لەهەناوی دیدگای نیشتمانیدا هاوپەیمانی لەدایك بوو

27/10/2018

محەممەد رەئوف

هاوپەیمانی بەوشێوەیەی كەناسرا و ، كە ناسێنرا، بەو گوتارەی كەپێی ناسرا ئومێدێكی گەورەی خولقاند ، ئومێدی تێپەڕاندنی فۆڕمی حیزبی و حیزبایەتی سەقەت ، ئومێدی سەرەتای هێنانەكایەی سیستەمێكی حوكمڕانی باش و دروست و تێپەڕاندنی سیستەمێكی حوكمڕانی سەقەت و چەقبەستوو ، ئەگەر بەهەرهۆكارێك نەگەشتە دەسەڵاتیش  دیدگای نیشتمانی لەهەناویدا فۆڕمێكی نوێی ئۆپۆزسیۆنی لەخۆی گرتبوو كەهەموو فۆڕمەكۆنەكان تێپەڕێنێت و چیتر ئۆپۆزسیۆن نەدەستەمۆبكرێت و نەشەریكی دەسەڵات بێت و نەبەجنێودان و شكۆشكاندن هەوڵی گۆڕان و گۆڕانكاریی و چاكسازی بدات و ، بەڵكو خەباتێكی مەدەنی پشوو درێژ بەكۆكردنەوەی هەموو هێزو كەسایەتیە چاكەخوازەكان ، دیدگای نیشتمانی دەیویست و دەیەوێت  بۆماوەیەكی درێژخایەن پەڕلەمانی كوردستان تەنها دوو فراكسیۆن بێت ، فراكسیۆنی دەسەڵات و فراكسیۆنی ئۆپۆزسیۆن و ئەگەر دەسەڵات بەدەستی خۆشیەوەبێت هەموو فرسەتەكانی ئۆپۆزسیۆنێكی ڕاست و دروست بخولقێنێت چونكە دەسەڵات بەبێ ئۆپۆزسیۆن بەدەست هەركەس و حیزب و گروپێكەوە بێت ئەگەر چاودێر و ڕەقیبی نەبێت دواجار هەرتووشی فەساد و گەندەڵی دەبێت و بەرەو هەڵدێر و تەپین دەڕوات ...
  ڕاستە بێئومێدیەكی گەورەو قووڵ سەریهەڵداوە لەدوای ١٢-٥ وە لەپاش ١-١٠ یشەوە كە ئۆپۆزسیۆن توشی قەیرانی گەورە بووە لانیكەم متمانەی لەسەدا پەنجای خەڵكی لەدەست داوە ئەوەش بێ ئومێدیەكەی قوڵكردەوە و بوو بەدیاردە، لەهەمووی خراپتر ئەوەیە كە بێ متمانەییەكە نەچوەتە سەرحسابی دەسەڵات بەڵكو خەڵكی كوردستان متمانەیان لەهەمووی وەرگرتووەتەوە بەڕێژەی جیاواز  ، ئەم حاڵەت و واقیعە مایەی دڵخۆشی نیە بۆ كەس  بۆیە پێویستە دیدگای نیشتمانی دوور لەجیاوازی و جیاكاری و شەڕە ئایدۆلۆژیاو حیزب پەسەندی و پەرستی وەك فۆڕمێكی زیندوو كارو خەباتی بەردەوامی بۆبكرێت و هەموو هێزو گروپ و كەسایەتیە چاكەخوازەكانی لێكۆبێتەوە ..
  دڵشكان و تۆران و بێ ئومێدی چارەسەر نیە و كۆمەڵگەو دەسەڵات پێكەوە بەرەوقەیرانی  قوڵتر و مەرگ و مرگەساتی زیاتر دەبات و منداڵ و گەنجان تووشی خەمۆكی و نوخبەش تووشی نەخۆشی دەستەپاچەیی دەكات دواجار چارەسەر دەبێتە سەراب. ..
 بۆیە ڕۆحی هاوپەیمانی زیندووە و نابێت بمرێت و لەناخی سەدان هەزار گەنج و پیر و ژن و پیاوی ئەم نیشتمانەداخۆی مەڵاسداوە چونكە هیچ چارەسەرێك نیە جگە لەودیدگایەی هاوپەیمانی هێنایە كایەوە و ڕەنگەكانی تێكەڵكرد شكۆی مرۆڤی كردە سەنتەر عەدالەت و حوكمڕانی باشی كردە ئامانج و هاوڵاتی كردە خاوەن بڕیارو دەسەڵات و هەموو ئایدیا و ئاین و ئاینزاكانی پێكەوە كۆكردەوە ،، فەرموون باپێكەوە بەردەوام بین چونكە دیدگای نیشتمانی تەنها موڵكو تاپۆی هاوپەیمانی نیە بەڵكو بەری ڕەنجی دەیان ساڵی هەموو ماندوو نەناسی خەباتگێڕێكی ئەم نیشتمانەیە ، چوارساڵمان لەبەردەستەو هەموو پرۆژەیەكی جوان گەورەو پڕئومێدی تێدا دێتە بەر...
  محمد ڕەئوف محمد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی