ئاسایش و ماستی رەش لە هەولێر!

31/10/2018

عەتا کەریم‌


هەولێر، وەك پایتەختی هەرێمی كوردستان پێویستی بە ئاسایش و سەقامگیرییە، پێویستی بە ئاسایشی كۆمەڵایەتیە، ئاسایشی ئاو و خۆراكی دەوێت، ئاسایشی سیاسیی و بازرگانی دەوێت! ئەمانە نەك بۆ هەولێر بە تەنیا، بەڵكو بۆ سلێمانی و هەڵەبجە و دهۆكیش پێویستن! مادام پێویستمان بەم زنجیرە ئاسایشەیە كەواتە لاوازە.
رۆژانە، دۆخی خراپی جۆراوجۆر لە هەولێر و پارێزگاكانی هەرێم لە راگەیاندنەكانەوە دەبیستین و دەبینین، لەسەر كارەساتی گەورەی سیاسیی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و بازرگانی، كە هەریەكێكیان هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوون، یان لاوازی لە سلكی ئاسایشدا، بۆیە ئەگەر ئاسایش هەبێت ئەوا بەر لەوەی ببێتە بابەتێكی میدیایی بیانی، ئەوا دەبێتە جێی شانازی تاكەكانی و دواتریش بابەتی میدیایی ناوخۆیی.
هەندێك كەناڵی ئاسمانی كوردی بابەتێكی پێگەی ئەلیكترۆنی دەیلی مییڵ –ی بەریتانیان والێكرد كە هەولێر لە ریزبەندی پێنجەمدایە لە رووی «ئاسایش و ئارامیی»ەوە!، ئەم بابەتە بە جۆرێك فەیكاوی كرا وەك ئەوەی بڵێیت: « ماستی هەولێر رەشە»!، لە كاتێكدا تایبەتمەندێتی دەیلی مییڵ لە بواری خواردن دایە و هیچ پەیوەندی بە ئاسایش و ئارامییەوە نییە!!، ئەمەش تەنیا چەند ئاماژەیەك دەبەخشێ:
یەك: دۆخی ئاسایش بەجۆرێكە كە پێویست بە چنینی فەیكنیوس دەكات بۆ شاردنەوەی كەموكورتییەكانی ئەو سلكە و فۆكەسی هاونیشتمانیانی هەرێم و هەولێر بەتایبەتی لەسەر رووداوی كونكردنی بۆریی نەوتەكە لەلایەن باندێكەوەبوو كە لەنێوان (هاوڵاتی+ چەند كارمەندێكی ئاسایش)ەوە دروستكرابوو، وەك ئەوەی وتەبێژی حكومەتی هەرێم ئاشكرایكرد!.
دوو: جووتێك كەناڵی ئاسمانی كە بابەتێكی لەوجۆرە لە رۆژی ئاگركەوتنەوەكەی بازاری لەنگەی پایتەخت «ئاوەژوو» دەكەن، لە نەزانییەوە نییە، ناكرێت راگەیاندنكار جیاوازی نێوان (the daily meal) لەگەڵ (daily mail) دا نەكات، كە یەكەمیان بەواتا كوردییەی ژەمی رۆژانەیە، ئەوەی دووەمیان مانای پەیامی رۆژانە یە!.
دیوی راستەقینەی دۆخی ئارامی بەوجۆرە نییە، كە دەبوایە و مافی هاونیشتمانیانی هەرێمە لە لوتكەی ئارامی و ئاسایشدا بن، نەك بە هەواڵی سەراوبنكراو دڵخۆش بكرێن و لەواقعیشدا جۆرێكی پێچەوانەبێت كە دوای 24 سەعات، میدیای ناوخۆی دەسپێكی هەواڵەكانی كوشتنی خاوەنی كافتریایەكی هەولێر بێت لەسەر 25 هەزار دینار و بكوژیش لەلایەن ئاسایش و پۆلیسەوە دەستگیر نەكرێت، یان كاسبكارانی لەنگە خۆپیشاندان دەكەن و گومان لە گڕتێبەردانی بازارەكەیان دەكەن.
راپۆرتە نێودەوڵەتییەكانی هیومان رایتس وۆچ و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ ، بێ پێچ و پەنا چەندینجار باسیان لە خراپی رەوشی مافی مرۆڤ لە هەرێم كردووە و دەیكەن، لە رووی ئەشكەنجەدان و بێسەروشوێنكردن لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەكانەوە، بەڵام لەجیاتی هەند وەرگرتن و راستكردنەوەی هەڵەكان، راپۆرتەكان بە ناراست لەقەڵەم دراون!.
ماڵی دەیلی مییڵ-ی بەریتانی تایبەت بە خواردن ئاوا بێت، كە راپۆرتی لەسەر ئاسایشی خۆراك لە هەولێر و هەر شارێكی دیكەی هەرێم نەكردووە، چونكە بناغەیەكی هێندە فشەڵی هەیە، كە یەك رۆژ ئێران رێگەی نەدا تەماتە بێتە سنووری هەرێم، كیلۆیەك لە 250 دینارەوە گەیشتە دوو هەزار دینار!!، یاخود سەدان كۆمپانیای بیانی لەبەر نەبوونی ئارامی و قەیرانی دارایی هەرێمیان بەجێهێشت و سەدان خواردنگە و كافتیریاش كلیل لە دەرگاكانیان دران، زیاتر لە 600-700 كۆمپانیای ناوخۆییش ئیفلاس و مایەپوچ بوون!!.
ئاسایش و ئارامیش لە هەر شوێنێك هەبێت، ئەوا سەرمایەگوزاری و ئاوەدانی دەبێت!! هەرێمیش هێشتا لە قەیرانی دارایی و ئابووری قورسدا دەگوزەرێ! ئەگەر دەیلی مەیل بیەوێ كاری لەسەر بكات!.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی