە حزبی بەهێزتر لە حكومەت، لێوان لێوە لە هەموو شتێك دەوڵەتداری و خزمەت نەبێت. 

هاوشانی دۆخی لاوازی ناوخۆ، ئەوا دەستوەردانی دەرەكی گەورەترین مەترسییە لەسەر عێراق بە تایبەت كاتێك ئێران و ئەمەریكای دژ لە بەرژەوەندی لە ناوچەكەو عێراق، دەستیان لە عێراق هێند درێژە بەهایان بۆ هەڵبژاردن و دەنگی خەڵكیش نەهێشتۆتەوە..

ئەوەی لێرەدا گرنگە، خواستی خەڵكە كە دەخوازێت بەرنامەكە جێبجێ ببێت، بۆ ئەمەش ئەركی ناوەندەكانی توێژینەوەو میدیاییە چاودێر بن بەسەر بەڵێنەكان و پاش چوار ساڵی داهاتوو پێمان بڵێن چی كراوەو چی نەكراوەو بۆ نەكراوە.

قسەی كۆتایی لەسەر عێراق ئەوەیە، تێگەیشتنێكی نیمچە كۆك هەیە كە عادل دوا كارتی ماڵی شیعەیە بتوانێت شكۆ بۆ مەرجەعیەت و سەدرو هێزە شیعەكان بگەڕێنێتەوەو بە ئەوانی تریش بڵێت شیعە دەتوانن دەوڵەتداری بكەن و حكومەتی مەدەنی دوور لە تایفەگری بەڕێوە بەرن! بزانین داهاتوو چیمان پێ دەڵێت..

فەرمان سادق

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە