بەهانەكانی پاشەكەوتی موچە كۆتاییان هاتووە!

30/10/2018

عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

حكومەتی هەرێمی كوردستان جگەلەوەی مووچەی مانگەكانی ( ۹ + ۱۰ + ۱۱ + ۱۲)ی ساڵی ( ۲۰۱٥)ی نەدایە فەرمانبەران ، هات ولەكۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی وەزیران بڕیارێكی نایاسایی دەركرد لەغیابی پەرلەمانی كوردستاندا ئەویش بڕیاری ژمارە ( ٦٤) ی ( ۳-۲-۲۰۱٦)بوو كە ناونراوە بە سیستمی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران وموچەخۆران. كەبەپێی سیستمەكە موچەی فەرمانبەران بەپێی زۆرو كەمی موچەكانیان پاشەكەوت دەیانگرتنەوە بەشێوەیەك كەلە ( ۱٥٪ بۆ ۷٥٪ )ی موچەكانیان بۆیان پاشەكەوت دەكرا.

هەرلەیەكێك لەخاڵەكانی تری بڕیارەكەدا واتا بڕیاری ژمارە ( ٦٤)دا هاتبوو كەحكومەت بەپێی سیستمەكە مانگانەلەكات وساتی خۆیداو هەر (۳۰) ڕۆژجارێك ئەو چارەكە یان نیوە موچەیە دەداتە موچەخۆروفەرمانبەران ، بەڵام ئەمەشیان وادەرنەچوو، زۆرجار مانگ دەبوە (٥۰ -- ٦۰ )ڕۆژو لەهاویندا موچەی بەهارو لەزستانیشدا موچەی پایز وەردەگیرا تەنانەت لەئێستاشدا باس لەوەدەكرێت كە حكومەت بەنیازە موچەی مانگەكانی ( ۱۰+ ۱۱ +۱۲)ی ساڵی ( ۲۰۱۸ ) بەتەواوی پاشەكەوت بكات ، بەمەش ئەم حكومەتە بەتەواوی متمانەی خۆی هەرچەندە هێندەی تاڵەمویەكی ماوە  لەلای هاوڵاتیەكانیەوە لەدەستدەدات وبەدەستهێنانەوەشی كارێكی ئاسان نیەو ئەستەمە .

لەو ساتەدا كە حكومەت ئەو سیستمە عەجیب وغەریبەی داهێنا  هەندێ بیانوو بەهانەی بەدوایەكدا ڕێزكردبوو بۆ دەركردنی بڕیارەكەو سەپاندنی سیستمی نایاسایی پاشەكەوتی موچە ، كە هەندێكیان بریتی بوون لە ؛

ــ بون و بەردەوامی شەڕی گروپی تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق وشام ( داعش) لەهەرێمی كوردستان .

ـــ بوونی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە كەزۆرجار خۆیان واتا بەرپرسانی هەرێم  مەزەندەیان دەكرد بە ( ۱۸۰۰۰۰۰)یەك ملیۆن وهەشت سەدهەزاركەس  .

ـــ نەناردن وبڕینی بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە .

ـــ دابەزینی نرخی سوتەمەنی ( نەوت ) بەڕێژەیەكی زۆرو چاوەڕواننەكراو كەتاكە سەرچاوەی بەهێزی كۆكردنەوەی داهاتی هەرێمی كوردستان بوو .

ــ كەمبونەوەی داهاتی ناوخۆ بەشێوەیەك گەر لەساڵانی پێش شەڕی داعش مانگانە زیاتربوبێت لە ( ۳٥۰)ملیارد دینار، ئەوا دواتر دابەزی بۆ ( ۱۲۰)ملیارد دینار وكەمتر یان زیاتر .

ـــ كەمبونەوەی جموجوڵی بازرگانی و هاوردەو هەناردەی كاڵاوشمەك لەنێوان هەرێم و وڵاتانی دەوروبەرو تەنانەت لەگەڵ حكومەتی ناوەندیش .

لەگەڵ هەندێك بەهانەی نالۆژیكی و ناواقیعی لەوكاتەدا .
بەڵام دوای تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە ، و لەئێستادا مانەوەو بەردەوامی ئەو سیستمی پاشەكەوتەو كۆتایی نەهاتنی تەواوەتی ئەوسیستمە نایاساییە هیچ بیانوو بەهانەیەك هەڵناگرێت ، وگەر درێژەی هەبێت ئەوا جگە لەسزادانێكی گەورەی فەرمانبەران وموچەخۆران لەلایەن حكومەتە خۆماڵیەكەیانەوە  ، زوڵمێكیشە كەدەسەڵاتی كوردی لەهاونیشتمانیانی هەرێمی كوردستانی دەكات ، وەك پێشنینانیش وتویانە گەرهەموو شتێك لەباریكیدا بپچڕێت ئەوا زوڵم لەئەستوریدا دەپچڕێت.

لەئێستاشدا هەموو ئەو بەهانانە كۆتاییان پێ هات كەكرابونە هۆكار بۆ سەپاندنی سیستمی بەناو پاشەكەوتی موچە چونكە شەڕی تیرۆرو ڕووبەڕوو بوونەوەی داعش كۆتاییهات ، زۆرینەی ئاوارەكان گەڕانەوە شاروناوچەكانی خۆیان ، نرخی هەربەرمیلێك نەوت سێ هێندەی ساتی سەپاندنی پاشەكەوتی موچە بەرزبۆتەوەوزیادیكردوە ، مانگانەش چەردە پارەیەكی باش لەناوەندەوە ڕەوانەی هەرێم دەكرێت جگەلەو هاوكارییەی كە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا دەیدەنە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان ، داهاتی ناوخۆش زیادیكردوەو جوڵەبازرگانیەكانیش وەك جاران ئاسایی بونەتەوە .

كورت وپوخت گەر حكومەتی هەرێم وبەرپرسەكانی بەنیازبن بیانووبەهانەی تر بدۆزنەوە یان بهێننەوە بۆ بەردەوامیدان بەو زوڵم وستەمەی چەند ساڵێكە لە فەرمانبەران وموچەخۆران بەتایبەتی وهاوڵاتیان بەگشتی دەیكەن لای هەموان بەتاڵ وپوچەو كەس بەعانەیەكی قەڵبیش نایكڕێت ، چونكە ڕوون وئاشكرایە كەسەرچاوەكانی كۆكردنەوەی داهات لەهەرێمی كوردستاندا هێندە داهاتی لێكۆدەكرێتەوە كەنەك بەزیادەوە بەشی تەواوی موچه دەكات بەبێ پاشەكەوت ، بەڵكو دەشتوانرێت پڕۆژە وەستێنراوەكان و پێدانی پێشینەكانیش بخرێنەوە گەڕو دۆخی هەرێم بگەڕێتەوە دۆخەئاساییەكەی خۆی .

عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی