بزووتنەوەی شیوعی لەهەرێمدا بەرەوكوێ؟

28/10/2018

بهاء الدین نوری

پاش بڵاوكردنەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم چەند كەسێ ، كە پێدەچێ ئەندامی حشكع بن ، ناڕەزایی خۆیان دەربڕی ( لە فەیسبووكدا ) و داوای دەستلەكاركێشانەوەی پەرپرسانی ئەو حیزبەیانكرد ، بۆ ئەوەی كادری تازەی گەنج بچنە جێگەیان . منیش وتارێكم بڵاوكردەوە ، باسی لاوازبوون و تێشكانی حشكعم كرد ، هۆكارەكەم خستە ئەستۆی هاوڕێی كۆچكردوو عەزیز محەمەد كە لە ١٩٦٤ هەڵبژێردرا بە سكرتێری حشع و بۆ ٢٩ ساڵ هەر لەوپۆستەدا مایەوە ، پاش ئەوەش هەتا ٢٠١٧ بەكردەوە هەر بەرپرسی یەكەم بوو . تا ئێستەش قوتابیانی قوتابخانەكەی ئەو بزووتنەوەی شیوعی بەڕێوەدەبەن ، چ لە عێراق و چ لەهەرێم . لەم پەنجا ساڵەی ڕابردوودا سەربەخۆیی سیاسی خۆیان لە دەستدا و لە حەفتاكاندا  چوونە بەرەیەكی كلكایەتی لەگەڵ رژێمی سەدام حسێن و لە هەشتاكانیشدا بوونە پاشكۆی قەومیەكانی كوردستان و پێشمەرگەكانیان خزاندە نێو شەڕی براكوژی پارتی و یەكێتی . ئەم دووهەڵە كوشندە بەسبوو بۆ ئەوەی حشع لە حیزبێكی سیاسی گەورەوە ببێ بە حیزبۆكەیەكی وەك ئەوەی ئەمڕۆ دەبینرێ . 
       
ئەمڕۆ خەڵكی چەپخواز لەم وڵاتەدا كەم نین ، هزری چەپ لاوازنیە ، بەڵام كێشەكە لەوەدایە كە ڕێخراوێكی سیاسیان نیە ، كە باوەڕیان بە حشع و حشكع نەماوە . هیچ ڕێخراوێ لەم وڵاتەدا نیە كە بەحیزبێكی چینایەتی كارگەر و ڕەنجدەران حساب بكرێ . كۆمۆنیستی كرێكاری لە توندڕەوی خۆیدا و شیوعیەكانیش لە شلڕەوی خۆیاندا . هیچیان توانای جمووجۆڵی جەماوەرییان نیە و پشتگیری میللییان نەماوە ، كۆمۆنیستی كرێكاری بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا نەكردووە چونكە دەزانێ كەناتوانێ دەنگی یەك كورسی بێنێ ، حشعكیش لە ١٩٩٢ وە بە ( ٢١١٢٣ ) دەنگ دەستی پێكردو هەموو هەڵبژاردنێ كەمی كرد تا ئەم هەڵبژاردنەی دوایی بوو نە ٨ هەزار ، واتە نیوكورسی .  
      
ئەگەر حشكع بە شێوەیەكی ڕاست و دروست بجووڵایە دەبوو خۆی ، دوای راگەیاندنی ٨ هەزار دەنگەكە ، موناقەشەیەكی شەفافی دەستپێبكردایە و بڕیاری بەستنی كۆنفراسێ یان كۆنگرەیەكی ناوەختی بدایە بۆ لێكۆڵینەوەی ئەم پرسە و هەڵێنجانی دەرەنجامی سیاسی . بەڵام ئەوی ڕەچاوكرا بێدەنگی سەرجەم سەركردە و كادری حیزبەكەیان بوو بەرانبەر بەم فەشەلە . یەك كەسیان قسەی كرد ، ئەویش بۆ پاساوی ئەم فەشەلە زەقە ، وتی " لەم دۆخە جەنجاڵەدا هەشت هەزار دەنگ زۆرە " !! واتە ئەوە زۆرە كەبەشی نیوكورسی حشكع لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا بەدەستی هێناوە !
     
بەڵێ هەشت هەزار دەنگ زۆرە بۆ حیزبێكی تەمەن ( ٨٤ ) ساڵ كە پێش ( ٦٠ ) ساڵ ئەگەر هەڵبژاردنێكی خاوێن لە عێڕاقدا بكرایە ٪ ٦٠ سەرجەم دەنگەكانی بەدەست دەهێنا ، كەلەساڵی ١٩٥٢ بە ڕاپەڕینێكی جەماوەری دەستی گرت بەسەر بەغدادا و بەكودەتای سەربازی نەبوایە رژێمی پاشایەتی خۆی بۆ نەدەپارێزرا !! . بەڵێ ٨ هەزار دەنگ زۆرە بۆ حشكع ، لەكاتێكدا  كە نەوەی نوێ پێش یەك ساڵ ، لەریفراندۆمی ٢٥ ئەیلولی ٢٠١٧ دا دروستكرا و ئێستە ٨ كورسی لە پەرلەمانی هەرێمدا و ٤ كورسی لە پەرلەمانی عێڕاقدا هەیە !
     
دەبێ شیوعیەكانی كوردستان ئەو ڕاستیە بزانن كە لەدوڕیانێكدان ، یان نۆژەنكردنەوەی حیزبەكەیان یان دەگەنە ئاشبەتاڵی تەواو . 

بەهادین نوری 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی