پارتیی خاتری هەموانی گرت!

30/10/2018

ئەحمەد میرە

پارتیی خاتری هێزە سیاسییەکان و تەنانەت خەڵکی کوردستانی گرت، بەوەی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ (56) کورسیی پەرلەمانی کوردستانیت بۆ خۆی دانەنا، بەڵکو لە ڕێگای پیلانێکی پێشینەی چەند ساڵەوە یارییە سیاسییەکەی خۆی بەسەرکەوتویی ئەنجامدا.
لەم خولەی پەرلەماندا، پارتیی بە کورسیی کۆتا و هەردوو کورسیی بۆ دانراوی لیستی سەردەم و لیستی ئازادیی خاوەنی (58) کورسیی پەرلەمانە. وەک خۆیان دەڵێن ئەگەر لەم خولەی ئێستادا پڕۆژە یاسای ڕەشکردنی ڕەنگی ماست لە پەرلەمان بخرێتە دەنگدانەوەو فراکسیۆنی پارتیی پشتیوانییبکات، دەتوانن لە (کون فە یەکونێک) دا ڕەنگەکەی لە سپییەوە بگۆڕن بۆ ڕەش.
ئەوەی لە هەڵبژاردنی (30) ی ئەیلولدا ڕویدا، چشتێکی نوێ و نامۆ نەبوو، هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە بوون، کە ڕەوتی حوکمڕانیی لە هەرێمدا بە ئاراستەیەکی هێجگار خراب بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە. ئەگەر لە خولەکانی پێشوودا حوکمڕانیی هەرێم لە دەستی دوو حیزبدا بووبێت، ئیتر لەمەوبەدوا سیستەمی حوکمڕانیی بە شێوەیەکی یاسایی کەوتە دەست پارتییەوە.
ڕاستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هیچ جۆرێک بە بێ بەشداریی یەکێتیی نیشتمانیی پێکنایەت، چونکە واقیعی سەربازیی و جوگرافیی و هەرێمیی لە کوردستاندا یارمەتیی حیزبی براوە نادات بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا دەبێت ئەوە بزانین، کە حوکمڕانیی تەنها بریتیی نیە لە پێدانی پۆستە وەزارییەکان و جێگری سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی پەرلەمان و پۆستە کارگێڕییەکانی تر، بەڵکو کاکڵەکەی بریتییە لەو یاسایانەی، کە زۆرینەی پەرلەمانیی لە کوردستان پەسەندیاندەکات، لە هەموویشی مەترسیدارتر دەستوری هەرێمی کوردستانە، کە ئەم جارە پارتیی بە ئاسانیی وەک ئەوەی، کە خۆی دەیەوێت، تێیدەپەڕێنێت. بەکورتیی؛ گزیکاریی و بەشدارینەکردنی خەڵک و لاوازیی نەیارەکانی، پارتییان کردە هێزی یەکهەم و خاوەن بڕیاری هەتاهەتایی لە هەرێم. 
یەکێکی تر لەو خاڵانەی، کە دەبێت لە ئەنجامی هەڵبژاردنی کوردستان لەسەری بوەستین، ئەوەیە کە پارتیی سەرەڕای بەدەستهێنانی (45) کورسیی پەرلەمانی کوردستان، تەنها (3) کاندیدی لە سنوری پارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانیی و ئیدارەی گەرمیان گەیاندووەتە پەرلەمانی کوردستان، کە دووانیان هیی پارێزگای هەڵەبجەن و دانەکەی تریشیان هیی ئیدارەی گەرمیانە. واتە پارتیی بە مەبەست بووبێت، یاخود بێمنەتیی بێت، هیچ کاندیدێکی لە سنوری پایتەختی ڕۆشنبیریی کوردستان نەگەیاندووەتە پەرلەمانی کوردستان، تەنانەت لەو پۆستە وەزارییانەی، کە لە بەغداد بۆ کورد دانراون و تا ئێستا یەکلاییبوونەتەوە، هیچ کەسێک لە سنوری ئەم پارێزگایەدا پۆستی وەزاریی بەرنەکەوتووەو بەریشیناکەوێت، وەک ئەوەی خەڵکی ئەم ناوچەیە بە هیچ جۆرێک بەشێک نەبن لە بەرنامەی سیاسیی هێزە سیاسییەکان.
یەکێکی تر لە گاڵتەجاڕییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەوەیە، کە (12) ئەندام پەرلەمانی کوردستان ڕێژەی دەنگەکانیان لە خوار (1000) دەنگەوەیە، نیوەی زیاتری ئەندامانی پەرلەمانیش ڕێژەی دەنگەکانیان نەگەیشتووەتە (5000) دەنگ. بۆ نموونە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەم خولەدا بە (194) دەنگ کورسییەکی پەرلەمانی مسۆگەرکردووە. ئەگەر کەسێکی ئاسایی بۆ ئەنجومەنی گوندێک خۆی کاندیدبکات، بەدڵنیاییەوە ئەو ڕێژە دەنگە دەهێنێت! دەبێت ئەندام پەرلەمانێک لەنێو (3250000) دەنگدەردا تەنها (194)، یان (300) یان (500) دەنگی هێنابێت، چۆن دەتوانێت بەرگریی لە مافی خەڵک بکات!

ئەحمەد میرە

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی