پرسی پێکهێنانی کابینەی نۆهەمی حکومەت

31/10/2018

ئومێد جاف


هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە (٣٠ ئەیلولی ٢٠١٨) ئەنجام‌درا، دوای پەسەندکردنی ئەنجامە کۆتاییەکان لە دادگای پێداچونەوەی هەرێم‌و راگەیاندنی ناوی کاندیدە دەرچوەکان لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی. پێویستە لەسەر سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان کە میراتگری بەشێک لە دەسەڵاتەکانی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمە لەماوە (١٠) رۆژدا فەرمانێکی هەرێمی دەربکات بۆ بانگێشتکردنی کاندیدە دەرچوەکان کەلایەن کۆمسیۆنی باڵا ناوەکانیان راگەیەندراوە، بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان.
لەکاتی ئاراستە نەکردنی بانگێشت نامەکەدا، پەرلەمانی کوردستان بە شێوەیەکی ئاسایی لە کاتژمێر (١٢)ی نیوەرۆی رۆژی (١١)هەمین کۆدەبێتەوە لە هۆڵی پەرلەمان لە هەولێری پایتەخت.
دانیشتنی یەکەم بە سەرۆکایەتی بە تەمەنترین کاندیدی دەرچوو دەبەسرێت، کە تەنها ئەرکی بەرێوەبەردنی دانیشتنی یەکەم و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیە پەرلەمان دەبێت.
سەرۆکی پەرلەمان و کاندیدە دەرچوەکان لە یەکەم دانیشتن لە بەردەم پەرلەماندا سوێندی یاسایی دەخوات بەم شێوەیە: " بەخودای گەورە سوێند دەخۆم، کە بەرژەوەندنی گەلی کوردستان و یەکێتی خاک و گەل و شکۆ و ماف و ئازادییەکانی هاوڵاتیان و سامانی گشتی بپارێزم و ئەرکی ئەندامیەتی بەراستی و دڵسۆزییەوە جێبەجێبکەم". ئەگەر هەر کاندیدێک پابەندی سوێند خواردنەکە نەبێت وەک خۆی، پێویستە سوێند خواردنەکە دووبارە بکاتەوە. دوای سوێند خواردن کاندیدە دەرچوەکان دەبن بە پەرلەمانتار، لەو ساتەوە مافەکانیان بۆ فەراهەم دەبێت و ئەرکێکیان دەکەوێتە ئەستۆ.
پێویستە لە ماوەی (٩٠) رۆژ کاندیدی دەرچوو سوێندی یاسای بخوات بەپێی یاسای هەڵبژاردن، بەڵام لە پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان ئەم ماوەیە بە (٣٠) رۆژ دیاریکردوە، لە هەردوو یاساکەدا بە دیاریکراوی هاتووە کە کاندیدێک لە هەمان لیست بەریزبەندی جێگەی دەگرێتەوە، واتە نابێت لە لیستێکی تر کاندیدێکی تر جێگەی بگرێتەوە.
پەرلەمان لە یەکەم دانیشتن بە زۆرینەی دەنگی رەهای (٥٠ + ١) ئەندامانی ئامادەبوو، بە دەنگدانی نهێنی و راستەوخۆ، دەستەی سەرۆکایەتی هەڵدەبژێرێت، دوای کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن. ئەگەر دەنگی دوو رکابەر بۆ یەک پۆست یەکسان بوو، دەنگدان دووبارە دەکرێتەوە، ئەگەر دووەم جار هەر یەکسان بوون، بە تیرو پشک یەکلایی دەکرێتەوە. ئەگەر بۆ پۆستێک تەنها یەک پاڵێوراو هەبێت، بەراستەوخۆ بەناو لێنان پاڵێوراوەکە دیاریدەکرێت بۆ پۆستەکە و رادەگەیەنرێت. سەرۆکی پەرلەمان داوا دەکات لە پاڵێوراوە سەرکەوتووەکان بچنە جێگەی تەرخانکراوی خۆیان.
پاش ناونانی کاندید لە لیستی زۆرینە بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەلایەن پەرلەمانی کوردستان، پێویستە لەسەر سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان کە میراتگری بەشێک لە دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی هەرێمە کاندیدەکە راسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینە وەزاریەکان لەماوە (٣٠) رۆژ تێپەر نەکات.
بەپێی هەموواری یەکەمی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی ژمارە (١ی ساڵی ٢٠٠٥) بە یاسای ژمارە یاسای ژمارە (٢ی ساڵی ٢٠٠٦) پێویست بوو سەرۆکی هەرێم کاندیدی لە سەرۆک و جێگرە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم پێکەوە راسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت وە موچەو دەرماڵەیان بە یاسا دیاری بکرێت، بەڵام لە خولی چوارەمی پەرلەمان دووبارە هەموواری ئەم برگەیە کرا بە یاسای ژمارە (١ی ساڵی ٢٠١٤) کە سەرۆکی هەرێم تەنها کاندید بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت واتە جێگر لەلایەن خودی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دیاری دەکرێت.
بەپێی ئەنجامە سەرەتایەکان هیچ هێزێک ناتوانێت بە تەنها حکومەت پێک بهێنێت، تەنها ئەگەری ئەوە ماوە کابینەی نۆیەم لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، کابینەیەکی توافقی گشتگیر دەبێت، یان لەسەر بنەمای زۆرینەی استحقاقی هەڵبژاردن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی