رۆڵی جێگر لە پێکهێنانی حکومەت

27/10/2018

ئومید جاف

لەدوای کابینەی پێنجەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان تا کابینەی هەشتەم، پاش ناونانی سەرۆک و جێگری ئەنجومەنی وەزیران لەلایەن پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمانێکی هەرێمی رای‌دەسپاردن بۆ پێکهێنانی کابینە وەزاریەکان ، پاڵپشت بە هەموواری یەکەمی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی ژمارە (١ی ساڵی ٢٠٠٥) بە یاسای ژمارە یاسای ژمارە (٢ی ساڵی ٢٠٠٦). واتە دوو کاندید ناونراو لە لایەن پەرلەمان و راسپێدراو بوون لەلایەن سەرۆکی هەرێم لە دوو لیستی جیاواز پێکەوە کاریان دەکرد بۆ دروستکردنی حکومەت و پێکهێنانی کابینە وەزاریەکان، کە هەریەکەیان کاریگەری هەبوو لە بریاردان لە بەشداری پێکردنی فراکسیۆنە جیاوازەکان لە کابینەی پێکهێنانی حکومەت.
بەڵام لە کابینەی داهاتوو کە بە کابینەی نۆ ناودەبرێت، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان کە میراتگری بەشێک لە دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی هەرێمە  تەنها کاندیدی ناونراو بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەلایەن پەرلەمانی کوردستان رادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینە وەزاریەکان . پاڵپشت بە هەموواری سێهەمی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی ژمارە (١ی ساڵی ٢٠٠٥) بە یاسای ژمارە یاسای ژمارە (١ی ساڵی ٢٠١٤).
دەتوانین بڵین جێگر یان جێگرەکانی داهاتووی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی کابینەی نۆ، تەنها هاوشێوەی وەزیرێک مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و لەلایەن کاندیدی راسپێردراو ناویان دیاری دەکرێت تا لە پەلەمانی کوردستان متمانەیان پێبدرێت. بەپێچەوانەوە جێگر یان جێگرەکان هیچ کاریگەریەکیان نیە لەسەر پێکهێنان و پێکهاتەو بریاردان لە سەر جۆری حکومەت و چۆنایەتی وەزیرەکان.


لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە (٣٠ ئەیلولی ٢٠١٨) ئەنجام‌درا، دوای پەسەندکردنی ئەنجامە کۆتاییەکان لە دادگای پێداچونەوەی هەرێم‌و راگەیاندنی ناوی کاندیدە دەرچوەکان  لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی . پێویستە لەسەر سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان  کە میراتگری بەشێک لە دەسەڵاتەکانی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمە لەماوە (١٠) رۆژدا فەرمانێکی هەرێمی دەربکات بۆ بانگێشتکردنی کاندیدە دەرچوەکان کەلایەن کۆمسیۆنی باڵا ناوەکانیان راگەیەندراوە، بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان .
لەکاتی ئاراستە نەکردنی بانگێشت نامەکەدا، پەرلەمانی کوردستان بە شێوەیەکی ئاسایی لە کاتژمێر (١٢)ی نیوەرۆی رۆژی (١١)هەمین کۆدەبێتەوە  لە هۆڵی پەرلەمان.
دانیشتنی یەکەم بە سەرۆکایەتی بە تەمەنترین کاندیدی دەرچوو دەبەسترێت، کە تەنها ئەرکی بەرێوەبەردنی دانیشتنی یەکەم و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیە پەرلەمان دەبێت .
سەرۆکی پەرلەمان و کاندیدە دەرچوەکان لە یەکەم دانیشتن لە بەردەم پەرلەماندا سوێندی یاسایی دەخۆن، بەم شێوەیە: " بەخودای گەورە سوێند دەخۆم، کە بەرژەوەندنی گەلی کوردستان و یەکێتی خاک و گەل و شکۆ و ماف و ئازادییەکانی هاوڵاتیان و سامانی گشتی بپارێزم و ئەرکی ئەندامیەتی بەراستی و دڵسۆزییەوە جێبەجێبکەم" .
ئەگەر هەر کاندیدێک پابەندی سوێند خواردنەکە نەبێت وەک خۆی، پێویستە سوێند خواردنەکە دووبارە بکاتەوە. دوای سوێند خواردن کاندیدە دەرچوەکان دەبن بە پەرلەمانتار ، لەو ساتەوە مافەکانیان بۆ فەراهەم دەبێت و ئەرکێکیان دەکەوێتە ئەستۆ.
پێویستە لە ماوەی (٩٠) رۆژ کاندیدی دەرچوو سوێندی یاسای بخوات بەپێی یاسای هەڵبژاردن ، بەڵام لە پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان ئەم ماوەیە بە (٣٠) رۆژ دیاریکردوە ، لە هەردوو یاساکەدا بە دیاریکراوی هاتووە کە کاندیدێک لە هەمان لیست بەریزبەندی جێگەی دەگرێتەوە، واتە نابێت لە لیستێکی تر کاندیدێکی تر جێگەی بگرێتەوە.
پەرلەمان لە یەکەم دانیشتن بە زۆرینەی دەنگی رەهای (٥٠ + ١) ئەندامانی ئامادەبوو، بە دەنگدانی نهێنی و راستەوخۆ، دەستەی سەرۆکایەتی هەڵدەبژێرێت، دوای کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن. ئەگەر دەنگی دوو رکابەر بۆ یەک پۆست یەکسان بوو، دەنگدان دووبارە دەکرێتەوە، ئەگەر دووەم جار هەر یەکسان بوون، بە تیرو پشک یەکلایی دەکرێتەوە. ئەگەر بۆ پۆستێک تەنها یەک پاڵێوراو هەبێت، بەراستەوخۆ بەناو لێنان پاڵێوراوەکە دیاریدەکرێت بۆ پۆستەکە و رادەگەیەنرێت. سەرۆکی پەرلەمان داوا دەکات لە پاڵێوراوە سەرکەوتووەکان بچنە جێگەی تەرخانکراوی خۆیان.
پاش ناونانی کاندید لە لیستی زۆرینە بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەلایەن پەرلەمانی کوردستان ، پێویستە لەسەر سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان کە میراتگری بەشێک لە دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی هەرێمە  کاندیدەکە راسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینە وەزاریەکان لەماوە (٣٠) رۆژ تێپەر نەکات .
بەپێی ئەنجامە سەرەتایەکان هیچ هێزێک ناتوانێت بە تەنها حکومەت پێک بهێنێت، تەنها ئەگەری ئەوە ماوە کابینەی نۆیەم لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، کابینەیەکی توافقی گشتگیر دەبێت، یان لەسەر بنەمای زۆرینەی استحقاقی هەڵبژاردن.

-  ماددە (٢) لە یاسای ژمارە (٢ی ساڵی ٢٠٠٦).
  - ماددە (١ برگە ٤) لە یاسای ژمارە (٢ی ساڵی ٢٠١٧).
  -  ماددە (١٠ برگەی ١٢) لە یاسای ژمارە (١ی ساڵی ٢٠٠٥) هەمووارکراو.
  -  ماددە (٣٧ برگە ٣/٢) یاسای ژمارە (١ی ساڵی ١٩٩٢) هەمووارکراو.
  -  ماددە (٦ برگە ٦) لە یاسای ژمارە (٤ی ساڵی ٢٠١٤).
  - ماددە (١ برگە ٤) لە یاسای ژمارە (٢ی ساڵی ٢٠١٧).
  - ماددە (١٠ برگەی ٣) لە یاسای ژمارە (١ی ساڵی ٢٠٠٥) هەمووارکراو.
  - ماددە (٣) پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان.
  - ماددە (١١) پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان.
  -  ماددە (١٢) پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان.
  - ماددە ( ٤٧) لە یاسای ژمارە (١ی ساڵی ١٩٩٢) هەمووارکراو.
  - ماددە (٦١ برگە ٣) لە یاسای ژمارە (١ی ساڵی ١٩٩٢) هەمووارکراو.
  - ماددە (١٣ برگە ٢) پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان.
  - ماددە (٥٦ برگە ٥) لە یاسای ژمارە (١ی ساڵی ١٩٩٢) هەمووارکراو.
  - ماددە (١ برگە ٤) لە یاسای ژمارە (٢ی ساڵی ٢٠١٧).
  -  ماددە (١٠ برگەی ١٢) لە یاسای ژمارە (١ی ساڵی ٢٠٠٥) هەمووارکراو

ئومێد جاف

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی