ئەوان وریاتر نیـن، ئێوە نەزان بوون

25/10/2018

سامانی وەستا بەكر

 
دەسەڵات زیرەک نیە، ئەوە ئێوە گومڕاو پەککەوتەبوون و بە نەزانـی خۆتان میلەتیشتان گەیاندە شاڕێی مەرگ.
کاتـێ کە گوێ لە پارتە سیاسیە ئۆپۆزسیۆنەکان ئەگری بە تایبەتـی دوای هەر هەڵبـژاردنێک وێنەیەک لا دروست ئەکەن کە تۆ مێلورەیت وئەچـی بەگـژ قولەی قــافــا.
ئەم حیـزبە ئۆپۆزسیۆنانە بەجۆرێک دەستەمۆی واقیعێکـی سەپاوو سەپێنـراوو بوون کە هیچ تروسکاییەک لە پەیام و لێدوانە تەنانەت هەڕەشە ئامێزەکانیشیانا نابینـی کە ئەوەش بۆتە بێ هیواکردنـی شەقامـی کوردی باشورو کۆی ئەو خەڵکەی چاوی لە چاکسازی و دەستاو دەستکردنـی دەسەڵات وگۆڕانکارییە.
ئێوە لەبری هاتوو هاواری دوای هەرهەڵبـژاردنێک کە تەزویرو دزی و گزیتان لێئەکرێ باشتـر وایە بۆ خۆتان و بۆ میلەتیش کە چاونەترسانە بێنە پێشەوەو دان بە شکستـی خۆتانا بنێـن و ئەنجامـی هەڵبژاردنەکان گیـرا "قبوڵ" بکەن.
ئاخـر شکست هەر شکستە و داتاشیـن و پاساو لە ئازارەکەی کەم ناکاتەوە. مەگەر ئێوە پێش هەڵبژاردن %١٠٠ دڵنیانین کە گزی و دزی و تەزویرتان لێئەکرێ؟ بەڵام ناڕاست ڕوو ئەکەنە خەڵکـی ئەڵێـن ئەمجارەیان تەزویر ناکرێ، ئەمەش گاڵتەکردنە بە هەستـی خەڵکـی ئەم کارەشتان هێندەی تەزویرو ستەمـی دەسەڵات خراپە چونکە ئەوان نائومێدی ئەچێنـن و ئێوەش هیوا ئەکوژن.
کاتـێ هەر لەسەرو بەندی کاتـی دەنگدان و دوای هەڵبـژادنەکانەوە ڕاستەوخۆ هاوارتان لێبەرز ئەبێتەوە کە گزی و دزی و تەزویرتان لێکراوە، هەر ئەوە بەتەنها خۆی شکست و دۆڕانە بەڵام هێندە ئازانین دان بە دۆڕانا بنێـن.
ئێوە کە پێش هەڵبـژاردن دڵنیان کە ئامادەکاری تەواو بۆ تەزویکردن کراوە ئیتـر لە پـای چـی بەشداری پرۆسەکە ئەکەن! مەگەر بۆ شەرعیدان بە پرۆسەکەبـێ؟ وەڵام لای خۆتانە.
وا بیـر مەکەنەوە کە شەقامـی ناڕازی و ئەو خەڵکەی ئومێدی گۆڕانکاری بە بەرۆکـی هەڵبـژاردنا هەڵواسیووە متمانەی بە حوکمڕانی هەرێم بۆ گەڕاتەوە بەڵکو کەمکردنـی دەنگەکانـی ئێوە وەڵامێکـی ڕاستەوخۆی شەقامە کە هیچ ئومێدێک لە ئێوەیا شک نابەن.
ئەو خەڵکەی کە بەشداری هەڵبژاردنی نەکردووە کە نیوەی کۆی دەنگدەری هەرێمە بەپێـی ئەو ژمارانەی کۆمسیۆن باڵای "سەربەخۆی" هەڵبـژاردنەکان بڵاوی کردۆتەوە کە ئەگەر دەنگـی دووبارەو تەزویری لێدەربێنـی ڕێژەیەی ژمارەی بەشداری زۆر لەوەش کەمتـرە، ئەوە وەڵامێکە بۆ ئۆپۆزسیۆن کە ئێوە ناتوانن بەدیلبن و بەڵکو ناشتوانـن نوێنەری دەنگە ناڕازیەکانیشبـن بۆیە دانیشتـنیان لەماڵەوە لە نوزەی ئۆپۆزسیۆ بەلاوە باشتـرە.
ئەو ژمارەی زۆرەی کە بەشداری هەڵبژاردنـی نەکرد پەیامێکـی دوو سەری شەقام و دەنگـی ناڕازیبوو کە بە ئۆپۆزسیۆنیان ووت پێشتـر نوێنەرایەتیەکـی لاوازی دەنگەکانـی ئێمە بوون بۆیە چیتـر ئێوە ناتوانـن نوێنەری ئێمەبن، هەروەک چۆن بە دەسەڵات و کۆی تەماشاکەران و بەئاگایانـی ناوەو دەرەوەیان ووت ئێمە زۆرینەین، ئێوەی دەسەڵات چەند ژمارەی کورسییەکانیشتان زایدبکات هەر دۆڕاوون و ئێمە زۆرینەو ئێمە براوەین بەجۆرێک کۆی تەماشاکەران و بە ئاگایانـی ناوەو دەرەوە باش لەو پەیامە گەشتـن کەچیتـر هیچ کوتلەیەکـی پەرلەمانـی بە تەنیا و هەمووشیان پێکەوە ناتوانن نوێنەری زۆرینەی خەڵکبن چونکە زۆرینە لە ماڵەوە دانیشتوەو متمانەی بە کەس نەداوە تا نوێنەرایەتـی بکات.
پرسیارە جەوهەرییەکە لە کۆی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان ئەوەیە ئایا ئێوە بۆ نوێژەئەکەن کە ڕووتان لە قیبلە نیە؟ بۆ ئۆپۆزسیۆنن کە گۆڕانکارییتان پێناکرێ؟ بۆ باسـی گۆڕانکاری ئەکەن کە بە نیازنین بیکەن؟ ئەی بۆ ئەبن بە ڕێبەر و بە ڕابەر کە ڕیگاکەش ناناسن و شارەزانیـن؟
لە پرۆسەیەکی (دیموکراسیا) ئەگەر بەشێکـی زۆری دەنگەکانیش لەدەستبدەی سانا و ئاساییە چونکە ئاکاری دیموکراسـی بوون و سیامـی ناسـراوی ئەو پرۆسەیە ئەوەیە کە دەنگەکان کەم و زیادئەکەن لەسەر بنەمای خزمەتگوزاری و چاکسازی و حوکمڕانـییەکـی دادپەروەو...هتد بەواتایەکـیتر باشتـرینەکان زۆرینەی دەنگەکان بۆ خۆیان مسۆگەر ئەکەن و خراپترەکان دەنگ کەمتـر ئەهێنن. بەپـێی ئەم هاوکێشەیە ئێوەی هێـزە  ئۆپۆزسیۆنەکانـی هەرێم کاتـێ کە دەنگەکانتان کەم ئەکات ئەوە ئەگەیەنـێ کە ئێوە دەنگەکانتان بەرامبەر خراپـی نوێنەرایەتیـی کردنـی خەڵکـی ناڕازی لە دەسەڵات کەمـی کردووە ئەوەش ئەوە ئەگەیەنـێ کە ئێوە لە تای تەرازوی دەنگدەرانـی بەشداردا  لە دەسەڵاتـێ حوکمڕانـی هەرێم خراپتر بوون و لە تای تەرازووی ئەوانەی بەشداری دەنگدانیشیان نەکرد "کە زۆرینەی کۆی دەنگدەری هەرێمن" ئێوە بەدیلێکـی باشتـر نەبوون لە دەسەڵات.
ھەڵبژاردن یەکێکە لە ڕێگاکانی گۆڕانکاری و جوانترین داھێنانی مرۆڤیشە بۆ دوورکەوتنەوە لە توندوتیژی دەستاودەست کردنی دەسەڵات کەچـی ئێوە هەر ئەڵێـن ئەوان هێزی چەکداریان هەیە، خۆ ئەگەر ئەو بەهانەیەی ئێوە بکەین بە پێوەر ئەوا بۆ سەد ساڵـی داهاتووش هەر ئێوە دۆڕاو هەر ئەوان براوە ئەبن چونکە ئەوان هیچ نیەتێکیان لێنابینرێ دەستبەرداری هێزی چەکداربن و بگـرە زۆر بە ڕوونـی ئەشڵێن ئەگەر یەک کورسیش بێنین هەر لە دەسەڵاتا ئەبیـن چونکە هێزی چەکدارمان هەیە، کەواتە ئــــایــــــا بیرتان لەڕێگە چارەیەکـیتر کردۆتەوە بۆ گۆڕانکاری؟
 هەڵبەتە ئەوەش لەبەرچاو ئەگیـرێ کە حیـزبە ئۆپۆزسیۆنەکان حیزبـی دەنگدەرن و ئەو دەنگانەی کە ئەیھێنـن واقیعین و ھـینـی خۆیانە و تەزویرو گزی و دزی تیانەکراوە کە ئەمەش خۆی لە خۆییا زۆر گرنگە بۆ هێشتنەوەی پرۆسەی بە دیموکراسـی بوون بەزیندووی. سـروشتی ھەڵبژاردنیش وایە ھیچ حیزبێک بۆ ھەمیشە لە پێشەوە نابێ و خەڵک بیروبڕوای ئەگۆڕێ و دەنگ ئەدا بە حیزبێکیتر تا خزمەتی باشتری بکا بەڵام ئەوەی ناسـروشتیە لە ٢٧ ساڵا ھەمیشە ھەر دوو حیزب براوەبن! خۆ ئەگەر کەسێکی غەیرە کورد لە دوورە تەماشاکەربێ دوورنیە بڵێ ئەم میلەتە بە زگماک کێشەی بیرکردنەوەیان ھەیە یان ھەستیان سـڕە!
ئێستای واقیعـی هەرێم ئەوەمان پێئەڵـێ کە هێزێکـی ناڕازی زۆرو بێزار هەم لە دەسەڵات و هەم  لە ئۆپۆزسیۆن زویـر بوونـی هەیە کە ئەگەر بەوشیاری مامەڵەی لەگەڵابکرێ خامەیەکـی ئامادەیە بۆ بەکارهێنان و هەوێنـی گۆڕانکاریشە، خۆ ئەگەر بە بەرنامە ڕێکخرێن و ڕێنوێنـی ڕابەرایەتـی بکرێن ئەوا بۆ هەڵبژاردنـی داهاتوو دەنگـی زۆرینەن بۆیە ئاشکردنەوەیان لەگەڵ هەڵبژاردن و گەڕانەوەی ئومێدی گۆڕانکاری لەڕێـی ئەو پرۆسەیەوە بۆیان کاری هەموو حیـزب و ڕێکخـراو قەڵەم بەدەستێکە.
گرنگە ئەزموونـی ژیان ئەوەی فێری کردبیـن کە هەمیشە دوا ھەنگاوەکانـی کۆتایـی قورسترینن بۆ سەرکەوتن بەرەو لوتکە، ھەنگاوەکانی سەرتاش تیـژو خێـران بەڵام چەند ھەنگاوی کۆتایـی قورستـرینە. ھەرکەسێکیش پێش گەشتـن بڕیاربات سەرەوخوار بگەڕێتە دواوە ئەگەر ملـی نەشکـێ زۆر ماندوو دەست بەتاڵیش خل ئەبێتەوە و دوو ھێندەش ماندووبوونـی پێئەبڕێ، هەربۆیە مرۆڤە ھۆشیارەکان لە توڕەییا دان بەخۆدا ئەگرن و لە بڕیاردانیش چەند جارێک بیـر ئەکەنەوە.
کەوتن بەهەستانەوە دەست پێئەکات، هەموو کەوتنێک سەرەتایـی سەرکەوتنێکـی نوێیە و نشوست بە قاچ گیرکردن لە زەوی دەستپێئەکاتەوەو سەرەتایـی یەکەم هەنگاوە بۆ دەستپێکردنەوە و ڕۆشتـن بەرەو ئامانج.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی