یەكێتی زۆری دۆڕاندووە و هێشتاش ماویەتی

29/10/2018

رێبوار کەریم وەلی

 (1)
ئامانجی سەرەكی پێداگری سەرۆك بارزانی لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆماریدا، درێژەپێدەری ئامانجەكانی ئەنجامدانی ریفراندۆم بوو لە ئەیلولی پارساڵ، كە ئەویش بریتی بوو لە پابەندكردنی دامەزراوەكانی بەغدا بە جێبەجێكردنی دەستوور. ئەگەرنا لە خولەكانی رابردووشدا و تەنانەت ئەمجارەش كۆمەڵگای نێودەوڵەتی پشتیوانی ئەوە بوون كە خودی سەرۆك یان جێگرەكەی ئەو پۆستە وەربگرن. بەڵام ئەنجامدەرانی 16ی ئۆكتۆبەر، پتر لەوەی خزمەتیان بە یەكێتی كردبێت، هێندەی دیكە ماڵی یەكێتییان وێران كرد. رۆژی سوێندخواردنی كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی، یەكێتی بۆ وەرگرتنی وەزارەتێك دەپاڕایەوە، تەنها ناوی وەزارەت بێت! وەڵامەكەی عەبدولمەهدی ئەوە بوو، بڕۆن رەزامەندیی سەرۆك بارزانی وەربگرن!

ئەوە جیا لەوەی كە لەناو هۆڵی پەرلەمان هیچ حیسابێكیان بۆ سەرۆككۆمار نەكرد و بەخێرهاتنیان نەكرد! دوایین پێشنیازی پارتی بۆ یەكێتی لە رۆژی 2ی ئۆكتۆبەردا ئەوە بوو كە لە بەرامبەر پۆستی سەرۆككۆماریدا ( ئەگەر پێش ئەوە بە تەوافوق لەگەڵ بارزانیدا كردبایان رەنگبێ بگەیشتبانایە نەتیجەش) هەموو پۆستەكانی بەغدا بدرێنە یەكێتی و، تەنانەت لە كوردستانیش دوو ساڵ سەرۆكایەتی حكومەتیان پێ بدرێت. قەبوڵنەكردنی ئەو تەكلیفەی پارتی ئەمڕۆ یەكێتی بە دەردێكی وا بردووە كە لەڕووی سیاسییەوە خۆی ئەتك كردووە. یەكێتی لە هەموو پڕۆسەی سیاسی لە بەغدا تا ئێستا پۆستی سەرۆككۆماری دەستكەوتووە (ئەویش بۆ كەسێك كە پار ئەو دەمانە لێیان جیابووەوە و حزبێكی دیكەی دانا) و ئۆفیسێكی ئیشكردن بۆ پاڤڵ، لاهور و ئاراس كە لەوێ خەڵك ببینن و مامەڵەی بازرگانیی خۆیان بەڕێوەبەرن. هەموو شانازییەكەش ئەوەیە كە گوایە بەربژێرەكەی بارزانییان شكست داوە! ئەوان نازانن كە دكتۆر بەرهەم بەس پێویستی بەوە هەبوو حزبێك لە پەرلەمان پشتیوانیی بكات، ئەگەرنا دەمێك بوو ئەوە بڕابووەوە كە دەبێتە سەرۆككۆمار. خۆ ئەگەر لە هەڵبژاردنەكانی مانگی پێنج، شەش حەوت كورسی هێنابایە قەت رووی لە یەكێتی نەدەكردەوە. بۆچی پێش هەڵبژاردن تەكلیفی ئەوانی بۆ پۆستی سكرتێری گشتیی یەكێتی و بەربژێری سەرۆككۆمار قەبوڵ نەكرد؟! كە كەمێكی دیكە گەورە بوون تێیدەگەن! لەوەش تێدەگەن كە ئەگەر كەسێك لە بەغدا سەرۆك بارزانیی لەپشت نەبێ، چی پێدەكرێت. شكاندنی دڵی بارزانی باجەكەی قورسە، مالیكی و عەبادیش شاهیدن.

نیو جەلالییەكان
(2)
جەلالییەكان لە رابردوودا ناكۆكیی خۆیان لەگەڵ بارزانیی باوكدا كردە كێشەیەكی قووڵی سیاسی، ئیقلیمی و كۆمەڵایەتی. لەو پێناوەشدا پەنایان بۆ هەموو رێكارێك برد. لە كۆتاییدا مودیری مەدرەسەكە ئیستیقالەی دا و پەشیمانیی خۆی لەو دابڕانە دەربڕی.

ئەو جیلەی تازە كەوتوونەتە بازاڕەوە، سەرۆك بارزانییان لێ بووە بە مەلا مستەفا و خۆشیان لێ بووە بە تاڵەبانی و برایم ئەحمەد! بەو جیاوازییەی كە لەناو خۆیاندا ئەگەر پێشتر رۆڵیان دابەش كردبێت، ئەمجارەیان بەناوی خزمایەتی و برایەتی خەریكی ملشكاندنی یەكترین. دوایین پێشنیازی پارتی لە بەغدا لە بەرامبەر كشانەوەی بەربژێری یەكێتی (سەرباری ئەوەی كە دیار بوو پارتی بەتەنها سەرووی چل كورسی هێناوە)، دوو ساڵ سەرۆكایەتیی حكومەتی بۆ قوباد تاڵەبانی گەرەنتی دەكرد، بەڵام كێشمەكێشی ناو نیوجەلالییەكان و بەرگرتن بە هەڵكشانی قوباد لەناو جەماوەری یەكێتیدا وایكرد كە كۆسرەت رەسوڵیش قەناعەتی بێت و، رێككەوتنەكە لە رێگەی ئەوەوە رەت بكەنەوە. لەو بەینەشدا خۆیان پیاوچاك بكەن. (لاهور و پاڤڵ) هیچیان لەگەڵ ئەوەدا نەبوون كە قوباد تاڵەبانی لە رێگەی هەڵبژاردنەوە ئەو پێگە جەماوەرییەی بۆ درووست بێت. چونكە یەكێتی حەیای هەموو كاندیدەكانی خۆی برد (كەسیان دەنگی تەواوی نەهێناوە و بە دەنگەكانی سەرۆكی لیست دەچنە پەرلەمان)، بەس لە پێناوی ئەوەی كە قوباد زۆرترین دەنگ بهێنێت.

ئێستا شۆی لاهور و پاڤڵ كۆتایی هاتووە و نۆرەی پارتییە كە حكومەت پێكبێنێت. پارتی دایناوە هەر چۆنێك بێت گۆڕانیش لە حكومەتدا بەشدار بێت كە لەو حاڵەتەدا سەرۆكی حكومەت دوو جێگری دەبێت و یەكێتی جێگرێكی بەردەكەوێ. ئەو دوو زاتە كە نەیانهێشت قوباد تاڵەبانی دووساڵ سەرۆكی حكومەت بێت، دەبێ تۆڵەی ئەوە بكەنەوە كە قەناعەت بە پارتی بكرێت سەرۆكی حكومەت یەك جێگری هەبێت، ئەویش بۆ رازیكردنی دڵی مامی بچووك، ئەگەرنا دەبێ بچێت ببێ بە سەرۆكی پەرلەمان. بۆیە دوور نییە لە پێناوی ئەوەی سەرۆكی حكومەت یەك جێگری هەبێت، هەموو پۆستە گرنگەكانی كوردستانیش تەسلیمی پارتی بكەن.

بەرهەمی سازان و بەرهەمی ترازان
(3)
تا ئەو كاتەی تاڵەبانی لەلایەن سەرۆك بارزانییەوە پشتیوانیی تەواوی لێدەكرا، هەم تاڵەبانی لە بەغدا سەنگینتر بوو، هەمیش هەولێر ناوەندی بڕیاری سیاسیی وڵاتی بەناو عێراق بوو. كە لە 2012 ەوە ترازان لە روانگای ستراتیژیی هەردووكیان روویدا، پۆستەكەی بەغدا بایەخی نەما، بەڵام هەولێر و بارزانی هەر مان. دیمەنی گەڕانەوەی سەرۆككۆمار بۆ سلێمانی (كە پارتی ناوی ناوە نوێنەرایەتیی یەكێتی لە بەغدا!) گوزارشتە لەو ترازانە قووڵەی كە روویداوە. ئەڵبەتە لە سیاسەتدا هیچ شتێك مەحاڵ نییە و، ناشكرێ هەتا سەر پارتی بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ سەرۆككۆماردا بكات، بەڵام تەنانەت ئەگەر مامەڵەشی لەگەڵدا بكات و پشتیوانیی لێ نەكات، دیسان پێگەكە قیمەتی نییە. رێگای خۆدزینەوە لە ئابڵوقەی پارتی، بە وڵاتانی دەوروبەر و سەفقەی ژێر بەژێر دەستەبەر نابێت. پەیامەكە زۆر روونە، چ لەبارەی كەركووك و چ لەبارەی پەكەكە، بەڵێنەكان هەمووی لەسەر مێزی پارتین و، هیچ موئامەرەیەكی ئیقلیمیش (بە چاوساغیی خیانەتكاران)، لە 16ی ئۆكتۆبەر گەورەتر نییە.

رێبوار كەریم وەلی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی