لە بیربردنەوەی وێنە گەورەكە.. پاداشتی پەرلەمانتاران بە نمونە

31/10/2018

فەرمان سادق


هەر لەیەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە حزبە كوردستانییەكان ئەوكات ئەزموونی حوكمڕانیان نەبوو، وەزیفەی پەرلەمانتاریان بە وەزیفەی مەدەنی بەستەوە، بەو پێیەش بێت مافی خۆیانە دوای چوارساڵ پاداشتی شەش مانگی خزمەت وەربگرن كە هی ئەوان دەكاتە "8,200,000X6= 49,200,000" واتە 49 ملیۆن و 200 هەزار، جارانی 111 بكەی پێنج ملیار و461 ملیۆن و 200 هەزار دینار.

بەپێی یاسای خانەنشینی بێت هەر فەرمانبەرێك تەمەنی گەیشتە 63 ساڵ و خزمەتی هەبێت مافی خۆیەتی لەكاتی خانەنیشیدا پاداشتی خزمەت وەرگرێت كە مووچەی تەواوی شەش مانگە بەسەر یەكەوە.

ئەو پرسە، وەك هەر پرسێكی تر بووەتە رۆژەڤی فەیسبووك و هەر كەس قسەی خۆی لەسەر دەكات، هەفتەیەكی تر یان دوو رۆژی تر، زنجیرەكە بە پرسێكی تر دەبەسترێتەوە و ئەو لەبیر دەچێتەوە بەمەش سەرنجمان لەسەر وێنە گەورەكە لا دەچێت!

وێنە گەورە، خودی خانەنشین كردنی پەرلەمانتارانە، نەك هەر ئەوان، بەڵكو وەزیرەكانیش. دۆخی كوردستان گەیشتووە بە دوڕیانێك لە مەودای نزیكی داهاتوودا لە هەر تیرەیەك رەنگە دوو بۆ سێ خانەنشینی پلە باڵا هەبێت، وەها بڕوات، شۆڕ دەبێتەوە بۆ هەر خانەوادەیەك! 


ئاخر لە وێنە گەورەكەدا، دیمەنەكە زۆر مەترسیدارە، بەردەوامیشی بە دیوەكەی تر بەردەوامیدانە بە داڕمانی دۆخی دارایی حكومەت كە دواجار بە ویست بێت یان نا، ئەو حكومەتە ئیدارەی كوردستان دەكات كە تۆش تێیدا تاكێكی. بەردەوامیدان بەو دۆخە، لێ چۆڕینە لە بودجەی گشتی، بە دیوەكەی تری دزینی پشكی تۆیە لە بودجەی وەبەرهێنان و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بە ناراستەوخۆش بۆ گیرفانی حزبە! یانی رازیكردنی دەنگە ناڕازییەكانی حزبە لەسەر بودجەی گشتی كە موڵكی هەموومانە.

ئەگەر هەر پەرلەمانتارێك بەپێی یاسا كۆنەكە بە چوار ملیۆن دیناری مانگانە خانەنشین بكرێن، ئەوا مانگانە 444 ملیۆن دینار و شەش مانگ جارێك (بەراوردی بكەین بە پاداشتی خزمەت) دەكاتە دوو ملیار و 664 ملیۆن دینار، بۆیە ئەگەر خانەنیشنی نەمێنێت ئەوا پاداشتی خزمەت خۆی هەڵدەوەشێتەوە، مەگەر لە جێگەیدا پاداشتێكی رەمزی پەرلەمانتاران بكرێن بە بڕە پارەیەكی كەمی سنووردار.

لەشكرێك لە خانەنشینی تایبەت هەن، لەشكرێك راوێژكار هەن لە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتەكان و پەرلەمان و دامەزراوەكانی تر، ئەوانە بە واژوێك لەو سەری دنیا دێن و دەبن بە راوێژكار كە بەشی زۆریان بێ ئیشن، سوودمەند دەبن لە ئۆتۆمبێلی باش لەسەر حیسابی بودجەی گشتی، موچەی باڵا وەردەگرن لەسەر حیسابی بودجەی گشتی، جگە لە دەیان خزمەتگوزاری تریش! هەر بە واژوێكیش، خانەنشین دەبن، هەمان تاس و هەمان حەمام، هەر لە پشكی من و تۆ دەڕوات لە بودجەی گشتی.

هاوكێشەی زانستی ئابووری تەندروست بۆ هەموو حكومەت و وڵاتێك دوو پێوەری سەرەكییە كە دەكرێنە بنەمای داڕشتنی پلان بۆ سێكتەری گشتی و سێكتەری تایبەت و بازاڕی ئازاد، یەكەمیان لە پرسی بودجەی ساڵانەدا چەندە بودجەی وەبەرهێنان زیاتر بێت ئاماژەی ئەرێنی و سەركەوتنی پلانی ئابووری حكوومەت دەگەیەنێت، پێچەوانەكەشی مەترسییە لەسەر داڕمان و دووچار هاتن بە قەرزی نێودەوڵەتی. دووەمیان، بازاڕی ئازادە، چەندە نەختینەت كەمتر بچێتە دەرەوەی سنووری دەوڵەت، بە واتایەكی تر، چەندە خۆ بژێو بیت هێندە پارێزراویت لە گۆڕانكارییە سیاسی و ئابوورییەكانی دنیا، پێچەوانەكەشی چەندە پشت بە هاوردە ببەستیت و زۆرترین نەختینەت بچێتە دەرەوە وەك هەرێمی كوردستان لە دەرزی بگرە تا هەموو شتێك كە بە خەیاڵت دێت، ئەو دەوڵەتە هەمیشە دوو مەترسی لەسەر دەبێت، یەكەمیان گۆڕانكارییە سیاسی و ئابوورییەكانی نێودەوڵەتی، دووەمیان داڕمانی داهاتی دەوڵەت كە پشت ئەستوور بێت بە هەر سەرچاوەیەكی ناوخۆ.

من حەقی پۆستێكی فەیسبووكم نیە كە برادەرێك بە ئامانجێكی سیاسی دەستە جنێوێكی تەڕ دەدات بە نەیارەكەی، یان دەیەوێت پەیامێك بنێرێت تا نەیارەكەی بیر لە كڕینی بكاتەوە! من باسی شتێكی تر دەكەم كە پێی دەوترێت بەژەوەندی گشتی و بە دامەزراوە كردن، بۆیە دەبێت ئەو پرسە بە یاسا رێك بخرێتەوە و گوشار بكرێت هەرچی زووە پلە تایبەتەكان بە پەرلەمانتار و وەزیر و راوێژكار تا دەگات بە خودی سەرۆك وەزیرانیش، لە چوارچێوەی یاسایەكدا رێك بخرێن، تا بكرێت خانەنشینی نەیان گرێتەوە، ئەگەریش هەر خانەنشین دەكرێن با بەرێژەی 20%ی موچەی گشتی یان 40%ی بنەڕەتی بێت. بۆ راوێژكارەكانیش دەكرێت بە گرێبەست رێك بخرێت و ساڵانە بەپێی پێویستی گرێبەستەكە نوێ بكرێتەوە، بەتایبەت ئەوانەی راوێژكارن لە ئەنجومەنی وەزیران و حكومەت.

نامەوێت زۆر درێژ دادڕی بكەم ئەو پرسە قسەی زۆر هەڵدەگرێت، ئەگەر لەیەكەم خولی پەرلەماندا حزبە كوردستانییەكان ئەزموونیان نەبووە، ئێستە لە سای 27 ساڵی حوكمڕانی ئەواندا، هەرێمێكی دەوڵەمەند بە سەرچاوە سروشتییەكان، بە قەد توكی سەری قەرزدارە! ئێستە ئەوان ئەزموونیان هەیە، دەزانن بەردەوامی ئەو دۆخە مەترسییەكەی لەسەر كورتهێنانە بە بودجەی وەبەرهێنان و پڕۆژەكان كە موڵكی گشتین و ئەركە لەسەر حكومەت ئەنجامیان بدات نەك منەت بەسەر خەڵك.

 

فەرمان سادق

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی