كامیان.. پارتی یان یەكێتی؟

25/10/2018

شۆڕش ئەنوەر

سیاسەتكردن لەهەرێمی كوردستان لەبەردەم چەندین ئاڵۆزی زۆر گەورەدایە ، ئەمەش وای كردووە بەشی زۆری هەنگاوە سیاسیەكان لەدەرەنجامدا بەكێشەو گرفت كۆتاییان پێ‌ بێت ، بەڵام لەدواجاریشدا بەردەوامی سیاسەتكردن پێویستیەكی حەتمیە بۆ مانەوە لەناو كایەی سیاسی .

بۆهێزەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی ، لەگەڵ كامیان ؟ یەكێتی یان پارتی گەمەی سیاسی بكەن باشترە ؟

ئەمە پرسیارێكە دەزانم ئالۆزەو دەشێ‌ لەروانگەی جیاواز جیاوازەوە وەڵامی جیاواز بخاتەوە، من لەروانگەیەوە هەوڵ دەدەم شێوە وەڵامێك بخەمە روو كەپەیوەندیدارە بە بارودۆخی ناوەخۆی پارتی و یەكێتی .

لەئەمرۆدا سیاسەتكردن لەگەڵ پارتی سەقامگیرترە تا یەكێتی ، ئەمەش بەلەبەرچاوگرتنی بارودۆخی جێگری ناوپارتی و ئەو سەنتراڵەی كەلەدارشتن و ئاراستەكردنی سیاسەت هەیە لەناو ئەو حزبە كەوای كردووە چانسی مانەوەی پەیوەندی سیاسی لەچوارچێوەی پرۆژەیەكی سیاسیدا لەگەل پارتی تەمەنی درێژتر بێت ، هەڵبەت ئەمەش بەدوور نابێت لە باج دان !

بەپێچەوانەوە بەهۆی ناسەقامگیری دۆخی ناوەخۆی یەكێتی و ململانێی باڵ و كەسەكانی ناو ئەو حزبە ، سیاسەتیش لەناو ئەو حزبە چۆتە دۆخی شڵەژان و هەڵچوونەوە ، بۆیە سیاسەتكردن لەگەڵ یەكێتی جێگای متمانەی زۆر نیەو بەناجێگیری دەمێنێتەوە ، نمونەش لەوبارەوە زۆرە كە لەبەر ئاشكراووروونیان پێویست ناكات ئاماژەیان پێ‌ بكەین ، دەتوانم بڵێم هەرلەگەڵ دامەزراندنی ئەو حزبە ئەمە گرفتی سەرەكی ئەو هێزە بووە كەنەك هەر رەنگدانەوەی لەسەر هێزەكانی دەرەوەی یەكێتی هەبووە بەڵكو لەناوەخۆشیدا بەردەوام هێزی جیاوازی خستۆتەوە كەبەشێكیان لەدواجاردا لەیەكێتی جیا بوونەتەوە .

ناسەقامگیریەكەی سیاسەت لەناو یەكێتی دۆخێكی وەهای خولقاندووە كە هەرنزیك بوونەوەیەك و رێككەوتنێكی هێزێكی سیاسی لەگەڵ یەكێتی ، لەلایەن باڵێكی ناو ئەو حزبە بقۆزرێتەوە بۆ چاككردنی بەرژەوەندی و پەیوەندیە زاتیەكانیان لەگەڵ پارتی كەئەمەش دەبێتە سەرەتای شكستی ئەو پەیوەندیگرتنە سیاسیەی كەدەویسترێت لەگەڵ یەكێتی دروست بكرێت .

ئەو ناسەقامگیریەی سیاسەت لەناو یەكێتی نەك بەتەنها بۆهێزەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی بەزیان و خراپ شكاوەتەوە ، بەڵكو بۆخودی یەكێتیش زیانی زۆر گەورەی خستۆتەوە بەجۆرێك ئەم هێزەی لەهێزی یەكەم لەرووی كاریگەری سیاسی لەدوای راپەڕینەوە كردووە بەهێزێك كەهەناسەبركێیەتی بەدوای چاوەڕوانیەكانی پارتیەوە .

هەركاتێكیش جۆرێك لەسەقامگیری لەسیاسەت بۆیەكێتی گەڕابێتەوە ، بەئاسانی ئەو هێزە توانیویەتی ململانێیەكی سیاسی براوە لەگەڵ پارتیدا بكات وەك چۆن لەپرسی سەرۆك كۆماردا بینیمان .

گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ ناو یەكێتی زەروورەتە لەپێناو گەڕاندنەوەی هاوسەنگی بۆ كوردستان، ئەمرۆ هێشتا یەكێتی خاوەنی عەسكەرو دارایی و پەیوەندی نێوەدەوڵەتییە كە بەهۆیانەوە دەتوانرێت ئیدارەی سیاسەتكردنی پێ لەكوردستان بكرێت بەجۆرێك كاریگەریەكانی تەجاوەزی سلیمانی بكات و تەنها لەو زۆنەدا قەتیس نەمێنێت كەبەزۆنی سەوز ناسراوە.

شۆرش ئەنوەر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی